هەرێم نیوز
حکومەتی بەشار ئەسەد لە سوریا ڕووخا و حکومەتێکی نوێ هاتووەتە سەر دەسەڵات، کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان کەوتووەتە دۆخێکی هەستیارەوە، "یەکڕیزی" بانگەوازێکی گشتگیری کوردان بوو بۆ ئەم دۆخەی ئێستای ڕۆژئاڤا.
ئەوەبوو مەزڵوم عەبدی و بارزانی بەدیدگایەکی کوردانەوە لە هەولێر کۆبوونەوە و دیدارێکی مێژوویی بەڕێوەچوو، کە هیوا و خۆشی بۆ خەڵکی کورد گەڕاندەوە. خەڵکی ڕۆژئاوا بەئاڵای کوردستانەوە ڕژانە سەر شەقامەکان. لەسەر ئەم کۆبوونەوەیە مەزڵوم عەبدی وتی: کۆبوونەوەکەمان لەگەڵ سەرۆک مەسعود بارزانی جێگەی خۆشحاڵی بوو. هەردوولا لەسەر یەکڕیزیی کوردجەختیان کردووەتەوە.
بارزانی وەک چاوەڕوانی لێدەکرا ڕۆڵێکی گرنگی گێڕا و داوای یەکگرتوویی کوردی لەو پارچەیەی کوردستان کرد و وتی، پێویستە لایەنە کوردیەکانی سووریا بەبێ دەستوەردانی هیچ لایەنەک و بە ڕێکاری ئاشتیانە بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن و لەپێناو زامنکردنی مافەکانیان بە یەکڕێزی و یەکهەڵوێستیی هاوبەش لەگەڵ حکومڕانانی تازەی سووریا بگەنە لێک تێگەیشتن و ڕێککەوتن.
مەیسەم مورادی شرۆڤەکاری سیاسی لەبارەی کۆبوونەوەکەوە لە وتارێکدا کە لە هەرێم نیوز بڵاوکرایەوە دەڵێت: پرۆژەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ، ئەوە دەخوازێت کە ڕێگە بە ئەکتەرە نا-دەوڵەتییەکان وەک کورد بدرێت کە زیاتر بچنە پێشەوە، بۆیە دانیشتنەکەی دوێنێ بە هاوکاری و ئاگاداری ئەمریکا بووە.
هەروەها ڕێبوار حەمەلاو شوانی شرۆڤەکارێکی دیکەیە و دەڵێت: بوون و بەهێزى پێگەى هەرێمى هەرێمى کوردستان وەک قەوارەیەکى متمانەپێکراو لە سەر ئاستى ناوچەیی و نێودەوڵەتیی وا دەکات هەنگاوەکان بۆ پرسى کورد لە بەشەکانى تر و بەتایبەت پشتیوانیکردنیان زیاتر بەرەو پێشەوە بروات ، چونکە لە راستییدا ئەمڕۆ پرسى رۆژئاواى کوردستان پرسێکى گرنگە و پەیوەستیشە بە هەرێمى کوردستانەوە و هەموو گۆرانکارى و پێشهاتەکان کاریگەرى دەبێت لە سەر ئەم بەشەش، بۆیە، یەکرێزى ویەکدەنگى کورد زەرووەتێکى مێژووییە .
بە شێوەیەکى گشتى قۆناغى ئێستاى ئەم گۆرانکارى و پێشهاتە نوێیانە لە هاوسەنگییەکان ، ئەم دیداروکۆبووە مێژووییانە بۆ گەلى کورد وا دەکات هاوکێشەکى باش و بەهێز بۆ گەلى کورد دروست بکات و هەموو و فشارە ناراستەوخۆ و راستەوخۆیانەى وڵاتانى داگیرکەرى کوردستان کەم بکاتەوە و کۆتایشى پێبهێنێت، ئەوەش دەخوازێت هەموو هێزولایەنەکان پشتیوانى بەهێزى هەوڵەکانى سەرۆک بارزانى بن لەم قۆناغە مێژووییەدا بەرەو ئاسۆیەکى روودا و داهاتوویەکى پڕ ئومێد و دەستکەوت.