دواین هەواڵ

وەرزش‌

 10/11/2021

پیکێ دەیەوێ بەیەکجاری واز لەیاریکردن بهێنێ

جیرارد پیکێ، ئەستێرە و بەرگریکاری یانەی بارسێلۆنا پلان بۆ بڕیارێکی چاوەڕواننەکراو دادەڕێژێت، لەبارەی وازهێنانی لە یارییکردن بەشێوەیەکی یەکجاری.

میدیای ئیسپانیا بڵاویکردەوە، پیکێ بیر لەوە دەکاتەوە لە کۆتایی ئەم وەرزە بەیەکجاری واز لە یارییکردن بهێنێت، لەکاتێکدا راپۆرتەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە چاڤی نایەوێت پیکێ لەگەڵ تیپەکەی بەردەوامبێت و رۆڵی گەورەی لە یانەکەدا هەبێت.

دوای دەستنیشانکردنی چاڤی وەک راهێنەری یانەی بارسێلۆنا، پرسیاری زۆر دروستبوو کە نەتوانێت بەشێوەیەکی باش مامەڵە لەگەڵ هاوڕێکانی بکات، بەڵام چاڤی گوتی " چونکە ئەوان هاوڕێمن دەتوانم تووندتربم لەگەڵ ئەوان."

چاڤی بیر لەوە دەکاتەوە رۆڵی هەریەکە لە پیکێ، سێرخیۆ بوسکێس، سێرخی رۆبێرتۆ و خۆردی ئەلبا لە یانەکەدا کەمبکاتەوە، لەکاتێکدا تەمەنی هەمووان بەرەو هەڵکشانە و ئەو ئاستەی جارانیشیان نەماوە.

بیرکردنەوەی پیکێ لە وازهێنان بەیەکجاری لەکاتێکدا کە گرێبەستەکەی لە هاوینی 2024 لەگەڵ یانەی بارسێلۆنا کۆتاییدێت.

جیرارد پیکێ یەکێک لەو یاریزانانەیە کە لە بەشێکی زۆری مووچەکەی خۆشبووە بۆ ئەوەی هاوکاریی یانەکە بکات، بەهۆی ئەو قەیرانە داراییەی تێیکەوتووە.

چاڤی رۆژی سێشەممە سەرپەرشتی یەکەم مەشق و راهێنانی بارسێلۆنای کرد و چەند یاسایەکی تووندی دەرکرد، لەوانەش دەبێت یاریزانەکان کاژێرێک و نیو پێش وادەی دیارییکراو بۆ مەشقەکان ئامادەبن، هەردوو ژەمی بەیانیان و نیوەڕوان لەژێر چاودێریدا خواردن دەخۆن، هەموو ئەوانەی کەمتەرخەمی دەکەن سزادەدرێن، رێگە بە یاریزانەکان نادرێت بەشداری لە هیچ وەرزشێکی دیکەدا بکەن و سواری مۆتۆری کارەبایی ببن.

جگە لەوەش چاڤی داوای لە یاریزانانی بارسێلۆنا کردووە، پابەندی مەشقەکان بن و رۆژانە لە ماڵەوەش مەشقی هونەری و برەودان بە توانای جەستەییان بکەن.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP