هەرێم نیوز
بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆكی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بۆ کۆچی دوایی هونەرمەند، عەبدوڵڵا خەیات، پەیامێکی بڵاوکردەوە و لەپەیامەكەدا پرسه و سەرەخۆشی له بنەماڵە و کەسوکار و دۆست و هاوڕێیانی و له هونەرمەندانی سلێمانی و کوردستان دەکات.
هونەرمەندی دیاری شانۆ و سینەمای کوردی عەبدوڵڵا خەیات، ئەمڕۆ شەممە 4- 9- 2021، دوای نزیکەی 18 رۆژ تووشبوون بە پەتای کۆرۆنا لە تەمەنی 57ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.
دەقی پەیامێکەی بافڵ تاڵەبانی:
بەڕێزان خانەوادە و کەسوکاری ھونەرمەند عەبدوڵا خەیات
ھونەرمەندان و ھاوڕێ و ھونەردۆستان
بە داخ و خەمێکی قووڵەوە ھەواڵی کۆچی دوایی ھونەرمەندی خۆشەویست عەبدوڵا حەمە ساڵح ناسراو بە (عەبدوڵای خەیات)مان پێگەیەشت.
بۆ ئەم خەمە پرسە و ھاوخەمیی خۆمانتان ئاڕاستە دەکەین و بەشداری خەمتانین.
ھونەرمەند عەبدوڵا خەیات، یەکێکبوو لە هونەرمەندە ناسراوەکانی کوردستان، کە خزمەتێکی بەرچاوی لە بواری نواندندا کردووە و کەسایەتییەکی خۆشەویستی شاری سلێمانی بوو.
هیوای سەبووری بۆ خێزان و بنەماڵەکەی دەخوازین و ڕۆحی کاک عەبدوڵا شاد و ئارام بێت.
بافڵ تاڵەبانی
ھاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان