حەیدەر عەبدول ڕەحمان
عەلی نەسیریان ـ سیناریست و شانۆكارو ئەكتەرێكی ناوداری ئیرانیە، لە زنجیرە درامای شەهرەزاد رۆڵی ( بزورگ ئاغا)ی بینیووە، بەهێزترین ئەكتەری زنجیرەكەیە.
ئەو پیاوە نواندنێكی سیحراوی ئەوتۆ دەكات، بینەر لەئاستی هێزو دەسەڵاتی هونەریی و پێرفۆرمانسی نواندنی بەرگە ناگرێت، ئەگەر تەزوو بەلەشیا دانێت .
(عەلی نەسیریان) تەمەنی 87 ساڵە، لەدایك بووی ساڵی 1934 ە، دەرچووی پەیمانگای هونەرە لەتاران، بەڵام تا ئێستاشی لە گەڵ دابێت، لە تۆپ دایەو دەستی نە لەشانۆ نە لەدراماو سینەما هەڵنەگرتووە.
بۆ یەكەمجار ساڵی 1952 چۆتە سەر تەختەی شانۆ، لەچەندین كاری شانۆییدا بەشدار بووە، لەوانە: هەزار داستان، پاسەوانەكانی وێستگەی شەمەندەفەر، میوەی قەدەغەكراوو چەندین كاری درامایی و شانۆیی تر .
بۆ یەكەمجار ساڵی 1969 بەشداری لەفیلمی سینەمایی (مانگا) دا كردووە، لە دەرهێنانی داریوش مهرجونی .
دەربارەی بەشداری كردنی لەزنجیرەی شەهرەزاد دەڵێت:
من خۆم ئارەزووەكی زۆری بەشدار بوونم لەو زنجیرەیەدا هەبوو، چونكە سیناریۆكەی بەلای منەوە سەرنج راكێش بوو، جگە لەوەش من ئاشنا بەتوانای دەرهێنەرەكەی (حەسەن فەتحی) بووم كە چ بلیمەتێكە لەدرامادا، بۆیە ئەو كات ئەو پێشبینیەم دەكرد كە ئێستا بینەران بە چاوی خۆیان دەیبینن.
لەزنجیرەكەدا ئەوەی من زیاتر لەهەموو شتێ بیرم لێ ی دەكردەوە، بەرجەستە كردنی كاراكتەری (بوزورگ ئاغا) بوو كەلای من كاراكتەرێكی زۆر خۆشەویست بوو.
ئەو بازرگانێكی كۆنەپەرست بوو، هەرگیز بڕوای بەخۆشەویستی نێوان فەرهادو شەهرەزاد نەبوو، بۆیە هەمیشە داوای لەشەهرەزاد دەكرد بیر لەخۆشەویستی نەكاتەوە..
لەلایێكی دیكەوە خۆی دابووە پاڵ دارو دەستەی ( شا) و رێگەی ئەوەی نەدەدا كەس زمانی بەخراپە بەرامبەر بەرژێم بجولێ.
ئەویش سوودی زۆری لەوان دەبینی و دەستی تێكەڵ كردبوو لەگەڵیان، بۆ لەناوبردنی ركابەرەكانی لەبازرگانی دا.
كێشەی سەرەكی ئەو ئەوەبوو، كەسی نەبوو جگە لەشیرینی كچی نەبێت بۆ میراتگری و دیوان سالاری، بۆیە شیرینی لە قوبادی برازای مارە بڕی كردبوو، بۆ ئەوەی نەوەیەك بنێنەوە، بەڵام ئەو ئاواتەی ئاغا نەهاتە دی، چونكە كچەكەی نەزۆك دەرچوو.
ئاغا بۆ ئەوەی بێ ئومێد نەبێت، لە بارتەقای ئازاد كردنی فەرهاد لەپەتی سێدارە، شەهرەزادی ناچار كرد، هاوسەرگیری لەگەڵ قوبادی برازای دا بكات، كە لە هەمان كاتدا هاوسەری شیرینی كچی بوو، بۆ ئەوەی مناڵێك بێنێ.
ئیدی ململانێی شەهرەزادو شیرین و قوباد گەیشتە لوتكە، تا وای لێهات سەری بوزورگ ئاغای تێدا بچێ و لە خەفەتان جەڵتە لێی بداو گیان لەدەست بدا .
ئەوەی وای كردووە بزورگ ئاغا لە بەرچاوی خەڵكی كوردستان شیرینتر بێت دۆبلاژە بەهێزەكەی هونەرمەندی گەورە (قادر جەلال ) ە كە دەنگی زۆر یاریدەدەرە بۆ بەرجەستە كردنی كاراكتەری بوزورگ ئاغا.