دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 04/07/2024

د. کرمانج عوسمان: سەرۆک بارزانی عێراق لە تەنگژەیەکی نێودەوڵەتی دووردەخاتەوە

محەمەد جەمال – هەولێر

شارەزایەکی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان باس لەسەردانەکەی بارزانی بۆ بەغدا دەکات و دەڵێ، سەردانەکە گرنگی خۆی دەبێت بۆ چارەسەربوونی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و دوورخستنەوەی عێراق و هەرێمی کوردستان لە تەنگژەیەکی نێودەوڵەتی.

د. کرمانج عوسمان، شارەزای پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە لێدوانێکی بۆ هەرێم نیوز ڕایدەگەیەنێت، سەردانەکەی جەنابی سەرۆک لەو کات و ساتەدا زۆر گرنگە، هەروەها چەندین جار لەمێژووی عێراقدا دەستپێشخەریی چارەسەربوونی کێشەکانی کردووە، بۆیە ئەو سەردانەشی بۆ بەغدا گرنگی خۆی هەیە بۆ چارەسەربوونی کێشەکانی نێوانی بەغدا و هەرێمی کوردستان.

دەشڵێت، لە ئێستادا ناوچەکە بە تەنگژەیەکی نێودەوڵەتیدا تێدەپەڕێت، بۆیە بوونی جەنابی سەرۆک لە بەغدا بە لایەنی کەم ئاگری شەڕ لە عێراق و هەرێمی کوردستان دوور دەخاتەوە کە بەشەڕی ئیسرائیل و حەماس ناودەبرێت، هەروەها ئەوەش نیشانی ئەوە دەدات کە هەرێمی کوردستان هەمیشە بەشێک بووە لە چارەسەر نەک کێشە.

وتیشی، جەنابی سەرۆک هەمیشە ڕۆڵێکی باشی هەبووە لە نزیک کردنەوەی لایەنە عێراقییەکان، کە لە ئێستادا جۆرێک لە لێکترازان لەنێوان لایەنە عێراقییەکاندا هەیە، بۆیە بوونی جەنابی سەرۆک بۆ بەغدا ئەو کێشانەش چارەسەر دەکات و لایەنە عێراقییەکان لێک نزیک دەکاتەوە.

سەبارەت بە پرسی هەڵبژاردنیش وتی، پرسی هەڵبژاردن خۆشبەختانە ڕۆژەکەی دیاری کرا و پێشوازییەکی باشی لێکراوە و هەڵبژاردنیش لەکاتی خۆی ئەنجام دەدرێت، هەروەها سەردانەکەی سەرۆک بارزانی بۆ بەغدا بە دڵنیایی پاڵپشتی زیاتر بۆ پرۆسەکە بەدەست دەهێنێت، بۆئەوەی پەرلەمان و حکومەتێکی تازە دەست بەکاربێت.





Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP