هەرێم نیوز
وەزیری دەرەوەی ئیران بە سەردانێک لە لوبنانە و رایدەگەیەنێت: وڵاتەکەی لە پاڵپشتیکردنی موقاوەمە بەردەوام دەبێت.
حسێن ئەمیر عەبدوڵاھیان وەزیری دەرەوەی ئێران لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە بەیروت ڕایگەیاند، ئاسایشی لوبنان بۆ ئەوان ھاوشێوەی ئاسایشی ئێران و ناوچەکەیە، پێویستە ئەمریکا بوەستێت لە پشتیوانیکردنی ئیسرائیل لە ململانێکانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست.
ئاماژەی بەوەشکرد: وەکو ئێران بەردەوام دەبن لە پشتیوانیکردنی بەھێزی لوبنان و گروپە چەکدارەکان، بۆ بەرپەرچدانەوەی ھێرشەکانی ئیسرائیل لە ناوچەکە.
عەبدوڵڵاهیان وتی، ئاسایشی لوبنان بە ئاسایشی ئێران و ناوچەکە دەزانن و بە هەموو تواناوە هەوڵی پاراستنی دەدەن.
ئەوەشی خستەڕوو، رژێمی زایۆنی تا ئێستا هیچ کام لە ئامانجەکانی نەپێکاوە و بە تەواوی لەم شەڕەدا شکستیهێناوە.
بەهۆی پشتیوانیکردنی ئێران لە گروپە چەکدارەکان لە ماوەی پێشودا، ئیسرائیل و ئەمریکا چەندین جار گورزیان لە ئێران وەشاندوە و بەم هۆیەوە چەندین سەرکردەی گروپە چەکدارەکان لە سوریا و عێراق کوژراون.
ئەمەش لە کاتێکدایە، لەدوای هێرشەکانی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە 7ی تشرینی یەکەمی پار، ئێران پشتگیری لە هێرشەکانی حەماس کردووە و هەروەها پاڵپشتی هێرشی حووسییەکان بۆ سەر کەشتیەکانی نێو دەریای سوور کردووە.