دواین هەواڵ

وەرزش‌

 07/02/2024

هۆکاری سەرەکی جێهێشتنی کلۆپ لە لیڤەرپوول ئاشکرابوو

هەرێم نیوز

ئاشکراکردنی هۆکاری سەرەکی پشت بڕیارەکەی کلۆپ بۆ جێهێشتنی لیڤەرپۆڵ ،یۆرگن کلۆپی ئەڵمانی لە مانگی یەکی ئەم ساڵدا هەموو جیهانی تووشی سەرسوڕمان کرد کاتێک ڕایگەیاند لە کۆتایی ئەم وەرزەدا یانەی لیڤەرپۆڵ جێدەهێڵێت.

ڕاهێنەرەکە لە ساڵی 2015 گەیشتەکەی لە ئەنفێڵد دەست پێکرد، گرێبەستێکی نوێی واژۆکرد بۆماوەیەکی درێژ و تا ساڵی 2026، بەڵام کاتێک بڕیاریدا لە ساڵی 2024 یانەکە بەجێبهێڵێت هەموانی توشی سەرسوڕمان کرد.

ڕۆژنامەی "میترۆ"ی ئینگلیزی لە وتارێکی تایبەتدا باسی لە دیارترین دەستکەوتەکانی ڕاهێنەرە ئەڵمانیەکە کرد کە لە 9 وەرزدا لەگەڵ یانەی سوورەکان بەدەستیهێناوە، هەروەها پەنجەی خستە سەر هۆکاری سەرەکی پشت بڕیارەکەی یۆرگن کڵۆپ.

کلۆپ لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا بە هاندەرانی یانەکەی وتووە: ئەمە منم، و هەموو شتە تایبەتەکانی ژیانی وەرزشیم بەدەست هێناوە، چونکە خۆم بووم، بەڵام ئەمڕۆ هەست بە باشی ناکەم. نوێکردنەوەی گرێبەستەکەم بە ڕەزامەندی 100% خۆم بوو وە پێم وابوو بە هەمان وزەو ئیرادە و سۆزەوە تا ساڵی 2026 دەتوانم بەردەوام دەبم لە گەشتەکەم لەگەڵ یانەکە، بەڵام ئێستا هەموو ئەمانەم لەدەستداوە ،هەست دەکەم وزەم تەواو دەبێت بۆیە بڕیارمدا بوەستم.

ڕۆژنامەکە دووپاتی دەکاتەوە، ئەو فشارانەی کە کرایە سەر کلۆپ دوای ئەو وەرزە خراپەی لیڤەرپوڵ پێیدا تێپەڕی و سەرنەکەوتنیان بۆ چامپیۆنزلیگ و ڕۆیشتنی سێ یاریزانی گرنگی پێکهاتەکەی "هێندێرسۆن و فابینیۆ و فیرمینۆ" بەس بوون بۆ لاوازکردنی خولیای ڕاهێنەرەکە، بەڵام پیاوە ئەڵمانیەکە سەرسوڕمانی خۆی نیشاندا و لە ماوەیەکی کەمدا گەڕایەوە بۆ ڕکابەرییەکان، لە ئێستادا پێشەنگی خولی نایابی ئینگلیزییە و هەموو ئەوانەش بە ئاسانی بەدەست نایەت.

سەبارەت بە پێگەی یانەکە لەم وەرزەدا سەرەڕای دۆڕانی بە ئارسناڵ لە باشترین ئاستی خۆیاندان و پێشەنگی خولەکەن،هەروەها لە یاری کۆتایی کاراباوکەپ دان و تا ئێستاش لە جامی یەکێتی ئینگلتەرادا کێبڕکێ دەکەن و لە خولی ئەوروپادا ڕکابەری دەکات.

کلۆپ هەموو ئەمانەى بۆ یاریزانەکان باسکرد و هیواى خواست کە بە نازناوێک یان زیاترەوە یانەکە بەجێبهێڵێت، بەڵام دووپاتیکردەوە کە دەستوەردان ناکات لە دیاریکردنی ناوی ئەو کەسەی لەگەڵ یانەکەدا جێنشینی دەبێت، بەڵام سوورە لەسەر ڕادەستکردنی تیپێکی بەهێز و پاڵەوان.

سەبارەت بە ڕاهێنەری داهاتووی یانەکە، کلۆپ وتی: نەخێر، من لەو کارەدا یارمەتیدەر نابم. دوا شت کە پێویستیان پێیەتی ئامۆژگاری پیاوێکی پیرە. لە ژیانی وەرزشیمدا زۆر شت هەیە کە بۆچوونی خۆمم لەسەر نەداوە، لەوانە یاریزان و ڕاهێنەر، ڕەنگە باوەڕم پێ نەکەن، بەڵام زۆر شتم شاردووەتەوە و هیچ کێشەیەکم لەگەڵ ئەوەدا نییە.

کلۆپ کۆتایی بە وتارەکەی هێنا و هیوای باشترینی بۆ لیڤەرپۆڵ خواست لە کاتەکانی داهاتوودا و ئاماژەی بەوەدا کە دەیەوێت بە باشترین شێوە کۆتایی بە ژیانی وەرزشی خۆی لەگەڵ یانەکە بهێنێت و بە کێبڕکێکردن لەسەر هەموو ئەو نازناوانەی کە لەم وەرزەدا هێشتا لەبەردەستی یانەکەدان ،کلۆپ دووپاتی کردوە ڕاهێنەری هیچ یانەیەکی ئینگلیزی ناکات لەداهاتوودا تەنانەت ئەگەر نانیشی نەبێت بیخوات

ڕۆژنامەی میترۆ



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP