نەجات نوری
هەڵدانەوەی لاپەڕەكانی مێژوو بۆ ناكۆكی نێوان ڕۆشنبیران و دەسەڵاتداران، دەمانخەنە بەردەم دەیان وێنەی دژوار و پرسیاری گرانەوە، لە مێژووی دەسەڵاتدارە ستەمكار و خۆسەپێنەكاندا كەم نەبوون ئەو ڕەوە تیمساحانەی بە ناهەق بە هەموو هێزی خۆیانەوە پەلاماری قەڵەم و كتێب و گیانی ئەو نووسەر و ڕۆشنبیرانەیان دەدا كە ئەوان بە بۆق ناویان دەبردن لە زەلكاوی دەسەڵاتەكەیاندا، بەڵام دواجار ئەوە ئەو ڕۆشنبیر و نووسەرە بۆق ئاسایانەبوون كە لەگەڵ هەموو چەوساندنەوە و ئازار و نەبوونی و مەرگیاندا تیمساحەكان بۆقەكانیان بۆ قووت نەدران و سەربەرزانە ناویان لە مێژووی ئەدەبدا بەدەركەوت،
خۆ ئەگەر لە ژیان و مەرگی (بۆلگاكۆف و پلاتونۆف و ماندلشتام و بابل)ی سەردەمی دەسەڵاتە تۆقێنەرەكەی ستالینەوە بگەڕێینەوە بۆ ناكۆكی نێوان دەسەڵات و ڕۆشنبیران كە بەچ قۆناغێكی ترسناكدا گوزەری كردووە و لە پەنا هێزەدڕندەكانی دەسەڵاتدا بە دەیان بیرمەند و نووسەر و ڕۆشنبیر لەپایی نووسینەكانیان تەفروتووناكراون، بەو بەڵگانە دەگەین كە خۆی لە خۆیدا وەها دەردەخەن هەموو بیروبۆچوونەكان لەلای دەسەڵاتە خۆسەپێنەكان دەبێت بخرێنە بەرژەوەندی كەسەكان و كایەكانی دەسەڵاتی ئەوانەوە و نابێـت نووسین و نووسەران جگە لە ستایش هیچی تر وەكو دەقی ڕەخنەی و دژ بەوان بنووسن، ئەمە بۆ زۆر لە نووسەرانی ئازادی خواز لە هیچ كاتێكدا مایەیی قبووڵكردن نیە و ناتوانن وەكو سیخۆڕ و بەكرێگیراو و كۆیلەی بەردەم دەرگای كەسە خۆسەپێنەكان بژین و بنووسن، بۆ گەڕانەمەوەیشمان بۆ سەردەمی دەسەڵاتەكەی ستالین و نموونەكانی وەكو ئەو هەمیشە تیمساحەكان شكستیان خواردووە لە خواردنی بۆقەكاندا و نەیانتوانیوە كۆتاییان پێ بهێنن،
لە دواجاردا ئەو دەسەڵاتەی پشتی بە ئیرادەی سەربازی و سیخوڕی نووسەران و كردنەوەی زیندان و سەربازگە و سووتاندنی كتێب و داخستنی دامودەزگا ڕۆشنبیرەكان و بەرەنگاری ڕۆشنبیرە هەقبێژەكان بەستبێت، جگە لە شكست هیچی تری بۆ نەكراوە، لەو وڵاتانەی ڕۆشنبیر و كتێب ئازادیان هەبووبێت هەر لەوێ دەسەڵات و خەڵكی باش بوونیان هەبووە، لە كوێ نووسەران لەگەڵ خۆیاندا ڕاستگۆبووبێتن و دەسەڵاتدار گوێی لێ گرتبن هەر لەوێ وڵاتێكی باش بوونی هەبووە، لەگەڵ ئەوەشدا لە كوێ نووسەرانی دەبەنگ و مشەخۆر و سیاسی خراپ یەكیان گرتبێت هەر لەوێ ئەو دۆزەخە هەبووە كە هەم دەسەڵات خۆی و هەم خەڵكیش باجەقوورسەكەیان داوە، لە كرۆكی دەسەڵاتدا ئەگەر ڕۆشنبیری باش بوونی هەبێت،
ئەگەر دەسەڵاتدار گوێگری ڕەخنە و بۆچوونەكانی نووسەران بووبێت لەوێ نیشتیمانێكی ئازادبوونی هەبووە، بەڵام ئەگەر دەسەڵاتدار درۆی كردو پشتی بە وشەی موبارەكی بێمانای هەندێ لەنووسەرانی مشەخۆری دەوورووبەری گرت ئا لەوێوە ئیتر وردە وردە داڕمانی دەسەڵاتەكەی دەست پێدەكات، لەوێوە گیانی نوسەران و ڕۆشنبیرە ئازادی خوازەكان دەكەوێتە بەردەم شەپۆلی تووندوتیژی و لەناوبردنەوە، وەكو چۆن لە ناو هەموو دەسەڵاتە ستەمكارەكاندا سیاسیە ناڕۆشنبیرەكان گوێ بۆ ئەو تۆمەتانە دەگرن كە كۆلكە نووسەرەكانی دەوریان بۆ ڕۆشنبیرە ئازاو بووێرەكانی دادەتاشن و بە گرتیان دەدەن و ئەوانیش دەیان تۆمەتی بێ بنەما بۆ گرتن و لەناوبردنیان دەهێنەوە، ئاوا لە ژێر ناوی دەیان تۆمەتی پووچدا هەزاران ڕۆشنبیر و نووسەری بوێر كرانە قوربانی، بەڵام لە كۆتاییدا یەك یەك جەلاد و نووسەرەمشەخۆرەكان لەگەڵ كەوتنی دەسەڵاتە چەوسێنەرەكانیاندا بوونیان خراپە زبڵدانی مێژووە، بەرهەم و ناوی هەزاران نووسەری چەوساوە و كوژراو گەیشتنە ناو گەلانی ئازادی خواز و حورمەت لە دەق و ناویان گیراو بوونە نیشانەی مەزن بۆ گەلەچەوساوە و ستەمدیدەكانیان... بەمەش هیچ كاتێك تیمساحەكان نەیانتوانی لە زەلكاوی دەسەڵاتدا بۆقەكان قڕبكەن.