دڵدار، بە مەستی و بێزارییەکی قوڵەوە، شیعر بۆ ئەحمەد کایا دەخوینێتەوە! تا ڕادەی ماندوبوون، پاشتر، بەدەم خوێندنەوەی شیعرەوە، وەنەوز دەیباتەوەو دەنوێت! ئەحمەد کایاش، بە خۆی و سازەکەیەوە، خەوەکەی خۆشتر دەکات و تا بێزار دەبێ، بەردەوام دەبێ لە گۆرانیوتن! لەکاتێدا ئەم شاعیر و گۆرانیبێژە، لە دوو سەردەمی جیاوازدا، لە دو وڵاتی جیاوازدا ژیاون! بە جۆرێ ئەو رۆژەی (دڵدار) لە هەولێر دەمرێت، نۆ ساڵ پاش ئەو مردنە، لە شاری(مەلەدیی) باکوری کوردستان "ئەحمەد کایا" لە دایکدەبێت!
یەکتربینینەکەش، بەم شێوەیەیە:
(ئێوارەیەکی درەنگی زستان، ئاسمان لێڵ، نە تاریک و نە ڕوون. لە تەنیشت قەرات، لەکن گەڕەکی عارەبان، لە ژێر دڵۆپەی ئاوی پاساریی ئەو ڕیزە ماڵە کۆنەی دێتەوە بەردەم دەروازەی سەرەکی قەرات. "ئەحمەد کایا" بە خۆی و ڕینکۆتێکی شینی تۆخ، قژە لولەکەی دڵۆپی باران، زیاتر ئاڵۆسکاوتریی کردبوو. بە خێراییەکی زۆر، بەرەو ئەو سەری شار دەڕوات.
لە ژێر پاساری خانووەکاندا، چەند خەمی تەڕبوونی خۆیەتی، زیاتر هی ئەو "سازە"ی شانییەتی، کە ئاڵاندوویەتی لە بەرگێکی چەرمی ڕەشباو، بە وریاییەکی زۆرەوە، لە لەتەڕبوونی باراناو دەیپارێزێت. جارجار دڵۆپەی پاساری خانووەکان، لەسەر سەری زیاتر دەبێ، تا دڵۆپەکان زیاتر بیدەن لەقژە لولەکەی، قاچەکانی خێراتر هەنگاو دەنێن.. ئەم ئێوارە درەنگە، بەو خێراییە زۆرەو لەو سەردەمەی هەولێردا، چی بووبێ و چی رویدابێت، وا ئەو سترانبێژە، بەو خێراییە بەرەو ئەو سەری شار دەڕوات؟ ئەمە پرسیاریی چەند کەسێ بوو، کە بە ئاڕاستەی پێچەوانە کایا، بەرەو ماڵەوە دەگەڕانەوەو لە سەیرکردنی "کایا" لەیەکتریان دەکرد.!
کە لە قەراتێ دەرچوو، بە جۆرێ پشتی کەوتە قەرات و بە ئاڕاستەی ئەو سەری شار، بەو خێراییەی پێشوو بەردەوامە لە ڕۆشتنە خێراکەی.... گەیشتە ئەو چایخانە کۆنەی کە جگە لە چایچییەکە، تەنها گەنجێکی لێبوو. گەنجێکی باریکەلەی دەموچاو درێژ، تەمەنی نزیکەی ٣٠ ساڵ دەبێ، لەسەر کورسییەکی تەختە دانیشتووە، تەپڵەکێک لەبەردەمیدا، جگە لە پیاڵەیەک چا، باوەشێ لاپەڕەی پەرشی لەسەر داناوە. ئەو گەنجە پاڵتۆیەکی گەورەی لەبەردابوو، لە چاوەکانیدا، هێمایەکی قوڵی چاوەڕوانی تێدا دەبینرا. ..
ئێوارەیەو لەو شەقامەدا، تاک و تەرا، خەڵک و ڕێبوار دەبینران. هەر بۆیە ئەم یەکتر بینینەش، جێگەی سەرنجی کەس نەبوو! پاش ماچ و موچ و باوەشکردن بە یەکتردا، لەم ئێوارە ساردەی زستاندا، شیعریی "دڵدار" و گۆرانییە غەمگینەکانی "کایا" دڵی شاریان پڕ کرد لە ژیان. ئەوەی بیرم مابێ لەو چەند گۆرانییەی کایا، دواهەمین گۆرانییان زۆر کاریگەربوو. بەجۆرێ هەست و سۆزێکی قوڵی تێدا دەبینرا، وەک ئەوەی بڵێی وشەی گۆرانییەکە، لە ڕۆح دێتە دەرەوە، نەک لە زار! لەساتی وتنی گۆرانییەکەدا، ئەحمەد کایا،خۆشی لەگەڵ دەنگی میلۆدیی و ئاوازیی سازەکەدا، سەمای دەکرد:
واز لەگۆرانییە کۆنەکان بێنە
لەو بەھارە مەدوێ
کە لەمێژە نەھاتووە!
شتێکم پێ بڵێ، نەزانم!
زۆر بێزارم لەو ھەموو چیرۆکە کۆنە.....
لە کتێبی ساتێ پێش بیرچوونەوە/کامەران سوبحان