رێبوار حەمەلاو شوانى
هەر چەندە دەسەڵاتدارانى عێراق لەماوەى 15 ساڵى رابردوو ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بەهۆى کارتى سیاسى و ئابوورى و بەکارهێنانى هەندێک لایەنى کوردى هەمیشە خەونى لێدانى سەنگ وپێگەى هەرێمى کوردستانیاندا ، بەڵام خەون وهەوڵەکانیان سەرکەوتوو نەبوو ، بەتایبەتى ڕێککەوتنى ستراتیژى وزە لە نێوان کوردستان و ئەمەریکا ،دەسەڵاتدارانى عێراق و ئێران زیاتر هان دا تا گوشارەکانیان دژى هەرێمى کوردستان بەڕێگەى کارتى ئابوورى و دارایی و هیڕشى مووشەکى و درۆنى و دەستوەردانى ناوخۆیی چڕتر کردەوە .
ئەوەى لەماوەى رووداوەکانى 13ى حوزەیران و شەڕى نێوان ئێران و ئەمەریکا و ئیسرائیل ڕوویدا ، ئێستا ئەو هێرشانە بە ڕێگەى درۆنى بۆمبرێژکراو بۆ سەر کێڵگە نەوتى وغازییەکان زیاتر کردووە ، مەرام لە زیادبوونى ئەو هێرشە تیرۆریستیانە بەڕێگەى درۆنەوە بۆ سەر کێڵگە نەوتییەکانى کوردستان، لەم کات و ساتەهەستیارەدا لەلایەک زیاتر ئاڵۆزکردنى پەیوەندییەکانى هەولێر و بەغدا و شکستپێهێنانى گفتوگۆ و ڕێککەوتنەکانە و لەلایەن دروستکردنى گومانە چونکە هەموو هێرش و پەڵاماردانەکان لەو ناوچانەوەیە کە لە ژێر دەسەڵاتى حکوومەتى عێراق وبەدیاریکراوە ئەو گروپ و میلیشیا تیرۆریست و لەیاسادەرچووانەیە کە لە لایەن ئێرانەوە پشتیوانى دەکرێن و دەسەڵاتدارانى عێراقیش بە ملیاردها دۆلار هاوکارى ماددى و لۆجستیکیان بۆ دابین دەکەن .
ئەو کردەوەکانى ئێستا ملیشیا تیرۆریستەکان و دروستکردنى فشار لە سەر حکوومەتەکەى سوودانى بەتایبەتى لە پرسى ڕێککەوتنى هەناردەکردنەوەى نەوت و ماف وشایستەداراییەکان و دروستکردنى سەدان بیانووى بێ پاساو ، درێژە پێدەرى ئەو سیاسەتە دوژمنکارانەیە کە رۆژى 16ى ئۆکتۆبەرى 2017 بەخەونى داگیرکردنى هەرێمى کوردستان و بەپاساوى ئەنجامدانى ڕێفراندۆمى سەربەخۆیی کوردستان ویستیان کۆتایی بە قەوارەى هەرێمى کوردستان بێنن ، بەڵام ڕووبەڕووى خۆڕاگرى گەلى کورد و گورزى کوشندەى هێزى پێشمەرگەى کوردستان بوونەوە بە سەرپەرشتى ڕاستەوخۆى سەرۆک بارزانى .
ئەگەر وردبینانەتر بڕوانین ، لەماوەى شەش ساڵ ئەرک و بەرپرسیاریەتى ڕێزدار مەسروور بارزانى و کابینەى نۆیەم و تیمەکەى لە حکوومەتى کوردستان ، لە هەموو رۆژ و مانگێکدا ڕاستەوخۆ وناڕاستەوخۆ دەسەڵاتدارانى عێراق هەمیشە قەیران و کێشەى گەورەیان لە بەردەم کوردستان و هەنگاوەکانى حکوومەت کە کوردستانى گەیاندۆتە ئاستێکى زۆر پێشکەوتوو دروستک کردووە ، بەڵام سەرۆکوەزیرانى کوردستان زۆر خۆڕاگرانە و پشوودرێژانە و لۆژیکانە کارى کردووە بۆ تێپەڕاندنى دۆخە سەختەکان و ساڵانێکى پڕ سەختى و بەڵام بە ئیرادەى پۆڵایین و بوێرى وبەردەوامیدا بە کاروانى گەشەسەندن و ئاوەدانى و بە بێ گوێدان پیلانگێرى و فشار ى نەیارانى کورد.
ئەوەتا دوژمنان و ناحەزان درکیان بەوە کردووە ، رۆژ بەرۆژ ئاستى پێشکەوتنەکانى کوردستان لە ڕووى خزمەتگوزارى بەتایبەتى ئاو و کارەبا و کشتوکاڵ و بوارەکانى دیکە دەگاتە ئاستى وڵاتانى پێشکەوتوو وگەشەسەندوو، چاویان هەڵنایە ئازادى و سەقامگیرى و خۆشگوزەرانى ئەم گەل و نیشتمانە ببینن ، بەڵام گەلى کوردستان بەخۆڕاگرى و ئیرادەى بەهێزى وەڵامى ناحەزانى کوردستانى دایەوە و لە هەمانکاتیشدا کوردستان خاوەن رابەرایەتییەکى ژیر و دونیا بینە ، ئەزموونێکى زۆرى بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی سەختییەکان هەبووە و بەبێ گوێدانە ژاوەژاوى نەیاران و مورتەزەقەکان درێژەى بەکاروانى خەبات و ئاوەدانى نیشتیمانەکەى داوە .
لەکاتێکدا نەیارانى کوردستان بەڕێگەى دەسەڵاتدارانى عێراق و میلیشیا و جاش مورتەزەقەکانیانەوە و هەمیشە هەوڵیانداوە بەڕێگەى درۆن و راگەیاندن و تابوورى پێنجەم و فشارى دارایی خەونى نەزۆک بە نەهێشتنى قەوارەى کوردستان ببینن ، ئەوان هەمیشە خەونى ئەوە دەبینن چۆن جارێکى تر ئەنفال و زیندەبەچاڵى گەلى کورد بکەنەوە ، ئەوان هەمیشە هەڵگرى ڕق و کینەى تایفى و فاشیزمیان هەڵگرتووە و ئیرەیی بە گەشەسەندنەکانى کوردستان دەبەن .
هێرش و پەڵاماردانە درۆنییەکان و چڕبوونەوە ، بەشێکە لەو خەونانەى تا شکست بە ڕێککەوتنى نەوتى نێوان هەولێر و بەغدا لەلایەک و لەلایەکى تریش ، ئەو ڕێککەوتننە ستراتیژییەکى هەولێر و واشتنۆن لە بوارى غاز و نەوت بهێنن ، هەر ئەوەشە پەنایان بردۆتە بە هێرشى تیرۆریستى بۆ سەر کێڵگە نەوتییەکانى کوردستان ، تا بەوڕێگەیەوە فشار لە سەر ئەمەریکا دروست بکەن دەستبەردارى ڕێککەوتن و گڕێبەستەکانى بێت لەگەڵ کوردستان ، بەڵام بەدڵنییاییەوە ، بەردەوامیدان بەو پەڵامارە تیرۆریستیانە لەلایەن میلیشیا وەلائییەکانەوە نەک هەر کوردستان ناوەستێنێ ، بەڵکو ڕق و تۆڕەیی ئەمەریکا بەرامبەر بە عێراق و میلیشیاکانى زیاتر دەکات و دوور نییە گوزرى زۆر کوشندەیان لێبدات و گەمارۆى قورسیش بخاتە سەر دەسەڵاتدارانى بەغدا وەک چۆن چەند رۆژى رابردوو هۆشدارى توند بۆ چەککردنى ئەو گروپانە درایە حکوومەتەکى سوودانى ، بەدڵنییاییەوە بێ باکى و لاوازى حکوومەتى عێراق وادەکات متمانە و بۆشایی گەورە لە نێوان هەولێر وبەغدا دروست بێت ، بەڵام دەبێ نەیارانى کوردستان دڵنییا بن کاروانى پێشکەوتن و گەشەسەندنى کوردستان ناوەسێت و بەردەوامیی دەبێ .