دواین هەواڵ

پێویستە كورد بەرێگەی فەڵەستیندا بڕوات بۆ نەتەوە یەكگرتوەكان

‌كارزان گلی

2 رۆژ پێش ئێستا

ئیمانوێل ماكرۆن، سەرۆكی فەڕەنسا، لە ٢٤ی تەمووزی ٢٠٢٥، لە وتارێكدا گوتی ”دوو مانگی تر فەلەستین وەكوو دەوڵەت دەناسێنین“، ئەمەش لە كاتێكدایە كە پار ساڵ، هەریەك لە وڵاتانی (ئیسپانسا، نەرویژ، ئێرلەندا، سلۆڤینیا و ئەرمەنستان)، بە فەرمی فەلەستینیان وەكوو دەوڵەتێكی سەربەخۆ ناساند.
لە كۆی ١٩٣ وڵاتی ئەندام لە نەتەوە یەكگرتوەكان، تەنیا ١٤٩ دەوڵەت بە فەرنساشەوە فەلەستینیان وەكوو دەوڵەت ناساندووە، بەڵام ئەو رێژە زۆرەی وڵاتان نەبووەتە هۆی ئەوەی فەلەستین بەفەرمی وەكوو دەوڵەتێكی سەربەخۆ بناسرێت.
بەشێكی زۆری ئەو وڵاتانەی فەلەستینیان وەكوو دەوڵەت نەناساندووە، هۆكارەكەی تەنیا ئەوەیە، دەیانەوێت ئاشتی لە نێوان ئیسرائیل و فەلەستین بێتە ئاراوە و لە كەشێكی ئارامدا گفتوگۆ بكەن و سنوورەكانی خۆیان دیاری بكەن. ئەگەر چی ئیسرائیل، دانپێدانانی فەلەستین وەكوو دەوڵەت بە مەترسی بۆ سەر ئاساییشی ئیسرائیل لێك دەداتەوە، بەڵام ئەگەر ئەو دوو وڵاتە بگەنە رێككەوتن، ئەو وڵاتانەی لەم كاتەدا دەنگ بۆ سەربەخۆیی فەلەستین نادەن، بۆچوونیان دەگۆڕێت و بەبەڵی دەنگ بۆ سەربەخۆیی دەدەن.
ئەوەی بووەتە كێشەیەكی گەورە لە نێوان ئیسرائیل و فەلەستین، بوونی قودسە، كە هەردوو لا بە خاكی خۆیان دەزانن و هەردوولا وەكوو پایتەختی وڵاتی خۆیان وێنای دەكەن و لەڕووی ئاینییەوە لایان پیرۆزە، بۆیە تا لەسەر قودس نەگەنە رێككەوتنی كۆتایی، ئەستەمە فەلەستین ببێت بە دەوڵەت، ئەمەش بۆچوونی بەشێكی زۆری شڕۆڤەكارانە.
توركیا یەكێكە لەو وڵاتانەی لە ١٥ی ١١ی ١٩٨٨، بەفەرمی فەلەستینی وەكوو دەوڵەت ناساندووە، بەڵام هەریەك لە (ئەمریكا، ئینگلتەرا، ئەڵمانیا، فەڕەنسا، كەنەدا، نەمسا، هۆڵەندا، ئیتاڵیا، پورتوگال، فینلەندا، دانیمارك، بەلجیكا، یۆنان، كۆریای باشوور، میانمار، تایوان، نیوزلەندا، پاناما و كامیرۆن)، فەلەستینیان وەكوو دەوڵەت نەناساندووە. نەمسا، لە ٢٠٢٤ رایگەیاند، ئەگەر ئەو دوو وڵاتە بتوانن كێشەكانیان چارەسەر بكەن، ئەوكات ئێمەش دەنگ بە سەربەخۆیی فەلەستین دەدەین.
لە تەواوی وڵاتانی ئەورووپا، تەنیا حەوت وڵات فەلەستین وەكوو دەوڵەت دەناسێنن، ئەو وڵاتانەش لەدوای رووخانی بلۆكی سۆڤیەت توانیویانە بگەن بە سەربەخۆیی و پێشتر لە چوارچێوەی یەكێتی سۆڤیەندا بوونە.
چەند هەفتەیەك بەر لە ئێستا، لەسەر داوای نەرویژ و ئیسپانیا و ئێرلەندا، داوا لە نەتەوە یەكگرتووەكان كرا، فەلەستین وەكوو ئەندامێكی هەمیشەیی قبوڵ بكەن، بەڵام وڵاتانی ئەنجوومەنی ئاساییش، لە مانگی نیسان كۆبوونەوە و ئەمریكا ڤیتۆی بەكارهێنا و فەلەستین نەیتوانی ببێتە ئەندانی نەتەوە یەكگرتوەكان.
ئەنجوومەنی ئاساییش، لە پێنج وڵاتی هەمیشەیی پێكهاتوون، دەبێت هەموویان رەزامەند بن ئەوكات فەلەستین، یان هەر لایەنێكی تر دەتوانن ببنە ئەندامی هەمیشەیی لە نەتەوە یەكگرتووەكاندا، واتە نابێت هیچ یەكێك لەو وڵاتانە ڤیتۆ بەكاربهێنن و دەبێت هەر پێنجیان بەبەڵێ دەنگ بدەن. وڵاتانی ئەنجوومەنی ئاساییش ئەمانەن (ئەمریكا، ئینگلتەرا، فەڕەنسا، رووسیا و چین).
دوای ئەوەی ئەمریكا ڤیتۆی بەكارهێنا، لە بەیاننامەیەكدا ئاشكرای كرد ”ئێمە پشتگیریی هەردوو وڵات دەكەین تا دانوستاندێكی بەهێز ئەنجام بدەن، ئێمە وەكوو ئۆپۆزسیۆنێك رەتمان نەكردووەتەوە كە فەلەستین وەكوو دەوڵەت نەناسێنین، بەڵكوو ئێمە لەو رێگەیەوە هانیان دەدەین تا بگەنە رێككەوتنی كۆتایی.“
لە ٢٠١١، فەڵەستین بەفەرمی داوای لە نەتەوە یەكگرتووەكان كرد، كە وەكوو ئەندامی هەمیشەیی قبوڵی بكەن، بەڵام ئەنجوومەنی ئاساییش رەتی كردەوە. فەلەستین بۆ جاری دووەم لە ٢٠١٢ هەمان داوای كردەوە، بەڵام ئەمجارەیان وەكوو چاودێر لە نەتەوە یەكگرتوەكان قبوڵكرا، واتە لە كۆبوونەوەكان نوێنەری فەڵەستین دادەنیشێت، بەڵام ناتوانێت دەنگ بدات، چونكە ئەندام نییە.
ئەم هەنگاوەی فەلەستین گرنگ بوو، چونكە رێگەی بۆ خۆش كرد، تا لە رێكخراوە نێودەوڵەتییەكانیش ببێتە ئەندام، وەكوو دادگای سزا نێودەوڵەتییەكان. هەروەها ئەم هەنگاوە وای لە فەلەستین كرد، لەڕووی دیبلۆماسییەوە زیاتر بەرەو پێشەوە بچێت و رەنگە لە ماوەیەكی تردا رێگەی بدەن دەنگیش بدات، بەڵام ئەمە نابێتە هۆی ئەوەی چارەسەری كێشەكانی لەگەڵ ئیسرائیل بكات و وەكوو وڵاتێكی سەربەخۆی بناسرێت، تەنیا ئەوكات دەبێت كە لەگەڵ ئیسرائیلدا بگەنە ئاشتییەكی بەردەوام و لەسەر سنوور رێكبكەون.
كورد دەبێت بەو رێگەیەدا بڕوات كە فەڵەستین پێیدا تێپەڕیوە لە نەتەوە یەكگرتوەكان، ئاخر پرسی كورد لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە پرسی فەڵەستین گەورەتر و بەبایەخترە، بۆیە دەبێت ئێمەش سەرەتا داوا بكەین، كورد نوێنەری وەكوو چاودێر لە نەتەوە یەكگرتاوەكاندا هەبێت، پاشان بە هەوڵی دیبلۆماسی، دەتوانین بتوانین لە كۆبوونەوەكانی نەتەوە یەكگرتوەكان دەنگیش بدەین، واتە ئەگەر كورد نوێنەری هەبێت لە نەتەوە یەكگرتوەكان وەكوو چاودێر، دەرگامان بۆ دەكاتەوە تا لە رێكخراوە گەورە و جیهانییەكان ببینە ئەندام، وەكوو رێكخراوی سزا نێودەوڵەتییەكان، ئەوكات دەتوانین بەرامبەر ئەو زوڵمەی بەغدا لە دەرگای ئەو رێكخراوە گەورەكانە بدەین.
تكایە با بەهەندی وەرگرین، كە گرنگە و زۆریش گرنگە، كورد وەكوو چاودێر لە نەتەوە یەكگرتوەكان بوونی هەبێت، با خۆمان لە فەڵەستین پێ كەمتر نەبێت.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP