پەیوەندیی نێوان ترەمپ و ئەردۆغان چەند بەهێزە؟
كاریگەریی لەسەر سیاسەتی ئەمریكا لە رۆژئاوای كوردستان دەبێت؟
ئەو رۆژەی دۆناڵد ترەمپ، بۆ خولی دووەم بووەوە بە سەرۆكی ولایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا، رەجەب تەییب ئەردۆغان، بەگەرمی پیرۆزبایی لێكرد و گوتی، ”هیوادارین پەیوەندیی ئەمریكا و توركیا پتەوبێت“. ئەو دوو سەرۆكە، پەیوەندیی نێوانیان زۆر باشە، ئەمەش كاریگەریی لەسەر سیاسەتی دەرەوەی هەردوو وڵات كردووە و لەسووریاش ئەو راستییە بینرا، كە ئەمریكا و توركیا، لەڕووی دیبلۆماسییەوە زۆر لە یەكترییەوە نزیكن و بەرگریی سووریا، رادەستی توركیا كراوە.
ئەردۆغان، تا ئەو ئاستە لە ترەمپەوە نزیكە، توانی بڕوای پێبهێنێت كە هەموو سزایەكانی سەر سووریا هەڵبگرێت و لە سعوودیاش چاوی، بە ئەحمەد شەرع، سەرۆكی راگوزەری سووریا بكەوێت. هەروەها وەكوو ئەوەی میدیاكان باسی دەكەن، توركیا لەسەر داوای ترەمپ، توانی بڕوا بە رووسیا بهێنێت لە سووریا بكشێتەوە و رژێمی ئەسەد كۆتایی پێ بێت.
بەگوێرەی راپۆرتێكی (فینانشیال تایمز)، توركیا هەموو هەوڵێك دەدات تا وەزارەتی بەرگریی سووریا بتوانێت لەسەر پێی خۆی بوەستێت و بتوانێت دەسەڵاتی بەسەر هەموو سووریادا هەبێت، بەڵام كاتێك ناكۆكی لە نێوان سوپای سووریا و دوورزییەكان لە سوەیدا روویدا، ئیسرائیل بە چڕی بۆردومانی هێزەكانی سووریای كرد و ئەمریكاش، هیچ رۆڵ و وەڵامێكی بۆ ئیسرائیل پێ نەبوو، بۆیە ئەرۆدغان، تاوەكوو ئێستاش بەرچاوی روون نییە، ئایە ترەمپ لە سووریا پشتی توركیا دەگرێت یان ئیسرائیل؟چونكە ئیسرائیل، لە ژێرخانی سەربازیی سووریا دەدات، كە توركیا دەیەوێت ئەو ژێرخانە دروست بكات و سووریا بكاتە باخچەی پشتەوەی توركیا.
ناكۆكیان لەسەر F35 بەردەوامە
دوای ئەوەی توركیا سیستەمی بەرگریی S400ی لە رووسیا كڕی و ئەمەش بووە هۆی ئەوەی ئەمریكا توڕە بێت و توركیا لە پروگرامی فڕۆكەی جەنگی F35 بخاتە دەرەوە، بەڵام ئەردۆغان لە هەوڵی جیدیدایە تا بتوانێت بڕوا بە ترەمپ بهێنێت و ئەو فڕۆكەیە رادەستی توركیا بكات، كە تاوەكوو ئێستا زیاتر لە ملیارێك دۆلاری بۆ ئەو فڕۆكەیە دەواتە ئەمریكا.
سۆنەر چاغاپتای، بەڕێوەبەری ئەنیستیتۆی واشنتۆن _ توركیا بۆ پرۆگرامی توركیا، پێسوایە ترەمپ وڵاتێ بەهێز و سەرۆكی بەهێزی خۆش دەوێت، ئەمەش لە ئەردۆغان توركیادا هەیە، بەڵام سەرەڕای هەموو ئەمانە تاوەكوو ئێستا ئەو دوو سەرۆكە لەبارەی F35 نەگەیشتوونەتە رێككەوتن.
ئایە ئەمریكا پشت لە یەپەگە دەكات بۆ توركیا؟
یەكێك لە بابەتە هەرە گرنگەكان، كە باسی لێوە دەكرێت بابەتی سووریایە، بەتایبەت بوونی یەپەگە و ئەو هێزەی هەیەتی، چونكە ئەنكەرا زۆر نیگەرانە لەو هاوكارییەی ئەمریكا بۆ یەپەگە و دەیەوێت هەموو هەوڵێك بدات بۆ ئەوەی ئەمریكا پشت لە یەپەگە بكات، بەڵام ئایە سەردەكەوێت؟
ئەو تێزەی توركیا بۆ سووریا هەیەتی، ئەمریكا بەدڵییەتیی و بەشێوەیەكی ناڕاستەوخۆ پشتگیریی دەكات، بەڵام ئیسرائیل جاروبار بابەتەكە تێك دەدات. لە مانگی حوزەیراندا، دوای ئەوەی ترەمپ و ئەردۆغان یەكتریان بینی، ئەردۆغان توانی بڕوا بە ترەمپ بهێنێت، كە سزاكانی سەر سووریا هەڵگرێت، لەهەمووشی گرنگتر بۆ توركیا ئەوەبوو، هێزی تەحریر شامی لە لیستی تیرۆری ئەمریكا دەكرد، ئەمە سەكەوتنێكی گەورە بوو بۆ توركیا.
بەگوێرەی بۆچوونی چاغاپتای، ئەگەر ئەردۆغان سەركەوتوو بێت لەوەی ئارامی بۆ سووریا بگێڕێتەوە، ئەوكات سێ ملیۆن ئاوارەی سووریی دەگەڕێتەوە وڵاتی خۆیان، ئەمەش بۆ ئەردۆغان لە سیاسەتی ناوەخۆ و هەروەها لەسەر سندوقی دەنگداندا كاریگەریی دەبێت و بەرەو سەركەوتنی دەبات.
هەرچەندی تێزی توركیا بۆ سووریا لەلایەن ئەمریكاوە قبوڵكراو بێت، بەڵام فەڕەنسا و رووسیا و سعوودیا، رێگە نادەن توركیا، ببێتە كارئەكتەرێكی گەورەی سووریا و ئەو وڵاتە بكاتە باخچەی پشتەوەی خۆی، بۆیە وەكوو ئەوەی شرۆڤەكاران باسی دەكەن، ئەگەر یەپەگە چەك دانەنێت و عەبدوڵا ئۆجەلان، داوایان لێنەكات چەك دابنێن، توركیا ناتوانێت ببێتە فیلە گەورەكەی سووریا، بەڵكوو هەر ئەو مشەكەیە كە لە ٢٠١١ لە شەڕی ناوەخۆی سوویادا بوونی هەبوو، رەنگە ئێستا تەنیا قەبارەی مشكەكە گەورەتر بووبێت.