ئەگەر ڕۆژانەش نەبێ، تەقریبەن حەفتانە، چەکداری بێ منەت لە یاسا و لە قەزا، چەندین ئینسان بە جەستەی کونکونکراوەوە، ئەخەنە ژێر گڵ!
قەتل لە هەموو شوێنێکی دنیادا هەیە، بەڵام قاتیلی (بێ منەت) میدیا دروستی ناکا، بەڵکوو ژینگەیەک دروستی ئەکا، کە تیایدا چەک کۆنترۆڵنەکراوە و قەزاش کۆنترۆڵکراو!
لەسەر کاغەز و ئەوراق نازانم، بەڵام لەسەر ئەرزی واقیع، سێ بەشی ئەو چەکەی لە کوردستاندا هەیە، لە دەستی ئەحزاب و بە شانی حیزبییەکانەوەیە، باقییەکەیشی، بە شان و کەمەری ئەوانەوەن کە لە فەوزای چەکی (هەرکەس بۆخۆیدا)، خۆیان چەکدار کردووە و ئیتر هەرکاتێک هەوەس بیانگرێ، بێ ترس و بێ دوودڵی میل ئەهێننەوە!
قەزاش بەپێی یاسا بەرکارەکان ڕاستە لای ئەهلی قەزایە، بەڵام سێبەری ئەحزاب وەک ڕۆژی ڕووناک بەسەر سەری قەزا و قازییەکانەوە دیارە و هەرکات بۆ هەر کەیسێک کە جێی باس و مەبەستی ئەحزاب و تەنانەت ئەشخاصە حیزبییەکانیش بێ، قەزا (لا حول) و قازیش (ولا قوة)یە!
لە مێژووی حوکمڕانیماندا، نازانم بۆ ئێوە، بەس من نەمزانیوە هیچ سیاسییەکی دەسەڵاتدار و هیچ سەرکردەیەکی قەرارساز کە خۆی بەشێک بێ لە پرۆسەی حوکمڕانی، بەڵام بەوپەڕی سەراحەتەوە، قسە لەسەر کێشەی فرەچەکداری بکا و خەلەلەکانی کایەی قەزاییش بە ئاشکرا تەرح بکا، جگە لە نێچیرڤان بارزانی!
ئەو نەک جارێک، چەند جارێک بە سەراحەت بە هەموو حیزبەکان (بە حیزبەکەی خۆیشیەوە) وت: دەستی خۆتان لەناو هێزە چەکدارەکاندا بکشێننەوە، تا خۆیان یەکبخرێن و چەکەکانیان ڕێکبخرێن و ببنە هێزێک بۆ نیشتمان، نەک هی حیزب!
لانیکەم دووجاریش، ڕووبەڕوو بە دادوەران و ئەهلی قەزا و یاسایشی وتووە: ئێوە لەبەردەم خوا و خەڵق و ویژدانی خۆتاندا بەرپرسیارن، جا لە ئەرکەکانتاندا عادل و لە قەراردانیشدا، ئازاد و سەربەخۆ بن!
چەک تاوانی زۆری پێ ئەکرێ، قەزای دەسەڵاتداریش، ئەرکییەتی مافی تاوانلێکراوی بێ دەسەڵات وەربگرێ و ترسیش بخاتە دڵی هەر چەکدارێک کە بەرلەوەی تەقەکەی بکا، بیر لە داڕزانی خۆی لە کونجی زینداندا بکاتەوە!
جا ئەگەر هێزە چەکدارەکانمان یەکبخرێن، لانیکەم سێ بەشی ئەو چەکانەی لەم هەرێمەدا هەن ڕێکئەخرێن و ئیتر هەم ئەوەی کە لە شانیدایە و هەم مەرجەعەکەیشی کە ئەمری لێ وەرئەگرێ مەعلووم ئەبێ و چەکداری تۆزوبای بێ منەت بەچەکی بەرەڵاوە، یان خۆی نامێنێ، یان ئەگەر بیشمێنێ، گرتنی پشتەملی و ڕاپێچکردنی بۆ بەردەم قەزا، لە پرۆسەی (مێش لەئاوکردن) ئاسانترە، بەڵام بەمەرجێک، قەزا عادل و ئەهلەکەیشی ئازاد و سەربەخۆ بێ.