بۆ ئێستای عێراق موچەو شەفافیەت و لێبوردەیی نەتەوەیی و ئاینی و مەزهەبی و نەژادیی و بەسیستمکردن و خۆشگوزەرانی تاک گرنگترە لە سەرژمێریی.
سەرژمێریی دانیشتوان هیچ گرنگ نیە لەسەردەمی زیرەکی دەستکردو دەوڵەتی مۆدێرندا، ئەسڵەن ژماردن بەو جۆرەو گەڕەک وگەڕەک و ماڵ بەماڵ عەیبەیەکی گەورەیە لەسەردەمی دیجیتاڵیزەکردن و هۆشمەندی زیرەکدا، ئەوەی لەعێراق ئەکرێ سەرگەرمییە، نەزعەی تائیفیەت و ململانێی نەژادپەرستی و فاشیزم برەوپێئەدات و ختوکەی هەستی نەتەوەپەرستی و داگیرکاریی ئەدات، چەمکی زۆرینەو کەمینە دەخاتەوە نێو ئەدەبیاتی ئەم وڵاتە نەفرەتیە، ئەم نەریتە کەلتوری میللیگەرای کۆنی عێراق و دەوڵەتە شەرقیەکانە بۆ تەڵقین و داگیرکاریی و فاشیزمی نەتەوەیی و دینی و تەوتینی هەموو جومگەکانی عێراق و لێدان لەمادە دەستوریەکانی وەک ١٤٠.
چەند سوپاو فیرقەو گروپی سەربازی و مەزهەبی هەیە لەعێراق ئەوە گرنگە، چەند سەربازگەی نائاسایی و میلیشیای چەکدار هەیە ئەوە گرنگە، چەند سەرۆک و ڕەئیس و حیزبی بەرخۆرو فاسید و حکومەتی سێبەر هەیە ئەوە گرنگترە لە سەرژمێریی نمایشکارانە، چەند بیرەنەوت و پاڵاوگەی نایاسایی هەیە ئەوە گرنگە، عێراق چەن ملیار دۆلار قەرزارەو پارەی قەواڵە بانکیەکانی لەکوێن و بلۆکی دۆلاری کاش و پارەکانی فرۆشتنی نەوتەکەی بۆ کوێ دەچێ ئەوە گرنگترە، بەهەدەردانی سامان و نەوت و ژێرخان و سەرخان و سەرمایەی ئەم وڵاتە بۆ گەیشتە ئەم دۆخە.
بۆیە عێراق لەبری سەرژمێریی دەبێت سەرلەنوێ دامەزراوەکانی فۆڕمەڵە بکاتەوەو بیژمێرێ کە چەندی هی خۆیەتی و چەندی هی مەرجەعیەت و ویلایەتی فەقیەو وەلائیە، چەند سەرۆک وەزیری شکستی هێناو چەند وەزیری هەڵهات، خۆی لە پاشاگەردانی و بەهەدەردانی سامان و مافیاگەری نەوت و بازاڕو ئۆلیگاریشی ماڵی و دزیی مونەززەم ڕەشوەو بەرتیلخۆریی قوتار بکات و هێندە شانازی نەکات بەم دۆخە نامونتەزەم و بەم فۆڕمە دەوڵەتیەوە کە بەس دەوڵەت نییە.