دواین هەواڵ

چی ڕوودەدات لە سووريا و ڕۆژئاوای کوردستان

‌رەنج نەوزاد

12/10/2024

بێ ئەوەی بە فەرمی ڕابگێنرێت و دوور لە چاوی ميديا و هەواڵەکان، بە پێی سەرچاوەکانی باشووری سووريا، لە ئێستادا سوپای ئيسرائيل بە قووڵایی ٥٠٠ مەتر بۆ ١ کم و بەدرێژایی ١ کم هاتووەتە ناو خاکی سووريا. ئەمە بووەتە هەواڵ و بابەتێکی سەرەکی لە لایەن هاووڵاتيانی پارێزگای "القنيطرة "ی سووريا. لە دەوروبەری ئەو پارێزگایە ژمارەیەک سەرباز و شۆڤڵ و زريبپۆشی ئيسرائيلی دەبينرێت.

هەر لەم ماوەیەدا سوپای ڕووسيا ١٧ بارەگا و بنکەی سەربازيی چۆڵ کردوە لە سووريا، بە تايبەت لە باشووری وڵاتەکە. چەند جارێک کۆگای چەک و بارەگای پاسداران و حيزبوڵا لە نزيک بنکە سەربازييەکانی ڕووسيا بۆردومانکراوە لە لایەن ئيسرائيلەوە. کشانەوەی ڕووسيا لەو خاڵە سەربازييانە دوو خوێندنەوەی بۆ دەکرێت؛ هەبوونی ڕێککەوتنێکی نهێنی لە نێوان ئيسرائيل و ڕووسيا بۆ لاوازکردنی ئێران لە سووريا (ئەسەد پشتگيری دەکات)، یان خۆپاراستن لە هێرشەکانی ئيسرائيل بۆ ئەوەی نەبێتە سەرهەڵدانی کێشەیەکی دبلۆماسی لە نێوان هەردوو دەوڵەت بە هۆی زیان گەياندن بە سەربازانی ڕووسيا.

ئەوەی بە ڕوونی دەردەکەوێت، ڕووسيا و ئەسەد هێرشەکانی ئيسرائيل بۆ سەر بنکەکانی پاسداران و حيزبوڵا و ميليشياکانی تری سەر بە ئێران، قبوڵ دەکەن و هيچ ڕێگرييەکی بۆ درووست ناکەن. ئەمەش مایەیی پرسيارە، چونکە تەنانەت ئەمريکا بە ئەندازەی ئيسرائيل دەستکراوە نييە لە سووريا! هيچ شوێنێک نييە لەو وڵاتە پارێزراو بێت لە هێرشەکانی ئيسرائيل.

لەم هەفتەیەدا ئەردۆگان ئاماژەی بەوە کرد گوایە ئيسرائيل دوای لوبنان و سووريا دەکرێت مەترسی هەبێت بۆ سەر تورکياش. ئەم لێدوانەی ئەردۆگان مەبەستێکی تری هەیە، نەک ترس لە ئيسرائيل. تا ئەمرۆش پيشەسازی چەکی ئيسرائيل بە ئەندازەیەکی گەورە پشت بەو ماددە خاوانە دەبەستێت کە لە بەندەرەکانی تورکياوە هەناردە دەکرێن. لە فەڵەستين دەنگۆیەک هەیە، گوایە ئێستا تورکيا ئاسن و کەرەستەکانی پيشەسازی جەنگ لە ڕێگەی کۆمەڵێک کۆمپانيای فەڵەستينييەوە هەناردەی ئيسرائيل دەکات، بۆ ئەوەی بە فەرمی بڵێت پەيوەندييە بازرگانييەکانی تورکيا و ئيسرائيل کەمبووەتەوە.

لەوانەیە ئەردۆگان بيەوێت بە پاساوی هاتنی سوپای ئيسرائيل بۆ ناو سووريا، ئۆپراسيۆنێکی تری سەربازی دژ بە ڕۆژئاوای کوردستان ئەنجامبدات. چونکە هاتنی ئيسرائيل واتە لاوازکردنی ئێران و هاوپەيمانەکانی لە سووريا. ئەمەش واتە دەرەفەتێک بۆ ڕۆژئاوای کوردستان و گروپە سوونييەکانی تر، ئەوانەی لەگەڵ تورکيا و ئەوانەی ئيدلب. تورکيا دەيەوێت دەرەفەتەکەی گروپە سوونييەکان بقۆزێتەوە و دەرەفەتەکەی ڕۆژئاوای کوردستان لەناوببات.
هاوکێشەی سووريا لە هاوکێشە هەرە ئاڵۆزەکانە، زۆربەی دەرەفەتە باشەکان بۆ کورد لە ڕۆژئاوا، هاوکاتە لەگەل مەترسی و لەدەستدانی دەستکەوتەکان. هاتنی ئيسرائيل بۆ سووريا، دەرەفەتێکە بۆ کورد چونکە هەژموونی ئیران بەرەو لاوازی دەبات، یاخود ئێران سەرقاڵی ئيسرائيل دەکات و دووری دەخاتەوە لە پيلانەکانی دژ بە ڕۆژئاوا. ئەم هەلە هاوکاتە لەگەڵ مەترسی ئەنجامدانی ئۆپراسۆنێکی تورکيا کە ببێتە مایەیی کاولکاری و لەدەستدانی خاک بۆ کورد.

لە ماوەی ئەم ساڵەدا، هەژموونی ئێران لە سووريا گورزی زۆر گەورەی بەرکەوتووە بە هۆی هێرشەکانی ئيسرائيل. هەموو جەنەراڵە سەرەکييەکانی پاسداران لە سووريا کووژراون. لایەنی لۆجيستی و هەواڵگری و کۆگاکانی چەکی بەرەی ئێران، زیانی گەورەی بەرکەوتووە. ئەمە بۆ کورد زۆر باشە. بەڵام ئەم گورزانەی ئيسرائيل لە ئێران، سوپا و حکومەتەکەی ئەسەدی تا ڕادەیەک بەهێزتر کردوەتەوە. ئەمەیان مەترسييە بۆ کورد.

ئەمريکا پشتگيری تەواوی هەموو هەنگاوەکانی ئيسرائيل دەکات لە سووريا. چونکە ئەوەی لە واقعدا دەبينرێت، گورزەکانی ئيسرائيل لە هەژموونی ئێران لە سووريا، زۆر لەوانەی ئەمريکا کاريگەرتر و وردترە. ئەم گورزانە دەبێتە مایەیی بەهێزکردنی پێگەی ئەمريکا لە سووريا و رۆژئاوای کوردستان. تا ئێستا ڕووسيا لەگەل جووڵەکانی ئيسرائيل کێشەیەکی وای نييە، بەڵام لە ئايندەدا نازانرێت چۆن دەبێت، ئەگەر ئەم جوڵانە نەبنە مایەیی لاوازکردنی ئەسەد، ڕووسيا هەر پشتگيری دەکات، یان بێ دەنگ دەبێت بەرامبەری.

لەناو ڕژێمی سووريا، بەشار ئەسەد زیاتر لە ڕووسياوە نزيکە. ماهر ئەسەدی برای بەشار، زیاتر لە ئێران و حيزبوڵاوە نزيکە. هەر بۆیە پێش ماوەیەک ئيسرائيل پەيامێکی ڕوونی بۆ نارد، دەوروبەری کۆشکەکەی ماهر ئەسەدی بۆمباران کرد. پەيامەکە ئاشکرا ئەوە بوو ئەگەر بەردەوام بيت لە هاوکاريکردن لەگەڵ حيزبوڵا و ئێران، جاری داهاتوو بۆمبەکان ڕاستەوخۆ بەسەرتا دەبارێن. گومان دەکرێت ئيسرائيل، لە ڕێگەی ڕووسياوە لەگەڵ بەشار ئەسەد ڕێککەوتنێکی هەبێت.

لە ئێستادا جۆرێک لە بەرژەوەندی هاوبەش هەیە لە نێوان ئيسرائيل و گروپە سوننيەکانی سووريا. هەندێک لە هێرشەکانی ئيسرائيل بۆ سەر ئێران و ميليشياکانی لە سووريا، دوورە لە سنووری خۆیەوە، ئەم جۆرە هێرشانە زیاتر لە بەرژەوەندی ئەو گروپە سونييانەیە. گوتار و هەڵوێستی ئەو گروپانە زۆر بە ڕوونی ديارە کە پشتگيری ئيسرائيل دەکەن دژ بە بەرەی ئێران لە غەززە و لوبنان و سووريا. لێرەوەیە تورکيا و ئيسرائيل بەریەک ناکەون و ئەردۆگان تەنيا بۆ چەواشەکاری و پڕوپاگەندە ئەو جۆرە گوتارانە پێشکەش دەکات.

قۆناغی دوای لوبنان، لەوانەیە قۆناغی سووريا بێت. ئيسرائيل باش دەزانێت، بەشێکی سەرەکی هێزی حيزبوڵا پشت بە سووريا دەبەستێت. بە بێ سووريا، حيزبوڵا لە لوبنان ئەو پێگە و هێزەی نابێت. ئەم قۆناغەش چەندين هەل و مەترسی نوێ دەخاتە بەردەم کورد.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP