لە دوو هەفتەی ڕابوروەدا چەندین پرسیارم لەلایەن خوێنەرانەوە بۆ هاتووە و بەداخەوە وەک پێویست کاتی وەڵامدانەوەم نەبووە. پرسیارەکان بەشێکی زۆریان لەسەر دەستپێکردنەوەی جەنگی نێوان ئیسرائیل و حەماس، داهاتووی ڕێکەوتنی نێوان جەژەنەراڵ مەزڵوم عەبدی و ئەحمەد شەرع، وەرزی نوێی پەیوەندی نێوان تورکیا و پەکەکە، داهاتووی عێراقی شیعە و حەشدی شەعبی، داهاتووی هەرێمی کوردستانە. من لەم خاڵانەی خوارەوەدا و بەخێرایی هەندێک تێبینی دەخەمە ڕوو، بەڵام بەدڵنیاییەوە لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنیدا بە درێژی باسیاندەکەم.
1. لە ورزی نوێی ململانێی نوێی نێوان ئیسرائیل و حەماسدا، چیتر ژیانی ئەو بارمتانەی ئیسرائیل کەلای حەماسن ئاڕاستەی ستراتیژیتە گەورەکان دیاریناکەن. واتە ئیسرائیل لێرەبەدواوە ئامادەیە کە بیانکات بە قوربانیی لە پێناوەی ئامانجە گەورەکەیدا و ئەمەش داتایەکی نوێیە. لەڕابوردودا ئیسرائیل، بۆ ڕزگارکردنی ئیسرائیلیەک هەموو دنیای دەکرد بە قوربانی، بەڵام لێرەبەدواوە ئیسرائیل ئامادەیی ئەوەی تیادا دروستبوە کە مناڵەکانی لە پێناوی مانەوەیدا بمرن.
2. حەماس لە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی یەکجار گەورەدایە و ئەمەریکا و ئیسرائیل سێ مەرجی سەرەکیان خستوەتە بەردەستی بۆئەوەی کۆتایی بە جەنگی غەززە بێت. یەکەم دورخستنەوەی لە دەسەڵات، دوەم چەککردنی و سێیەم دەرکردنی تەواوی سەرکردەکانی لە غەززە. گەر حەماس ئەم مەرجانە قبوڵبکات، واتە واژو لەسەر مردنی خۆی دەکات.
3. ئەمەریکا و ئیسرائیل دەیانەوێت سەرکردایەتی و حوکمڕانی فەلەستینیەکان، نەک هەر لە حەماس بەڵکو لە فەتحیش بسەننەوە و ڕادەستی ئیمارات و سعودیە و میسری بکەن. واتە نایانەوێت چیتر فەلەستینیەکان نوێنەرایەتی پرسی فەلەستین بکەن، بەڵکو ناسیۆنالیزمی عەرەبی، کە بووە بە هاوپەیمانی ستراتیژیی ئیسرائیلی، نوێنەرایەتی بکات.ئەمەش داتایەکی تەواو نوێیە.
4. بۆچوونی من لەسەر ڕێکەوتنی شەرع و ژەنەراڵ مەزڵوم : چەندین هەفتە پێش قەسابخانەکەی عەلەویەکان و لەژێر کارایی هەرێمی کوردستان و ئەمەریکی وفەرەنسیەکاندا، ژەنەراڵ مەزڵوم دەسپێشخەریەکی بە چەندین خاڵەوە پێشکەش بە ئەحمەد شەرع کرد، بەڵام تا قەسابخانەی عەلەویەکان ڕوینەدا، شەرع ئامادەنەبوو بە هییچ شێوەیەک وەڵامبداتەوە. کە قەسابخانەکەش ڕویدا و لەژێر کارایی نێودەوڵەتیدا بەخێرایی وەڵامیدایەوە و ڕێکەوتنێکی تاکتیکی لەگەڵ ژەنەراڵد واژوکرد.
5. پاش واژووکردنیش، بەخێرایی دەستوری کاتیی کۆماری عەرەبی سوریای بەدواداهات کە هەموو شتێکبوو تەنها ڕۆحی ڕێکەوتنەکە نەبێت. بەڵام دوێنێ، رۆژی دوو شەمە، کە وەزیری دەرەوەی شەرع هات بۆ برۆکسل، وڵاتانی ئەوروپا ڕاستەوخۆ پێیانوگوت : بەبێ ڕێکەوتن لەگەڵ کورد، موستەحیلە ئێمە بتوانین سزاکانتان لەسەر هەڵبگرین. هەر ئەمەشبوو وایکرد کە هەمان ڕۆژ، ئەحمەد شەرع لیژنەیەکی پێنج کەسی دروستبکات بۆ جێبەجێکردنی ڕێکەوتنی نێوان خۆی و ژەنەراڵ.
6. چەند بەزەیم بەهەموو ئەو ڕۆشنبیر و سیاسەتمەدارە گەورەیەی کورددا دێتەوە کە پێیاندەواتین ئەمە ڕێکەوتنێکی مێژووییە بۆ کوردی ڕۆژئاڤا ! و منیش پێمدەگوتن : نەخێر، ئەمە تەنها هەنگاوێکە و هیچت تر و کورد دەبێت خۆی بۆ ململانێی دیکە ئامادەبکا و بە منیان دەگوت وەک هەمیشە ڕەشبینی.
7. ئۆجەلان و ئەردۆگان : من پێموایە ئۆجەلان و ئەردۆگان پێکەوە کۆتاییان بە قۆناغێکی مێژووی لە ململانێ هێناوە و وەک چۆن لە چل ساڵی ڕابوردودا دوژمنی یەکتری بوون، ئاواش دەکرێت لە ساڵانی داهاتوودا ببن بە هاوپەیمانی یەکتری. ئۆجەلان لەسەر ئاستی ئایدۆلۆژیا ئیتربڕوای بە دێمۆکراسیە لە بری کوردایەتی و بڕوای بە دەوڵەتی تورکیایە لە بردی کوردستان و ئەمەش تەواو هاوتەریبە لەگەڵ ستراتیژیەتی تورکیادا. پرسیاری سەرەکی ئەوەیە کە ئایا زلهێزەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (ئێران) و جیهانی (ئەمەریکا) ڕێگا بە قەندیل دەدەن کە شوێن ڕابەرەکەیان بکەون ؟
8. سەبارەت بە عێراق : ئەمڕۆ لەگەڵ دیپلۆماتێکی ئیسرائیلی لەسەر کەناڵێکی فەرەنسی بووم. پاش دیبەیتەکەمان، باسمان لە عێراق و لەو پەیامەکرد کە وەزیری دەرەوەی عێراق باسی دەکات و دەڵێت ئیسرائیل دەیەوێت پەلامارمانبدات. ئەوەی من بزانم، سێ جار ئیسرائیل ویستویەتی پەلاماری هەشتا ئامانج لە عێراقبدات، بەڵام ئەمەریکای جۆ بادین نەیهێشتوە ! ئێستا ئەمەریکای دۆنالد ترامپ هەموو کارئاسانیەکی بۆ دەکات بۆ ئەوەی پەلاماری بدات، گەر بێت و عێراق وەڵامی داواکاریەکانی ئەمەریکا نەداتەوە و یەکەم داواکاریشی هەڵوەشانەوەی حەشدی شەعبی و دوهەمیش بڕینی پەیوەندیەکانیەتی لەگەڵ ئێراندا !!!!
9. لەنێو هەموو ئەم گۆڕانکاریانەدا، هەرێمی کوردستان پێویستی بەوەیە کە حکومەتێکی بەهێز دروستبکات، متمانەیەکی بەهێز لەنێوان خۆی و هاوڵاتیانی هەرێمدا دروستبکاتەوە، کۆتایی یەکجاری بە گرفتی مووچە بێنێت، هێزی پێشمەرگە بە پراکتیکی یەکبخات و خۆی ئامادەبکات بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ کۆی سیناریۆکانی داهاتوودا. کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەخوازێت ڕۆڵێکی کارا بە هەرێمی کوردستان ببەخشت، بەڵام کورد دەبێت خۆی لە نەخۆشیە بکوژەکانی ڕزگاربکات، بۆئەوەی بتوانێت وەڵامێکی ئەرێنی ئەم داوایەی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بداتەوە کە دەکرێت بە بەرژەوەندی کورد و کوردستان کۆتایی پێبێت.