دواین هەواڵ

لەیلا قاسم.. کوردستان یان نەمان

‌ئەسرین عاسی شوانی

13/05/2024

ئافرەتی کورد لە مێژووی بەرخودانی گەلی کوردستاندا زۆر بێوێنە بووە و بەشداریی كارای لە خەباتی سیاسی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگیدا هەبووە، بە جۆرێکی وا، کە دوژمنانی شەرمەزار کردووە. ئەمڕۆ، لاپەڕەیەکی سوور و پرشنگدار لە مێژووی پڕ لە قارەمانانەی کچە کوردێک یاد دەکەینەوە، کە بوێری و ئازایەتیی ئەو کچە شۆڕشگێڕە وای کرد، عەرشی بەغدا بهەژێنێ و دوژمنان تووشی شۆك بکات، بەجۆرێک، پەتی سێدارەی شەرمەندە و شەرمەزار كرد، كە جەللادان لە ئاست ئەو خۆڕاگری و قارەمانییەی ئەو كچە رۆشنفكر و خوێندەوارەی زانكۆ تووشی سەرسامی و مەلوولی ببوون، كاتێ دیتییان كچەكوردێك لەپێناو مافی رەوای گەلەکەی ئامادەی هەموو قوربانیدانێكە.

لەیلا قاسم، ئەو كچە خوێندەوار و ئەندامەی یەكێتیی قوتابییانی كوردستان و تێكۆشەری نێو شانە نهێنییەكانی پارتی، خۆی و چوار هەڤاڵی بەناوی (جەواد ھەمەوەندی، نەریمان فوئاد مەستی، حەسەن حەمەڕەشید و ئازاد سلێمان میران)، دەستگیر كران و پەنجا ساڵ بەر لە ئەمڕۆ، لە رۆژی ١٢ی ٥ی ١٩٧٤ رژێمی بەعسی ئەوكات، لەیلا و هەڤاڵەكانی لەسێدارە دا و چەند رۆژێك دواتریش (سەلام)ی برایشیان هەر لە بەغدا شەهید كرد. دوژمنانی كورد بە خەیاڵی بێدەنگكردنی دەنگ و داخوازیی كوردان، بەتایبەت لەناو لاوان و قوتابییانی خوێنگەرم، دەستیان لە هیچ ستەم و زۆرییەك نەپاراست،

نەشیانتوانی تەنانەت پەشیمانی بكەنەوە و بە ژیانی ژێردەستەیی و پشت كردنە ماف و داوا رەواكانی گەلەكەی رازی بكەن، بەڵكوو بە ورەیەكی بەرزەوە چووە بن داری سێدارە و بە گوتنەوەی سروودی شۆڕشگێڕی پەتی سێدارەی كردە مل. دوژمن ویستی بە شەهیدكردنی لەیلا و هەڤاڵەكانی، لاوان و قوتابییان و خەڵكی كوردستان چاوترسێن بكا، نەیزانی بە لەسێدارەدانی لەیلایەك، سەدان لەیلای دیكە دێنە مەیدان و هەزاران منداڵی دیكە بە ناوی لەیلا دەكرێن و دواتر رێگە و رێبازی شەهید لەیلا دەگرنە بەر. شەهیدكردنی ئەو كچە بزێو و ئازا و ڕۆشنبیرە بوو بە هەوێنی خەبات و خۆشەویستیی خاك و نەتەوە لە دڵی هەزاران کچ و کوڕی ئەم نیشتمانە و شۆڕشی کوردیش ڕۆژ بەڕۆژ لە زیاتر جاران گەشەی كرد. لەسێدارەدانی لەیلا و هەڤاڵەكانی لە بەغدا وەرچەرخانێكی دیكە بوو لە خەبات لە رێی رزگاریی كوردستان و ترسێكی وایشی خستە دڵی بەعس و جەللادەكانی، كە لە سێبەری خۆیشیان دەپرینگانەوە، چونكە بە چاوی خۆیان دیتییان كچێكی خوێندەواری زانكۆ، دەستبەرداری هەموو ژیانی خۆی دەبێت و رێی سەرفرازی لەپێناو گەلەكەی هەڵدەبژێرێ، بێ ئەوەی بتوانن لەو ئامانجەی پەشیمان بكەنەوە و دەستبەرداری رێباز و ئامانجەكەی بێت، ئەی چۆن رۆڵە قارەمانەكان و پێشمەرگە گیانفیداكان لە چیاكان دەستبەرداری خەبات و تێكۆشان دەبن، كە هەم ئەزموونی پارتیزانی و هەمیش پشتیان بە چیا و ئیرادەی گەلەكەیان قایمە؟

شەهید لەیلا قاسم لە بەغدای پایتەخت و لەناو جەرگەی دوژمن بە سروودی کوردستان و سروودی بەرەو پەتی سێدارە هەنگاوی نا و لەبەردەم پەتی سێدارەدا خۆی سەربەرزانە راوەستا و ترس و لەرزیشی خستە دڵی دوژمنان و بەئاگای هێنانەوە، کە میللەتێ ڕۆڵەی وای هەبێت، هەرگیز سەر بۆ دوژمنان و داگیرکەران دانانەوێنێت. لەیلا قاسم و هەڤاڵەكانی ڕاستە بە جەستە لە مەیدانەكە دوور خرانەوە و لەناوبردران، بەڵام ناوبانگ و هەڵوێستیان بوو بە هەوێنی جۆشدانی لاوان و قوتابییانی دیكەی خوێنگەرم و لەولاشەوە بوون بە وێرد و بەستە و هەڵبەست و گۆرانی بەسەر زاری كوردەوە و تا ئەمڕۆش یادی ئەوان هەر بە شانازی دەكرێتەوە.

گەلێكیش خاوەنی مێژووی پڕ لە قوربانی و گیانفیدایی ئەو رۆڵانەی بێ، داهاتووی رۆشن دەبێ و ئەگەرچی ئەمڕۆ و دوای پەنجا ساڵ لە شەهیدكردنیان، بەشێكی بەرچاو لە مافەكانی گەلەكەمكان بەدەست هێنراون، بەڵام هێشتا ژمارەی دوژمنان زۆرە و نایانەوێ دان بە ماف و داخوازییەكانمان بنێن، بەڵام كورد ئەو رۆژگارانەی تێپەڕاند، كە دوژمنان بە گەلەكۆمەكی و پیلانی هەمەچەشنە بتوانن جینۆسایدمان بكەن و لەناومان ببەن، ئێستا خەبات و تێكۆشانی كورد زۆر چووەتە پێش و كورد بووە بە كارەكتەرێكی هەرەدیار لە نەخشەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تا بەدەستهێنانی تەواوی مافەكانیشی لەو خەبات و تێكۆشانە هەر بەردەوام دەبێ. گەلێك خاوەن ئەو مێژوو و تێكۆشان و قوربانیدانە بێ، سەرەڕای هەموو ئاستەنگ و پیلانگێڕییەكانی دوژمنان، کاروانەکەی هەر دەگاتە مەنزڵ و دوژمنانیشی شەرمەزار دەکات.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP