دواین هەواڵ

ئاسایشی خۆراک لە دیدی دوورمەدای سەرۆکی حکوومەتەوە

‌ئەسرین عاسی شوانی

30/06/2024

لە کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی ڕێزدار مەسرور بارزانی، بیر لە هەموو ئەگەرەکان كراوەتەوە، گرنگترین خاڵیش ئەوەیە كە سەرچاوەی داهات و ئابووریی كوردستان فرەچەشن و فرەسەرچاوە بێت. وەك لە هەواڵەكاندا دەیبینین و شایەدین، لە سەردەمی کابینەی نۆیەمدا سێ سایلۆی شایستەی عەمارکردنی دانەوێڵە دروست كران و تەواو بوون و کرانەوە، بەردی بناغەی چوارەمین سایلۆ لە هەڵەبجەی شەهید لەلایەن سەرۆکی حکوومەتەوە دانرا كە زیاتر لە 26 ملیار دیناری تێدەچێت.

لە رێوڕەسمەكەدا سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە ئامادەبوانی ڕاگەیاند: ”کشتوکاڵ بنەما و شادەماری ئابووریی هەرێمی کوردستانە و ئێمە دەمانەوێت جووتیارەکانمان دڵنیا بن کە رەنج و بەرهەمەکانیان بەفیڕۆ ناچێ.“

دەستبردن بۆ دروستکردنی سایلۆ و بەنداوەکان و دۆزینەوەی بازاڕ بۆ بەروبووم و پەرەپێدانی بواری کشتوکاڵ کە لە دید و هەنگاوەكانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمدا بە فراوانی رەنگیان داوەتەوە و لە کارە لەپێشینەکانیەتی، درککردنە بەو ڕاستییەی کە سەرۆك وەزیرانمان زۆر بە وریایی و بە وردی هەنگاو بۆ بنیاتنانی كوردستانێكی بەهێز دەهاوێژێت.

سەرۆکی حکوومەت زۆر باش لەوە گەیشتووە کە کوردستان وڵاتێکی خاوەن زەویی بە پیت و بەرەکەتە، بەتایبەت بۆ دانەوێڵەی وەک گەنم و جۆ و میوە و بەروبوومەكانی تر، بۆیە لەوەتەی دەستبەكار بووە، بەردەوام لە چەندین بۆنەدا پشتیوانیی خۆی بۆ جووتیاران بە قسە و بە كردار پیشان داوە. سەرۆکی حکوومەت دەزانێ بۆ هەرێمێكی وەك هەرێمی ئێمە، دابینكردنی ئاسایشی خۆراك چەند گرنگە و دەیەوێت لەڕێی بایەخدان ئاسایشی خۆراکەوە، ژێرخانێكی پتەو بۆ كوردستانێكی بەهێز بنیات بنێ، هەر وەك چۆن لە سەرەتای دەستبەکاربوونیشیەوە بەڵێنی بە جەماوەری کوردستان دا کە دریغی نەکات لە خزمەتکردنیان بەبێ جیاوازیكردن لەنێوان ناوچە و شار و شارۆچكەكاندا.  

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP