لە مێژووی عێراق و رەفتاری دەسەڵاتەكانی عێراق لەگەڵ كورد، رەنگە نەشزانن نانی سەرشۆڕی و ژێردەستەیی چەند بێتامە. بەرەی دووەم پێیانوایە ئازادی لە نان گرنگترە و مرۆڤ بە لەتەنانێكی نێو ماڵی خۆی قەناعەت بكات زۆر باشترە لە خوانە چەورەكەی ماڵی دوژمن و داگیركەر و نەیار.
لە ڕاستیدا نان و ئازادی دوانەی پێکەوە گرێدراون، هەر یەک لەو دوانە نەبێت، لێڕەوار دروست دەبێت، بەڵام ئەگەر بپرسین چارەسەر لەم نێوانەدا چییە؟ وەڵام ئەمەیە: بە ڕای من دەستەبەرکردنی ئازادی زۆر گرنگترە لە دەستەبەرکردنی نان، چونکە ئەو نانەی لەسەر خوانی دوژمن و داگیرکەرە، ملكەچی و سەرشۆڕیی لەگەڵدایە، ماوەیەك هەناوت دەحەسێنێتەوە و رەنگە رۆژێك و دە رۆژ تێرت بكات، بەڵام دەبێ ئەوەش بزانیت كە ڕۆژێ دێت، هەمان ئەو دوژمنە سەرچاوەی نانەكەت لێ وشك دەكات و وەك چۆن ئازادی و سەرفرازیی لێ زەوت كردیت، ئاوهاش نانەكەت لێ دەبڕێت، كورد لەمێژە گوتوێتی: گۆشتی لاڕانی خۆم بخۆم، لە منەتی قەساب باشترە.
گەلۆ دەبێ ئەوە بزاندرێ كە دوژمن و داگیرکەر لە عێراق، تەنیا شوناسی دەگۆڕێت، دەنا رەفتارەكان هەر وەك یەكن، لە شاوە دەبێتە سەركۆمار و لە عەرەبی سوننەوە دەبێتە عەرەبی شیعە، ئەویان كیمیابارانت دەكات و ئەمیان مووشەكباران، ئەویان گەمارۆت دەخاتە سەر و ئەویان مووچە و بودجەت دەبڕێت.
بیرتان نەچێ، سەرجەم دەسەڵاتدارانی ئێستای عێراق، کاتێ لە دەسەڵاتدا نەبوون و ئۆپۆزسیۆن بوون، دۆست و هاوسەنگەری ئێوە بوون، کەچی ئێستا كە لە دەسەڵاتدان بە چاوی دوژمن سەیرتان دەکەن. کەواتە عەقڵی داگیركاریی برا چاوڕەشەکانمان! هەمان عەقڵییەتی دەیان سەدەی داگیرکارییە و هەرگیز بیری پێشکەوتن و دەستهەڵگرتن لە داگیركردن و زەوتكردنی مافی گەلانی ژێردەستە لە فەرهەنگیاندا نییە.
بۆیە باشترین بژارە لەبەردەمماندا، سەرەتا پاراستنی ئەم ئازادییەیە، ئەویش لەڕێی وازهێنانی ناپاكان لە ناپاكی و هەنگاونان بۆ ئاشتبوونەوەی نیشتمانی، دەبێ هەموان بگەڕێنەوە سەر رێچكەی كوردایەتیی راستەقینە و دەستبەرداری بەرژەوەندیی تەسكی حزبی بن و بۆ وەدیهێنانی بەرژەوەندییە باڵاكانی گەلەكەمان كە یەكێكیان گوزەرانی باشە بۆ هاووڵاتیان، هەنگاو بنێن، گەڕانەوە بۆ باوەشی دوژمن لەپێناو نان و مووچە، رێك وەك ئەو باڵندەیە وایە كە لەبن تەپكەیەكدا گەنمی بۆ رۆ كراوە و هێدی هێدی دەچێتە بن تەپكەكە و ئیدی راوچیەكە پەتەكە رادەكێشیت و دەكەوێت بەسەر باڵندەكەدا و ئیتر باڵندەكە بۆ هەتا هەتایە، نەك ئازادی، ژیانیش لەدەست دەدات.