ئەم سەرژمێرییە دەبێتە بنەمایەک بۆ مانەوەی عەرەب لە ناوچە دابڕاوەکان و بوون بە زۆرینە و کەمینە بوونی کورد، بۆیە ئەوەی پێویستە بکرێت لەم کاتەدا ئەوەیە سەرکردایەتی سیاسی کورد قورسای خۆیان بخەنە گەڕ کە سەرژمێریی دوابخرێ لەم کاتەدا یان کە کرا کورد بە کۆمەڵێک مەرجەوە بچێتە پرۆسەکەوە کە زیانی لێ نەکات.
بۆ نموونە، هەوڵ بدرێت سنوورێک بۆ تەعریب دابنرێ و کار بە کارتی نیشتیمانی بکرێت هەرچەندە بۆ ئەوەش درەنگە، چونکە عەرەبە هاوردەکان زۆربەیان باری کەسێتیشیان گواستۆتەوە کەرکووک بەتایبەتی لەکاتی ڕاکان جبوری کە هەڵمەتێکی فراوانی تەعریبی دەست پێ کردبوو.
لە هەمووشی گرنگتر ئەگەر سەرژمێرییەکە بەو شێوەیەی ئێستا بەڕێوە بچێت، دەبێت هەوڵ بدرێت کەرکووکییەکان لە شارەکانی هەرێمی کوردستان-ەوە لە ڕۆژی سەرژمێرییدا بگەڕێنەوە کەرکووک و وەک و کەرکووکی و کورد و کوردستانی بەشداری ئەو پڕۆسەیە بکەن. دەبێ دەسەڵاتدارانی سیاسی لە کوردستان هۆشداری و زانیاری پێویستیان بۆ ڕوون بکەنەوە و لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن بە چڕی باس لە گرنگیی بەشداری خەڵکی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم بکرێت و گرنگی سەرژمێرییەکەیان بۆ ڕوون بکرێتەوە، تاوەکوو بە بەرفراوانی خەڵك لە ڕۆژی سەرژمێریی بگەڕێنەوە ناوچەکانیان.هەوڵ بدەن ئەوەی دوژمن بە دەیان ساڵ بۆی نەکرا بە هۆی کەمتەرخەمی خۆیانەوە بۆ داگیرکەران و نەیاران و دوژمنان نەیەتە دی.