دواین هەواڵ

شمشێری کوشتنی خەونەکانی کورد

‌سۆزان حەمە تاتە

12/05/2024

دادگای باڵای فیدراڵیی عیراق لەماوەی چەند ساڵی رابردوو و زیاتریش ئەمساڵ، کۆمەڵێک بڕیاری دژی قەوارەی هەرێمی کوردستان و خەون و مافەکانی دەرکردووە، لەسەروویانەوە وەرگرتنی بڕیار دژی ئەنجامی راپرسیی خەڵکی کوردستان بەئامانجی سەربەخۆبوونی کوردستان دوای ساڵانێکی زۆر لە داگیرکاری و ستەمکردن لێی، کەچی ئەو دادگایە لەبری رێزگرتن لە سەرەتاییترین مافی مرۆڤ و بڕیاردان لە چارەنووسی خۆی، رۆژی ٦ی ١١ی ٢٠١٧ لە بڕیارێکیدا دەڵێت "دەستوور رێگە بە جیابوونەوەی هیچ پێکهاتەیەک نادات"، ئەم بڕیارە تەواو رەهەندێکی سیاسیی بیرتەسکانەی هەیە و راستەوخۆ خەون و مافەکانی نەتەوەی کوردی کردە ئامانج و لەباری برد بۆ ماوەیەکی دوورتر.

‎بڕیاری دیکەی قورسی ئەو دادگایە سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی کوردستان و هەڵپەساردنی کارەکانی کۆمسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسیی کوردستان بوو، ئەگەرچی هۆکاری وەرگرتنی بڕیارەکە هێزە سیاسییەکانی کوردستان بوون کە لەکاتی خۆیدا هەڵبژاردنیان نەکرد و ماوەی پەرلەمان بەسەرچوو، لەگەڵ ئەوەشدا بە دەستلەپشتدانی شیعەکان و هێزی دیکەش، وا رۆژ لەدوای رۆژ دەبینین دادگای باڵای فیدراڵیی عیراق دژی هەر هەوڵ و پیشکەوتنێکی هەرێمی کوردستان دەوەستێتەوە و دەیەوێت بەربەستیان لەبەردەم دروستبکات.

‎دادگای باڵای فیدراڵیی عیراق لە داهاتوودا زیاتر مەترسیی لەسەر هەرێمی کوردستان دروستدەکات، ئەوە جگە لەوەی سیاسەتی عیراق لە بنەڕەتدا دژی پێشکەوتن و لەسەرپێ وەستانی هەرێمی کوردستانە، هاوکات حوکمڕانیی لە هەرێمی کوردستانیش تووشی دەیان قەیرانی قووڵ بووە، لە گەندەڵی و ناشەفافیەت و دەستوەردانی حزب لە حکومەت و ململانێی ناڕاستگۆیانە و دەیان قەیرانی دیکە بووە، خۆ ئەگەر ئەم شێوازە حوکمڕانییەی ئێستا بەردەوامیی هەبێت، ئەوا دەرفەتی زیاتر دەداتە هەر کەس و لایەنێک کە هەوڵی لەباربردنی زیاتری ئەزموونەکە بدەن.

‎راستە دادگای باڵای فیدراڵیی عیراق مەترسیی گەورەیە و بۆمبێکی چێندراوی یاساییە و لەهەر سات و کاتێکدا رەنگە بە کوردستان و ئەزموونەکەدا بتەقێتەوە، بەڵام ناکرێت هەر لۆمەی ئەوان بکرێ و کەموکوڕییەکانی ئەزموونەکەی خۆمان لەبیربکەین و نەیخەینەڕوو، بەڵکو رێگەی راست ئەوەیە حوکمڕانیی لە هەرێمی کوردستان بخرێتەوە سەر رێگەی راست و متمانەی خۆی لای خەڵک بسەلمێنێتەوە، بەشێوەیەک خزمەتی خەڵک بکات و دیموکراسی بەرەوپیش ببات و ئازادیی زیاتر دەستەبەربکات، هەروەها کێشەی بێکاری و مووچە چارەسەربکات و خەڵک هەست بە ئارامی و سەقامگیریی زیاتر بکەن، ئەگەر ئەوەی کرد ئەوا ئەگەر دادگای باڵای فیدراڵیی عیراقیش ویستی هەرێمی کوردستان بەتەواوی بڕوخێنێ، ئەوا خەڵک دەبنە کۆڵەکەی بەپێوە وەساتنی و وەکو هەمیشە کوردستان لە پیلانی دوژمنانی کورد دەپارێزن

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP