دواین هەواڵ

گۆیژەی بریندار و سلێمانیی دڵ پڕ لە خوێن

‌سۆزان حەمە تاتە

27/05/2024

بۆ جوانی بێ یان نیانی، یان بگەڕێیتەوە بۆ سەرەتاکانی بنیاتنانی، سلێمانی هەر لە یەکەمەکانی کوردستانە، کوچە و کۆڵانی، رەز و باخی، شەقام و گرد و بانی، هەتا دەگاتە شاخی گۆیژە سلێمانی بە جوانترین شێوە نەخشاوە.

ئیتر ئێستا وردە وردە بەرەو ئەوە دەچین سلێمانی و جوانییەکانی دەکوژرێ، کەسێک قووت دەبێتەوە و بەناوی ئاوەدانییەوە وێرانی دەکات، رۆحی هەزاران دڵدار و شیعر و یادگاریی دەیان نەوە دەخنکێنرێ، دەزانی سلێمانی بێ گۆیژە و ئەزمەر بەشێکی مێژووەکەی لەنگ دەبێت؟

ئەوە هەموو دەشت و سەوزایی، زەویی زۆر و خاکی سازاو بۆ دروستکردنی شار و ئاوەدانی، بەس کە گۆیژە خۆی ئاوەدانییە، جوانییە، یادگارییە، هێمایە بۆ سلێمانی، بۆ دێن و دەتانەێ بەناوی ئاوەدانییەوە وێرانی بکەن ؟
گۆیژە سەرمایەی نیشتمانییە نەک سەرمایەی سەرمایەدار و کۆمپانیا، رۆحی سلێمانی و گۆیژە نزیک بە سێ سەدەیە لە ژواندان، کەسیان بێ ئەوی دیکەیان هەڵناکەن، کە بتەوێ گۆیژە بڕوخێنی دەبێت ئەوەش بزانی رۆحی شەهیدان و رۆحی  چەندین ژن و پیاوی گەورە، مرۆڤی دڵپاک و هونەرمەند و چەندین ئاوازی گۆرانی و میوزیکیش دەکوژی و وێرانیان دەکەیت.

سلێمانی و گۆیژە هێندەی دیکە باڵای کوردستانیان بەرزکردووە، گۆیژە یادگاریی ئەڤینداران و رێی شانازیی هاتنەوەی پێشمەرگەش بوو بۆ ناوشار، بن دارەکانی بۆ حەسانەوە و دار سنەوبەرەکانی بۆ رەواندنەوەی ماندووبوون و چڕینی سەیرانکارانی هەموو کوردستان بوو، کێ هەیە گۆیژەی خۆش نەوێت؟
گۆیژە رۆحی سلێمانییە، ئاوازی عەشق و هێمای بەرخودانە، گۆیژە بڕووخێن ئیتر هیچ پیرۆزییەک نامێنیت دەستی بۆ نەبەن و نەیکەنە کارگەی بەرهەمهێنانی پارە بۆ چەند سەرمایەدارێکی چاوچنۆک، گۆیژە بریندار بکەن دڵی سلێمانی پڕ دەبێت لە خوێن، ئەوکات زەمەنێک چاوەڕێتان دەکات کە دەرفەتی ژیان و تەنانەت خۆشاردنەوەشتان نامێنێ

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP