دواین هەواڵ

بانگەشەی بێ ئاشوب

‌سۆزان حەمە تاتە

پێش 2 هەفتە

بانگەشەی هەڵبژاردن یەکێکە لە گرنگترین قۆناغەکانی پرۆسەکە، هێزی سیاسی دەتوانێت لە رێگەی بانگەشەی تەندروست و کوالێتی بەرزەوە، کاریگەریی لەسەر دەنگدەر دابنێت بەتایبەت دەنگدەری خۆڵەمیشی کە ئەوانیش توانای یەکلاییکردنەوەی بەشێکی دیاریکراوی ئەنجامەکانیان هەیە.

ئێستا کە هەرێمی کوردستان بە قۆناغی بانگەشەدا دەڕوات، ژمارەیەکی زۆر هێزی سیاسیی بەشداری دەکەن و هەریەکەیان لای خۆیەوە بانگەشە بەڕێوەدەبات، ئەوەی گرنگە لەوە تێبگەین چۆنیەتی بەڕێوەچوونی بانگەشەیە بەشێوەیەک نەبێتە مایەی پەشێوی و بارودۆخی سیاسیی کومەڵگەکەمان بە ئاراستەی خراپدا ببات.
هێزی سیاسیی خاوەن ئەزموون و بەرپرسیار لەوە تێدەگات کە نابێت بانگەشە بگاتە ئاستی دروستبوونی مەترسیی بەلاڕێدابردنی پرۆسەی هەڵبژاردن، بەڵکو کاری جدی بۆ ئەوەیە کە بانگەشەکەی بخاتە خزمەت سووربوونی زیاتری هاوڵاتییان بۆ بەشداریی لە هەڵبژاردن و بەدەستهێنانی زۆرترین دەنگیان لە رێگەی بڕواپێهێنانیان بەوەی ئەوان حزبی جێی هیوا و خەونەکانی ئەوانن و ئەگەر بگەنە دەسەڵات ئەوا خزمەتی زیاترین دەکەن.

بەرنامەی هێزی سیاسیی دەبێت رەنگدانەوەی ویستەکانی خەڵک بێت کە لەکاتی باسکردنیدا، ببێتە جێی هیوای خەڵک و لە دەوری کۆببنەوە، جیا لەوەش ببنە بەشێک لە کاری کرداریی سەروەختی بانگەشە و خاوەندارێتیی لێ بکەن.

لە زۆرێک لەو وڵاتانەی دیموکراسیەکەیان هێشتا نەخەمڵیوە و هێزی دەسەڵاتدار بڕوای بە ئاڵوگۆڕی راستەقینەی دەسەڵات نییە، بانگەشە دەکرێتە دەرفەتێک بۆ شکاندنی یەکتر، هەردوو لایەنی ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵاتدار ناتوانن گفتوگۆی بنیاتنەرانەی بەرنامەکەیان بکەن، بەڵکو لەبری ئەوە پەنا بۆ بەکارهێنانی زمانی زبر و یەکترشکاندن و بێهیواکردنی خەڵک دەبەن، هەمیشە هێزێک کە بڕوای تەواوی بە دیموکراسی نەبێت توانای ئەوەشی نییە بچێتە جەدەلێکی قووڵەوە لەگەڵ هێزی بەرانبەر کە دژی سیاسەت و کار و بەرنامەکانێتی.

هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان گرنگە، لەوەش گرنگتر بەڕێوەچوونی بانگەشەیەکی تەندروست و هەڵبژاردنێکی دوور لە ساختەکارییە، لەوانەش گرنگتر بۆ کوردستان و عیراق و جیهان ئەوەیە: هێزەکانی براوە و دۆڕاو دەرئەنجامەکانی قبووڵ بکەن و بەبیانووی جۆراوجۆر رەتینەکەنەوە.

ئەگەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەئاسایی و بێ لێکەوتنەوەی ئاشووب بەڕێوەبچێت، ئەوا هەرێمی کوردستان پێدەنێتە قۆناغێکی نوێوە و لەسەر ئاستی جیهانیش رێزلێگیراوتر دەبێت، بەپێچەوانەوە مەترسییەکانی سەر هەرێمی کوردستان و خەڵکەکەی زیاتردەبن و دوور نییە داهاتووی ئەزموونەکەمان بکەوێتە مەترسییەوە.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP