دواین هەواڵ

نوگرەسەلمان و کۆتایی گریان

‌سۆزان حەمە تاتە

20/05/2024

نوگرەسەلمان وەکو رەمزی بە زیندوو هێشتنەوەی جینۆسایدی ئەنفالی ساڵی 1988، یەکجار مانا و پێگەیەکی گرنگی هەیە بۆ ئێستا و داهاتوو، پێداگیری لەوەی بکرێتە شوێنێکی پارێزراو و مۆزەخانەیەکی نیشتمانی کاری جدی دەوێت، ئەرکی سەرەکی بۆ بەجێگەیاندنی ئەو کارە لەسەر خەڵک و حکومەتی هەرێم و نوێنەرانی کوردە لە بەغدا تا کەسوکاری ئەنفالکراوەکان دەگەنە مەرازی خۆیان.  

بەرامبەر کاری وا گەورە ئیرادەی نیشتمانیی گەورەشی دەوێت، بەگەڕخستنی هەوڵی گەورە و پاڵپشتیکراو، هەروەها هەوڵی دیپلۆماسیی کاراش، بەلایەنی کەمەوە هێنانە سەر هێڵی نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوەکانی پەیوەندیدار بە جینۆساید لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، لەو رووەوە کاری جدی کەم کراون. 

سەردانیکردنی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان بۆ نوگرەسەلمان و شین و رۆڕۆ لەسەری، بۆ ئەبدەیتکردنەوەی ویژدانی گشتی گرنگن، بەڵام بۆ ئەوەی بکرێتە هێمای جینۆسایدی نەتەوەی کورد، بەس نییە و ناتوانێت ئامانجەکە بپێکێت. 

جینۆسایدی ئەنفال هێشتا لە بازنەی کوردستانیدا قسەی لەسەر دەکرێ، جیهان جینۆسایدکردنی کوردی بەرەسمی نەناسیوە، لەکاتێکدا هیچی کەمتر نییە لە جینۆسایدی ئەرمەنەکان و هۆڵۆکۆستی جووەکان کە جیهان ناسیوێتی و رێگری لە دووبارەبوونەوەی دەکات.  

بێ دەربەستیی جیهان بەرامبەر کورد و جینۆسایدکردنی، بەشی زۆری پەیوەندیی بەوەوە هەیە کە تا ئەندازەیەکی زۆر لەسەر ئاستی کوردستانی، کاری لەسەر نەکراوە، لە دەرەوەش لۆبیی کاریگەری بۆ دروست نەکراوە و ناوەندە نێودەوڵەتییەکان ناچار بەوە نەکراون کاری لەسەر بکەن، تائێستا ناوەندێکی جیهانی بە پاڵپشتی کورد بۆ ناساندنی جینۆسایدی ئەنفالکردنی کورد نەکراوەتەوە.

ئەوەی دەیبینین هەر ساڵانە لە کوردستان یادی دەکرێتەوە، دەکرا ساڵانە سەدان کۆنفرانس لەسەر ئاستی جیهان لەسەر جینۆسایدی کورد سازبکرایە، سەدان کتێب و لێکۆڵینەوە بە زمانە زیندووەکانی جیهان چاپ بکرایە و بنێردرایەتە ناوەند و کتێبخانەکانە بەناوبانگەکانی جیهان، فیلمی سینەمایی لەسەر ئەنفال بەرهەم بهێنرایە، بەڵام هیچ لەوانە نەکراون. دەبێت واز لە باسکردنی ئەنفال بۆ خۆمان بهێنین، ئێمە پێویستمان بەوەیە خەڵکانی دیکە بزانن کورد جینۆسایدکراوە، بیناسن و لەسەری بێنە دەنگ و هاوکارمان بن لە قەرەبووکردنەوەمان و رێگرتن لە ئەگەری دووبارەبوونەوەی، کە ئەوانە نەکراون ئیتر دەبێت بزانین گریان کارێک نییە جینۆسایدی کورد بە جیهان بناسێنێ!.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP