دواین هەواڵ

پەرۆشى پارتی تەنها قەوارەی هەرێمی كوردستانە نەك هەڵبژاردنێكی سەپێندراو

‌رێبوار حەمەلاو شوانی

02/04/2024

ئاشكرایە، هەڵبژاردن بە یەكێك لە بنەما سەڕەكییەكانی دیموكراسییە كە تێیدا بە شێوەیەكی یاسایی و ئاشتیانە  دەسەلات دەستاو دەستی پێدەكرێت ، بۆیە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن بە شێوەیەكی دیموكراسیانە ئاماژەیە بە سیمای پێشكەوتنی هەر گەل و وڵاتێك ، بۆ هەرێمی كوردستانیش بەهەماش شێوە كە ماوەی زیاتر لە سێ دەیە حكوومڕانی خۆی دەكات و مێژوویش گەواهیدەرە پارتی دیموكراتی كوردستان ، بە ڕێبەرایەتی سەرۆك مسعود بارزانی ، لەگەڵ یەكەم هەنگاوەكانی ئازادی ورزگاری خاكی كوردستان لەچەنگ ڕژێمی دیكتاتۆری بەردی بناغەی قەوارەی هەرێمی كوردستانی بەڕێگەی بانگەشە و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی دیموكراسیانە داناوە و بەوڕێگەیەشەوە بەرگریی لە ئەزموونی هەرێمی كوردستان كردووە بەرامبەر هەموو ئەو پیلانگێری و ئاستەنگانەی كە ڕووبەڕوو و دژایەتی وكاریان لە سەر لێدانی سەنگ و پێگەی  قەوارەی هەرێمی كوردستانیان كردووە بە ئێستاشەوە بێت .

هەروەها پارتی دیموكراتی كوردستان هەردەم باوەری كاری پێكەوەیی حزب ولایەنە سیاسییەكانی نێو پرۆسەی سیاسی و حكوومڕانی هەرێمی كوردستان هەبووە ، لە پێناو ئەوەی سەنگ وپێگەی كورد بۆ بەرگریكردن لە مافەرەواكانی چ لە سەر ئاستی عێراق و چە ناوچەكە و نێودەوڵەتیش بەهێز بێت و تا ڕێگری لە پێشێڵكردنی مافەرەواكانی هەرێمی كوردستان بگرێت ، ئەوەش ئاماژەیە بەو دیموكراسی و ئازادییە راستەقینەیەی كە پارتی باوەری پێی هەیە و باج و قوربانی زۆریشی لە پێناودا بەخشیووە .

دەمهەوێت بڵێم ، بەو پێیەی كە پارتی دیموكراتی كوردستان بە درێژایی مێژووی خەباتی چەكداری لە دوێنی  وخەباتی شارستانی ئەمڕۆش هەمیشە بەرپرسیارانە و لە سەختترین هەڵومەرجەكانتدا جیاواز لە هەموو حزب ولایەنەكانی تر كە تەنها لە چوارچێوەی دروشمی بریقەدار و بێ كردەوە ، بە خوێن وگیان و سیاسەت و دیپلۆماسی پێشەنگ و پارێزەر و داكۆكیكاری خاك و شكۆ و مافەرەواكانی كوردستان بووە و هەرگیز شانەی لە هیچ ئەرك وبەرپرسیاریەتییەك خاڵی نەكردووە ، هەر ئەوەشە وایكردووە كە هەمیشە جێگەی متمانەی جەماوەربێت و متمانەی پێبەخشرێت .

هەڵگرتنی ئەرك و بەرپرسیاریەتییە قورسەكان وایكردووە كە پارتی دیموكراتی كوردستان بە درێژایی ئەنجامدانی پێنج خوڵی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەمیشە وەك هێزی یەكەمی كوردستان بێت و خەڵكی كوردستان بەو پەری متمانەیەوە لە سەر ئاستی هەموو كوردستان دەنگی یەكەم بەدەست بێنێت ، پێش هەموو حزب ولایەنەكانی تر ، لەگەڵ ئەوەشدا هەمیشە بەگیانێكی فیداكارانە و دیموكراسیخوازنە هەرگیز باوەری بە خۆسەپاندن بەڕێگەی دەنگی زۆرینە و تاك جەمسەری وحزبی نەبووە و چوونكە پەرۆشی پارتی  ئەزموونی هەرێمی كوردستان و دەستكەوتەكانی و بەهێزكردنی بنەماكانی دیموكراسی و بەرگریكردن بووە لە ماف و پێكهاتەكانی  بووە و هەروەها بوونی كوردستانێكی بەهێز تاكو بەو رێگەیەوە پارێزگاری لە مافەرەوا ودەستوورییەكانی بكات ، نە بەدوای بەرژوەندی وپۆست و پایە ، ئەویش لە پێناو بەهێزكردنی گیانی تەبایی و یەكڕیزی نیشتیمانی ، بۆیە ، بەدرێژایی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەكانی رابردوو بە ئێستاشەوە هەمیشە قوربانی بە دەنگ و كورسی و مافی جەماوەرەكەی داوە و باجی زۆری لەو پێناوەدا بەخشیووە 

بۆیە، كاتی ئەوە هاتووە ئەو حزب ولایەنانەی كە دڵیان بە پشتیوانی نەیارانی كوردستان خۆشكردووە بۆ لێدانی پارتی و قەوارەی كوردستان ، بەهەڵوێستە حزبی و بەرژوەندییە تایبەیەكانیاندا بچنەوە و پرسیارێك لە خۆیان بكەن كە ئایا شكستهێنان بە پارتی و كوردستان كارێكی ئاسانە یانیش جارێكی تر وەك مێژووی ڕەشی رابردوو تووشی هەڵە بوونەتەوە، تا بەڕێگەی بڕیاڕی نایاسایی و دادگای نادەستووری لە ژێر فەرمانی دەرەكی ئەو خەونەی كە چەندین ساڵە پیلانی بۆ دادەرێژین ئەویش نەهێشتنی قەوارەی هەرێمی كوردستان بگەنە مەڕامە شوومەكانیان ، بەڵام پێدەچێت نە پارتی و نە خەڵكی كوردستانیان بە تەواوی ناسیبێت ، ئەگەر ئەمڕۆ خەڵكی كوردستان رەخنەیان هەبێت لە دڵسۆزیانە نەك وەك هەندێك كەس ولایەن خەونی تێكدان و رووخاندنی دەسكەوتەكان دەبینن ، چونكە گەلێكی خۆراگر و شەهیدپەوەر و كوردپەوەر هەمیشە دەنگ و متمانەیان بۆ پارتی پێشەنگ لە پارێزگاریكردن لە مافەرەواكانیان و سەرۆك بارزانی ئاڵاهەڵگری كوردایەتییە ، بۆیە هەمیشە بە یەكەمی و بێ ڕكابەری دەمێنێتەوە .

بۆیە، هەر لەیەكەمین هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە رێكەوتنی 19ی 5ی 1992 پارتی دیموكراتی كوردستان توانی وەك هێزی یەكەم سەركەوتنی بەرچاو بەدەست بێنێت ، ئەو كاتەش لە پێناو بەرژوەندی وبەهێزكردنی بناغەی هەرێمی كوردستان قوربانی بەخشی و هەتا هەڵبژاردنی  خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان  لە رۆژی 30ی 9ی 2018  پارتی دیموكراتی كوردستان توانی 45 كورسی بەدەست بێنێت و وەك هەموو هەڵبژاردنەكانی رابردوو و هەر هێزی یەكەمی سەر گۆڕەپانی خەباتی سیاسی و دیموكراسی و شارستانی هەرێمی كوردستان درێژە بەخەباتی بدات ، بەڵام هەرگیز بە بیرێكی زۆرینە مامەڵەی لەگەڵ حزب ولایەنە سیاسییەكانی كوردستان نەكرد ،ئەوەش ئاماژەیە ، پەرۆشی پارتی تەنها بۆ پارێزگاریكردنە لە قەوارەی هەرێمی كوردستان ومافی هەموو پێكهاتەكان نەك ترس لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی سەپێنراو .

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP