دواین هەواڵ

كردەوەكانی پەكەكە نا كوردانە و نایاسایی و تێكدەرانەنن

‌رێبوار حەمەلاو شوانی

18/07/2024

بەگەڕانەوەی بۆ لاپەرەكانی مێژوو ،وڵاتانی داگیركەر و نەیاری كوردستان هەمیشە هەر دەرفەتێك دەقۆزنەوە بۆ ئەوەی زیان بە دۆزی كورد و دەستكەوتەكانی بگەێنن ،بەتایبەتی ئەم قەوارەیە كە بەرهەمی خەبات و قوربانیدانی دەیان ساڵە و ماوەی زیاتر لە 32 ساڵە حكوومرانی خۆی دەكات ، ئەوەی پەكەكە دەیكات تەنها خزمەت كردن و بەهانە پێدانە بە سوپای داگیركەر و گواستنەوەی شەڕ وململانێیەكان لە نێو خاكی توركیا بۆ نێو خاكی باشووری كوردستان ، ئەوە نە خەبات و نەخزمەتكردن و رزگاركردنی خاكی باكووری كوردستانە بەڵكو خزمەتكردنە بە توركیا و وادەكات زیاتر پێگەی خۆی لە نێو خاكی هەرێمی كوردستان بەهێزتر بكات و زیان بە گەلی كورد بگەێنێت و وێرانكاری زیاتر بەدوای خۆیدا جێبهێڵێت 

بەگەڕانەوەش بۆ لاپەرەكانی مێژوو سەرۆك مستەفا بارزانی و سەركردایەتی شۆڕشی ئەیلوول لە "سپتێمبەر"ی ساڵی 1970دا ڕژێمی بەعسی عێراقیان ناچار كرد بە مۆركردنی ڕێككەوتنامەی 11ی ئادار "مارس". چونكە دەوڵەتی توركیا ترسی لەوە هەبوو كە پڕیشكی شۆڕشی ئەیلوول تەشەنە بكاتە باكوری كوردستان و گیروگرفتی بۆ بخوڵقێنێ، بۆ بەرگری كردن لێی، عەبدوڵا ئۆجەلان و چەند كەسی‌تری دایە پێشەوە، كە لەژێر ناوی شۆڕشگێڕیدا، خۆیان ڕێكبخەن و بە پلانی دەزگای هەواڵگریی توركیا "میت" دژی بزوتنەوەكانی كورد لە باكوری كوردستان كار بكەن.

میخائیل یوحەننا "تارق عەزیز"، جێگری پێشوی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران عێراق لە سەردەمی ڕژێمی سەدام حوسێن دا، لە بیرەوەرییەكانیدا ئاماژەی بۆ ڕای كاربەدەستانی تورك بەرلە مۆركردنی ڕێككەوتنامەی 11ی ئاداری 1970 دەكات و دەڵێت: (چەند جارێك داوایان لە ڕژێمی بەعس كرد كە لە لەگەڵ بارزانی ڕێكنەكەوێ و ئەوان ئامادەن لە شكاندنی شۆڕشدا هاوكاریان بكەن، بەڵام حكومەتی بەعس بەهۆی تێكشكانەكانی لە بەرامبەر شۆڕشی ئەیلوولدا تاقەتی خۆڕاگرتنی نەمابوو، و ناچار بوو مل بۆ خواستی كورد ڕاكێشێت.) بۆ ئەوەی لە ڕاستی ئەو دیاردەیە بگەین، باشترە بزانین ئۆجەلان خۆی چۆن لە هاوكاریی كردنی لەگەڵ دەوڵەتی توركیا دەدوێت: 
- (من لە ساڵی 1966وە پاڵم بە دەوڵەتەوە دا و لە ساڵانی 1977- 1978یشەوە پرۆسەی دوور كەوتنەوەم لە دەوڵەت دەستی پێكرد. بە تەواوی دوازدە ساڵ بە ئیمكاناتی مادی و دەرەتانێك كە دەوڵەت بۆی جێبەجێ كردم چوومە پێشەوە(1).)

میتی توركیا بەهۆی عەبدولڵا ئۆجەلان و ئەو ژمارە سیخوڕانەی كە لە زانكۆكاندا هەیبوو، گروپە خوێندكارەكانی لە زانكۆی ئەنكارا و شارەكانی تر كۆنترۆڵ كرد. لە كۆتایی ١٩٧٨، عەبدوڵا ئۆجەلانی بەكار هێنا و پێشی بە ڕەگاژۆیی كردنی شۆڕشی گوڵان گرت بۆ وڵاتەكەی و سەرئەنجام ڕژێمی عێراق بە هاوكاریی ڕاستەوخۆی ئێران و توركیا و پلانێكی نێو دەوڵەتی، شۆڕشەكەی ڕاوەستاند. 
ئەوەی لەماوەی رابردوو و بە ئێستای كردەوەكانی پەكەكە بینراوە ئەو راستیەیە كە ، پەكەكە شوێنی ڕووبەڕووبوونەوەی خۆی لەگەڵ سوپای توركیا بەجێهێشتووە و هاتووەتە هەرێمی كوردستان و وایكردووە كە شەڕەكە بگوازێتەوە نێو خاكی باشووری كوردستان لە سنوورێكی بەفراوان هەر لە قەندیلەوە تا خواكورك و شەنگال و مەخموور و ئامێدی و باشیك وهتد.. كە هەموو ئەمانە ئامانج تێیدا زیانگەیاندنە بە دەستكەوتەكانی هەرێمی كوردستان.

مەبەست لە هێنانەوەی ئەم دیكۆمێنتە مێژووییە ئەوەیە كە هەتا ئێستا پەكەكە درێژەدەری ئەو پیلانەیەڤكە میتی توركیا بۆ دادەڕێژێت. بە ڕەواڵەت نەیاری ڕژێمی توركیایە و هاوكاریی لەگەڵ سوریا، ئێران و عێراق دەكات و لەلایەكەی تردا بە فەرمانی ڕژێمی توركیا و ئەو سێ داگیركەرەی تر، دوژمنایەتی هەرێمی كوردستان دەكات. موڵك و ماڵی خەڵك و بازار دەسوتێنێت. مین لەسەر جادەكان دادەنێت و كاربەدەستانی حیزبیی و حكومی تیرۆر دەكات.

١ـ هەندێك لە نوسراوە كۆكراوەكانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لەنێوان ساڵانی ١٩٨٤- ١٩٩٥، بەناوی (زمان و بزاڤی شۆڕش)، بڵاوكراوەی سەرخۆبوون، ژمارە ٨٢، لاپەرەی ٩٣، ڕۆژی١/٨/١٩٩٦، بە زمانی توركی، Devrimin dili ve Eylemi.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP