دواین هەواڵ

تورکیا و غەززە، عێراق و سوریا

‌حەسەن ئەحمەد مستەفا

11/02/2024

بەشی دووەم

لە ساڵانی ڕابردوودا تورکیا خۆی وەک هاوبەشێکی گرنگی دەریایی لە دەریای ناوەڕاستدا جێگیر کردووە، پەیماننامەیەکی دەریایی لەگەڵ حکومەتی (تەرابلوس) دامەزراندووە کە جەخت لەسەر ڕۆڵ و بەرژەوەندی تورکیا لە دەریایی سپی ناوەراست دەکاتەوە ناچارییە کە ململانێی (ئیسرائیل وغەززە)ش لەخۆدەگرێت. ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا بۆ نۆیەمین کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای ستراتیژی تورکیا وقەتەر وچلوچوارەمین کۆبوونەوەی لوتکەی ئەنجومەنی هاوکاری کەنداو، لە دوحە بوو.

ئامادەبوونی سەرۆکی تورکیا لە کۆبوونەوەکانی CEC ئاماژەیە بۆ گۆڕانکارییەکی دەریایی لە پەیوەندییەکانی تورکیا لەگەڵ نەتەوەکانی کەنداوی عەرەبی، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ئەنقەرە تەنها چەند ساڵێک لەمەوبەر لە ململانێیەکی تاڵدا لەگەڵ ڕیاز و ئەبوزەبی تێوەگلاوە.

هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە کاتی گەشتەکانیدا بۆ پایتەختەکانی ناوچەکە هەوڵی بە نێودەوڵەتیکردنی کێشەی غەززەیدا و داوای ئاگربەست و پاشەکشەی سەربازانی ئیسرائیلی لە غەززە و هاوکاری بێ سنوور بۆ ناوچەکە دەکرد و بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە دەبێت کێشەی فەلەستین بخرێتەوە سەر کارنامەی ناوچەیی و نێودەوڵەتی و (چین وروسیا)ش رۆڵیان لە چارەسەرەکەدا هەبێت.
سەردانی وەزیری بەرگری تورکیا بۆعێراق دەشێت لە سێ رەهەندەوە هەلبسەنگێنین

-تورکیا بە هۆی چەندین پێدراوی جێۆگرافی زیندوو بەردەوام لە کێشەکاندا لایەندارەو ناتوانێت بێلایەن بێت.

- تورکیا هەمیشە دەیەوێت لە ململانییەکاندا سود لە لایەنە بەریەککەوتووەکان وەربگرێت، لاوازییەکانیان دیاری دەکات وکار لەسەر بەرژەوەندییەکانی نەتەوەیی تورک دەکات.

- تورکیا لە ناو گێژاوی ڕوداوەکاندا دەخوازێت دەسکەوتی ئەمنی سەبارەت بە پرسی کورد بەدەست بهێنێت.

وەزارەتی بەرگری تورکیا سەبارەت بە سەردانەکەی (یاشار گولەر) وەزیری بەرگری تورکیا بۆ هەرێمی کوردستان وعێراق رایگەیاند کە پێویستە جارێکی دیکە ئەوە بیربخرێتەوە کە چاومان لەسەر خاکی هیچ کەسێک نییە. تەنیا خەمی ئێمە دەستەبەرکردنی ئاسایشی وڵاتەکەمان ومیللەتەکەمان وسنوورەکانمانە٫ ئەم لێدوانە بۆ چاودێرانی سیاسی کەتورکیا دەناسن مانایەکی تەواو جیاوازی هەیە لەو مانایەی بۆ ( چاودێرانی دیکە)ی هەیە.

لە ئێستادا بەرپرسانی تورکیا سەردانی عێراق و وڵاتانی دیکە دەکەن. تورکیا بە ئاشکرا لە عێراق وهەرێمی کوردستان زیاتر پێویستی بە هاوکاری ئەمریکا هەیە لە شەڕی دژ بە پەکەکەدا، بەو پێیەی ئەمریکا لە کوردستانی سوریا لە ڕێگەی پەیەدە بەردەوامە لە پاڵپشتیکردنی پەکەکە. پێناچێت ئەمریکا ئامادەبێت بەتەواوەتی لەگەڵ تورکیا دژی پەکەکە کاربکات. تورکیا هێشتا بەدوای بەدەستهێنانی فڕۆکەی جەنگی (سیخۆ ٣٥ی) ڕووسیایە، سەرۆک (پوتین) لە ٩ی فەبریوەری ٢٠٢٤ ئامادەیی خۆی دەربڕی بۆ فرۆشتنی فرۆکە بە تورکیا. ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە ئامانجەکانی (تورکیا) جیاوازن لە ئامانجەکانی (ئەمریکا). با شۆڕبینەوە بۆ ناو ناکۆکییە هەنوکەیەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ولە (پێشنیارەکەی تورکیا)وە دەست پێ بکەین.

"سیستەمی گەرەنتی" تورکیا بۆ شەڕی غەززە

سەرەتا تورکیا هەوڵیدەدا لە گۆشەنیگای جۆراوجۆرەوە دەستوەردان لە شەڕەکەدا بکات، لەوانە (بەرژەوەندییە دەریاییەکانی تورکیا)، ڕۆڵی دەسەڵاتی تورکیا لە چوارچێوەی (تێۆری سنوورداری پان عوسمانیزم)دا وبەرژەوەندییەکانی ئەمنی تورکیا لە ئەنجامی شەڕی غەززەدا هاندەری سەرەکی بووبێت بۆ تێوەگلانەکانی.

تورکیا پێشنیاری "سیستەمی گەرەنتی"ی کرد بۆ وەستاندنی ململانێکانی (غەززە) ودڵنیابوون لە ئاشتی درێژخایەنی نێوان (فەلەستین)ییەکان و(ئیسرائیل)یەکان. گوایە (بیرۆکەی تورکیا) بۆ ئەوەیە (وڵاتانی بیانی) لە ناویاندا (ئەمریکا) وبەتایبەت (تورکیا) بتوانن وەک (ناوبژیوانی هەمیشەیی) لە کێشەکەدا کاربکەن و(ئیسرائیل)یەکان و (فەلەستین)یەکان لە سنوری خۆیاندا بهێڵنەوە، لە ئەگەری پێشێلکردنی هەر ڕێککەوتنێکی ئاشتی (سزا)یان بدەن.

ئەمە بیرۆکەیەکی نێوەندگیری تۆکمەیە، بەڵام بۆ دۆخی (ئیسرائیل وفەلەستین) کێشەدار بوو لەو کاتەوەی ئیسرائیل (ناتانیاهۆ وتیمەکەی) پێیانوابوو ئیسرائیل بۆ یەکەمجارە لە دوای ساڵی( ١٩٤٨)ەوە لە ژێر مەترسی گەورەدایە، هەربۆیە پاڵیان بە هەڵوەشاندنەوەی حەماسەوە نا.

تورکیا لە سەرەتادا تەحەدایی بوو. تەنانەت لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە ١٦ی ئۆکتۆبەر، (هاکان فیدان)، وەزیری دەرەوەی تورکیا ڕایگەیاند کە تەنیا چارەسەری (دوو دەوڵەتی) دەبێتە هۆی ئاشتی درێژخایەن لە ناوچەکەدا، جەختیشی لەسەر پێویستی (کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی) کرد بۆ ئەوەی فشار بخاتە سەر ئیسرائیل وهێرشەکانی بوەستێنێت. ئەوەبوو لە ٢١ی ئۆکتۆبەر (فیدان) لە (کۆنفرانسی ئاشتی قاهیرە)سەبارەت بە فەلەستین بە فەرمی پێشنیاری "سیستەمی گەرەنتی"ی کرد.

هەرچەندە ئەمریکا لە سەرەتای دەستپێکردنی ململانێکانەوە هانی (ئیسرائیل)ی داوە کە (حەماس) کۆتایی پێبهێنێت، (سەرەدا)نە گەرمەکان، هێنانی (چەکی ستراتیجیک) و(لێدوان)ەکان لە (گڵۆپی سەوز) زیاتر بوون. لە ئێستەیشدا بانگەوازەکانی (ئیدارەی بایدن) بۆ ئاشتی لە سەرمایەگوزاری سیاسی لە ساڵێکی (هەڵبژاردن)دا زیاتر نین.

ئێستا تورکیا هەوڵدەدات سەرمایەگوزاری لە جەنگەکەدا بکات لەکاتێک دا نەیتوانی کۆتایی بە ململانێکان بهێنێت. تورکیا دەزانێت ئیسرائیل بەشێوەیەک (غروور)ی شکاوە کە تاکۆیایی ئامانجەکانی ناوەستێت، هەرچەندە ئەم جەنگە لەسەر(دەریا)یەک رویداوە کە چەند ساڵێکە تورکیا رۆڵی لێ پەیداکردۆتەوە وبۆ تورکیا مایەیی هەڵوەستەیە، لە ئاستی وشکانیشدا بۆ ئەوەی دەرەنجامە پێشبینی نەکراوەکانی جەنگەکە (ئاسایشی نەتەوەی)ی تورکیا نەخاتە مەترسییەوە، هەڵمەتێکی (دیپلۆماسی) بە (ئەجێندای ئەمنی) بۆ (عێراق) وگەلانی دیکە دەستیپێکردووە.

بیرۆکەکە ئەوەیە ئەگەر تورکیا نەیتوانی کۆتایی بە شەڕەکە بهێنێت،دەتوانێت (مامەڵە)ی لەگەڵدا بکات، مامەڵەیەک کە لەبری (شتێک)، (شتێک)ی دیکە بەدەست بهێنێت، وەک مامەڵەی رازیبوون بە ئەندامییەتی سوید لە پەیمانی باکوری ئەتلەسی لەبەرامبەر ئیف١٦دا.

ماویەتی..
لەبەشی سێیەمدا باس لە ڕۆڵی عێراق لە گەمەی ئێران- ئەمریکادا دەکەین..

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP