دواین هەواڵ

دەوڵەتی قوڵ لە ئێران، تورکیا، عێراق و مسر

‌حەسەن ئەحمەد مستەفا

09/07/2024

بەشی سێیەم

(عێراق)

لە سەردەمی دیکتاتۆریەتی (سەدام) دا  دەوڵەتی قووڵ لە عێراقدا نەبوو، ڕژێم خۆی هەمووشتێک بوو، لە دوای 2003  دەوڵەت، یا دەسەڵاتی قوڵ لە عێراق بە تۆڕێک لە داموودەزگە، میلیشیاکان و کەسایەتییە سیاسییەکان دەگوترێت، کە لە پشت پەردەوەوە  کۆنترۆڵکردنی سیاسەت و ئاراستەی دەزگە فەرمییەکانی حکومەتی عێراق دەکەن.

ئەم تۆڕە زۆرجار توخمەکانی سەربازی و دەزگا هەواڵگرییەکان و گروپە نیمچە سەربازییەکان و نوخبە سیاسییەکان لەخۆدەگرێت.

مێژووی دەوڵەتی قووڵ لە عێراقدا ئاوێتەی پێشهاتە سیاسییەکان و  ململانێی دەسەڵات لە ناوخۆی شیعەکان بووە، سەرنجی قوڵی لەسەر لەقالبدانی کورد وسڕینەوەی میراتی سونەیە لە دەسەڵاتی عێراقدا، وەکالەتی ئێرانیشی کردووە لە جەنگی داگیرکەردا.

لە (١٩٦٨-٢٠٠٣)لەسەردەمی ڕژێمی (سەدام حوسێن)دا ،  عێراق لە ڕێگەی تێکەڵەیەک لە سەرکوتی دڕندانە و تۆڕی هەواڵگری بەرفراوان و ئامادەیی سەربازی بەهێز بەڕێوەدەبرا.

ئەمن و ئیستیخبارات و ئامێرە ئەمنییەکانی دیکە ڕۆڵی چارەنووسسازیان لە سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکان و پاراستنی کۆنترۆڵی ڕژێم بەسەر عێراقەوە هەبوو. 

 لە کاتێکدا ئەم قۆناغە بە حوکمڕانی تاکڕەوانە دەناسرێت نەک دەوڵەتێکی قووڵ بەو مانا هاوچەرخەی مەبەستمانە.

شێوازەکانی کۆنترۆڵکردن و چاودێری نهێنی سەردەمی بەعس ئەزموون و مەفهوموو پێشینەیەکیان بۆ پێکهاتەکانی دەسەڵاتی داهاتوو دوای 2003 ئامادەکرد، بە چەشنێک ئەزموونی دامەزراوەکانی ئەمڕۆی عێراق بەشێکی بۆ ئەوان ڕۆژان دەگەڕێتەوە کە بەعس حوکمی دەکرد.

لەو بۆشاییەی دەسەڵاتدا کە بەهۆی ڕووخانی (سەدام حوسێن)ەوە دروست بوو، ئێران بە خێرایی هەنگاوی ناوە بۆ زیادکردنی نفوزی خۆی لە عێراقدا.  میلیشیاکانی پاڵپشتیکراوی ئێران، لە نموونەی حیزبوڵڵا و عەسائیب، وەک یاریزانێکی بەرچاو لە دیمەنی ئەمنی عێراقدا دەرکەوتن. 

ئەم میلیشیایانە کاریگەرییەکی بەرچاویان لەسەر بابەتە سیاسی و ئەمنییەکان هەیە، بە پلەیەک بە سەربەخۆیی و زۆرجار لە دەرەوەی کۆنترۆڵی حکومەتی ناوەندی کاردەکەن.

دەوڵەتی قوڵ لە بەرەسمی کردنی حەشدی شەعبی کە بە سوپای پاسدارانی عێراقیش دەناسرێت جێگیرتر بوو، لە هەڵبژاردنە گشتییەکاندا نوێنەری پارتەکانی سەربە ئێران دەگەنە پەڕلەمان ولەحکومەتدا پشکی گەورەیان هەیە، بەچەشنێک کە دادگای باڵای فیدڕاڵی و دەزگەکانی دادوەریش بەشێکن لە دەوڵەتە قوڵەکە، لە دوای 2003 تا دواین هەڵبژاردن خۆی قایم کردووە، هەرگیز دەوڵەتی قوڵ ڕێگەی نەداوە براوەی هەڵبژاردن حکومەتی عێراق فۆرم بکات.

لە دوکاتی جیاوازدا هەرچەندە زۆرینەشیان هێنابوو،  ڕێگە بە ئەیاد عەلاو و موقتەدا سەدر نەدرا حکومەت دروست بکەن.

کەسایەتییەکانی وەک نوری مالیکی کە لە ساڵی ٢٠٠٦ تا ٢٠١٤ وەک سەرۆکوەزیرانی  عێراق کاری کرد، پەرەی بە  چەسپاندنی دەسڵاتی قوڵدا.

لە سەردەمی مالیکیدا،  میلیشیاکان و هاوپەیمانە سیاسییەکانیان کاریگەرییەکی بەرچاویان بەسەر دامەزراوەکانی دەوڵەتدا هەبوو. 

 پارتی دیموکراتی کوردستان تاکە هێزی عێراق بوو، بەرەنگاری دەوڵەتی قوڵدا دروست کرد.

لەکاتێک دا حەشدی شعبی بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش دامەزراو پێشمەرگەی کوردستان سەری ڕەمی جەنگی تێکشکاندنی داعش بوو، بەڵام حەشدی شەعبی پەلاماری کەرکوک و پێشمەرگەیدا. 

جگە لە سەرکوتکردنی موقتەدا سەدر،  ناڕەزایەتییەکانی ساڵی ٢٠١٩ یش لەلایەن داودەزگەو ملیشیاکانی دەوڵەتی قوڵ سەرکوتکران، بەسەدان لاوی عێراق لەشارە شیعییەکان کوژران.

دەوڵەتی قوڵ لە عێراق بۆ بەرژەوەندی دەرەکی کاردەکات، کۆنتڕۆڵی سەرچاوە داراییەکانی کردووەو، عێراقیش دووچاری گەورترین پشتگوێخستنی خزمەتگوزاری بوە، کێشەی خزمەتگوزاری تەندروستی، ئاوی پاک، بەبیابان بوون،  ئاسایش وگەندەڵی سیستەماتیک ناڕەزایی گەورەی لێکەوتۆتەوە.

ناڕەزایێەکان کە عێراقی بۆ جیهان ئاشکراکرد، ئاشکرای کرد کە مافیاگەری دەوڵەتی قوڵ ئایندەی گەلانی عێراق بەرەو تاریکی دەبات.

بێ ویستی عێراقییەکان و حکومەتی عێراق، دەوڵەتی قوڵ عێراقیکردە مەیدانی تەسفیەیی حساباتی نێوان ئێران و ئەمریکا.

تەحەددای بەردەوام لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق لە ساڵی ٢٠٢١دا دیمەنێکی سیاسیی پارچەپارچەی بەخۆیەوە بینی، لەکاتێک دا هیچ لایەنێک زۆرینەی یەکلاکەرەوەی بەدەست نەهێنا.

 هەڵبژاردنەکان جەختی لەسەر ئاستەنگە بەردەوامەکانی حوکمڕانی لە وڵاتێکدا کردەوە کە دەوڵەتی قووڵ ومیلیشیا ڕەگداکوتاوەکان و کوتلە سیاسییە دووڕەگەکان بڕیاری یەکلاییکەرەوەی تێدا دەدەن.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP