دواین هەواڵ

لە چاوەڕوانیی تەقینەوە گەورەکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا

‌عادل باخه‌وان

8 کاتژمێر پێش ئێستا


بەدرێژایی هەفتەی ڕابوردو، چەندین نامەم بۆهاتوەو خوێنەرانم پرسیاری ئەوەدەکەن کە، لەچاوەڕوانی لێدانی ئێراندا، چی ڕودەدات و چی لە ئارادایە و ئایا گریمانەی تێکەڵبوونی عێراق و هەرێمی کوردستان بە جەنگی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تا چەند بەهێزە ؟

من سەرەتا داوای لێبوردن لە خوێنەرانم دەکەم، ئەم ڕۆژانە زیاد لە جاران، کۆنفرانس و سیمینار و دیدارە میدیایەکانم لێرە لە ئەوروپا بەشێکی زۆر لە کاتەکانیان بردوم و دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەموو لایەکی زیاد لە سنور سەرقاڵکردوە، بەڕادەیەک کە ئەنتۆنای کوڕیشم کە تەمەنی تەنها شەش ساڵە، کە بەیانیان لە خەو هەڵدەستێت، یەکسەر لێمدەپرسێت : بابە، ئیسرائیل لە ئێرانی دا یان نا ؟

بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەم تێبینیانەم لەسەر دۆخەکە، بەشێوەیەکی گشتی و بەزمانێکی سادە دەخەمە ڕوو، بەئومێدی ئەوەی لە کات و شوێنی دیکەدا بتوانین بەقوڵتر قسەیان لەسەر بکەین.

یەکەم : بەپێچەوانەی زۆر لەو تێزانەی کە بەشێکی زۆر لە هاوکارەکانم لە ناوەندەکانی توێژینەوەی ئەوروپی لەسەر ئامانجی ئیسرائیل لە جەنگی غەزەدا بەرهەمیدەهێنن و پێیان وایە ئامانج تەنها تێکشکانی حەماسە، من پێموایە ئامانجەکە زۆر لەوە فراوانترە و ڕێک ئەوەیە کە دۆنالد ترامپ گوزارشتی لێکرد و گوتی : ئیسرائیل بچوکە و دەبێت خۆی فراوانبکات. هەموو ئاماژەکان بەو ئاڕاستەیەدا دەمانبەن کە حکومەتەکی بنیامین ناتانیاهۆ بیەوێت غەزە لەڕێگای زەبروزەنگی ڕادیکاڵەوە بە ئیسرائیلەوە بلکێنێت و ئەو دوو ملیۆن و سێسەد هەزار غەزاویەش ڕەوانەی ئەودیوی سنور بکات.

دوو : بەڵام ئەوەی تائێستا ڕێگای لە جێبەجێکردنی ئەم ئامانجە گرتوە، دوو هۆکاردن، یەکەمیان ڕەتکردنەوەی ئەم پلانە لەلایەن کۆی دەوڵەتانی ناوچەکە و سیستمی جیهانیەوە، بە ئەمەریکاشەوە. دوهەمیشیان، بریتیە لەوەی کە، ڕاستە ئیسرائیل سەرکەوتوبوە لەوەی کە تەواوی کەرتی غەزە بکات بە دۆزەخ، بەڵام ئەو دوو ملیۆن و سێ سەد هەزار غەزاویە، بە خواستێکی پۆڵاینەوە، دەیانەوێت لەو دۆزەخەدا بمێننەوە، چونکە تەواو وشیارن بەوەی کە کۆچکردن بەهیچ شێوەیک گەڕانەوە بۆ نیشتمانی بەدوادا نایەت.

سێهەم : ڕاستە دواکەوتنی لێدانی ئێران لەلایەن ئسرائیلەوە بەشێکی گرنگی پەیوەندی بە گفتوگۆی نێوان واشنتۆن و تەلئەڤیڤەوە هەیە لەسەر سروشتی لێدانەکە، بەڵام من یەکێکم لەوانەی کە پێیانوایە، سەرەڕای هەموو کارتەکانی فشاریش، لەکۆتاییدا هیچ گەرەنتیەک نیە کە بنیامین ناتانیاهۆ بەڵێنەکانی بباتەسەر و لە ژێرخانی ئەتۆمی یان نەوتیەکانی ئێران نەدات. وەک دوێنێ لە کۆنفرانسێکدا لە پاریس گوتم : لەگەڵ ئەم سەرۆکوەزیرانەدا، تاکە دڵنیاییەک هەبێت بریتیە لە نادڵنیایی.

چوارهەم : گۆرینێکی ڕادیکاڵ لە هەڵوێستی فەرەنسادا. ماوەی هەفتەیەکە پەیوەندیەکانی نێوان سەرۆک ماکرۆن و حکومەتی ئیسرائیلی لە تێکچونێکی خراپدایە و سەرەتا بەو لێدوانەی سەرۆک دەستیپێکرد کەداویکرد : چیتر چەک بە ئیسرائیل نەدرێت بۆئەوەی ناچاربکرێت بە ڕاگرتنی جەنگەکانی. بنیامین ناتانیاهۆ وەڵامی دایەوە بەوەی کە ئەمە حەیاچوونە بۆ فەرەنسا کە خاوەنی ئەم گوتارە بێت. پاشان سەرۆک ماکرۆن، دوێنێ بەزمانێکی هەڕەشەئامێزەوە ڕویکردە بنیامین ناتانیاهۆ و پێیی گوت : نابێت هەرگیز ئەوەت لەبیربچێت کە دەوڵەتەکەت، بەبڕیاری نەتەوە یەکگرتوەکان دروستبوە ! بنیامین ناتانیاهۆش لەوەڵامدا وتی : نەخێر، ئیسرائیل بەرهەمی خەباتی ئەو جولەکە پاڵەوانانەیە کە لە ڤیشی، فەرەنسا ویستی ڕادەستی هیتلەریان بکات، بەڵام خۆیان ڕزگارکرد و ئیسرائیلیان دروستکرد.

پێنجەم : ئەوانەی کەڵک لە تێکچوونی پەیوەندیەکانی نێوان فەرەنسا و ئیسرائیل وەردەگرن بریتین لە ئێران، تورکیا، لوبنان، عێراق، یەمەن و فەلەستین. بێهودەنیە کە سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرۆککۆماری ئێران بەخێرایی و لەم چەند ڕۆژەدا پەیوەندی تەلەفونیان لەگەڵ سەرۆک ماکرۆندا ئەنجامدا.

شەشەم : ئەوانەی کە ئەم تێکچوونەی پەیوەندیەی نێوان پاریس و ئیسرائیلیان پێخۆشنیە و خەون بەوەوە دەبینن کە ئیسرائیل لەیەککاتدا ئێران و لوبنان و غەزە تەختبکات، وڵاتانی کەندا و میسر و ئوردنە و لەپێش هەمووشیانەوە عەرەبی سعودیە و ئیمارات، بەڵام بەهیچ شێوەیەک گوێمان لە دەنگیان نابێت. ئەوان ئێران و برایانی موسوڵمان وەک دوژمن دەبینن و ئەوەی ئیسرائیلیش ئێستا دەیکات، ڕێک ئەوەیە کە ئەوان دەیانەوێت.

حەوتەم : لەنێوان ئەو دو بلۆکەی سەرەوەدا، بەرژوەندیەکانی هەرێمی کوردستان لەکوێدان ؟ چەند گرنگبوو، دەستەبژێری هەرێمی کوردستان، بە دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆنەوە، سەرەڕای هەموو جیاوازیەکانیان، بۆ ئیدارەکردنی بەرژەوەندیە باڵاکانی هەرێمی کوردستان لەنێو قەیرانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ئەنجومەنێکی باڵایان هەبوایە و هەفتانە کۆبوونەوەیان بکردایە بۆ دەستنیشانکردنی ستراتیژیەتی ڕوبەڕوبوونەوەی قەیرانەکان و پاراستنی بەرژوەندیە باڵاکانی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان.

هەشتەم : لەم ڕۆژانەدا پرسیارێکی زۆر گرنگ دەکرێت لەسەر پەیوەندیەکانی نێوان کۆماری ئسیلامی و ئیسرائیل و پرسی دانوستان لەنێوانیاندا ! من یەکێکم لەوانەی کە ئەمە بە موستەحیل نازانم. گەر ئێرانی ئایەتوڵاکان، لە ٢٠١٥ دا دانوستانی لەگەڵ ئەمەریکاداکردبێت، کە بەشەیتانی گەورە ناویدەبات، چ ڕێگای لێدەگرێت کە، لە پێناوی مانەوەی ڕژێم و بەرژوەندیە باڵاکانیدا، دانوستان لەگەڵ ئیسرائیل، کە لای ئەو شەیتانی بچوکە، بکات ؟
نۆیەم : بەشێکی زۆری دەوڵەتەکانی جیهان لەدەرەنجامی جەنگەکاندا لەدایکبوون، هەر لە ئەمەریکاوە تا دەگاتە قەتەر. گەر جەنگە گەورەکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرپاببێت، وەک ئەوەی کە زۆربەی هەرە زۆری ناوەندەکانی بڕیار لە ڕۆژئاوا لێدەترسن، دەکرێت سەرەتایەکی نوێبێت بۆ هەڵوەشانەوەی چەندین دەوڵەت و سەرلەنوێ دروستبوونی چەندین دەوڵەتی دیکە و ئەمەش کۆی پرۆسێسی بیناکردنەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی پێش ٧ی ئۆکتۆبەر دەگۆڕێت و نەخشەیەکی دیکەی دەهێنێتە ئاراوە.

لە دۆخێکی یەکجار ناسک و ترسناک و ئاڵۆزی وادا، هەموو گریمانەکان لەسەر مێزی چاوەڕوانین و گرنگە زۆر لە نزیکەوە چاودێری ئاڕاستە ستراتیژیەکانیان بکەین.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP