دواین هەواڵ

دۆخی ناوچەکەو هەرێمی دوای هەڵبژاردنەکان؟

‌ئەبوبەكر كاروانی

8 کاتژمێر پێش ئێستا

زیاد لە ململانێیەکی ناوچەکە گەیشتونەتە دۆخی پێگەیشتن و تەقینەوە:

* ململانێی گەلی فەلەستین و ئیسرائیل بە تۆفانی ئەقسا لە لوتکەی ئاڵۆزبوونی خۆیدا تەقییەوە، چارەنووسی ئەم گەلە لە بەردەم دووڕیانێکی چارەنووسسازدایە لەنێوان خەونی بەدیهاتنی دەوڵەت و کۆچ پێکردنی زۆرە ملێ و پاکتاوکردنی کێشەکەیان.

لە چوارچێوەی پێدراوەکانی ئێستاشدا ململانێکە بۆتە سفری و زۆر قابیلی چارەسەرکردنی مامناوەندی کە ڕۆحی سیاسەتە نەماوە.

* ململانێی نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و بەرەی بەرەنگاری و ئیسرائیل و هاوپەیمانەکانیشی، قۆناغە کۆنەکەی بە زۆربەی ڕێساکانییەوە تێپەڕاندوەو کەمتر قابیلی چارەسەری جوزئی و مامناوەندی ماوەو داوای سەرکەوتن و ملکەچ پێکردنی بەرامبەر بۆ خواستەکانی تێدا دەکرێت، بەتایبەت لەلایەن ئیسرائیل و خۆرئاواوە بەرامبەر ئێران و هاوپەیمانەکانی.

* لە هەرێمیش ململانێکان لەم هەڵبژاردنەدا تا ڕاددەیەکی بەرچاو پێ دەنێنە قۆناغێکی نوێوە، بەرەنجامی هەڵبژاردنەکان هەرچۆنێك و هەرچی بن، پەیوەندییەکان وەکو ڕابردوو نامێنن و پێویستیان بەدووبارە دارشتنەوەو پێناسەکردنەوە دەبێت.

بەڕوونیش دیار نییە داخۆ لەمەر ئێمەش، سیاسەتە کوردییەکە کە هەر لە بنەڕەتدا نەخۆش و لاوازە، توانای دۆزینەوەی چارەسەری مامناوەندی و چوارچێوەی پێکەوە ژیانێکی ئامانج مەندانەی نوێی بۆ دوای هەڵبژاردن پێماوە یاخود نا، کە لە هەنگاوی دووەمدا ڕێکەوتن لەسەر دەستووریش دەخوازێت؟

تەنها سەرکردە گەورەکانیش توانای ئیدارەدانێکی بەرهەمدارانەی قۆناغی ڕاگوزەریان هەیە، ڕەنگە کارابوونی ڕۆڵی سەرکردەی ڕزگارکەریش لەناو گەلێکی گیرۆدە بەدەست ناکۆکییەوە بۆ بەلادا خستنی مێژووییانەی کێشەکان ئاسان نەبێت ئەمە جگە لەو قەیرانی سەرکردایەتیەی بەدەستیەوە دەناڵێنین، بەڵام هەرکەسێك ڕۆڵی هەبێت لەوەدا سیاسەت توانای دۆزینەوەی چارەسەری مامناوەندی و ڕێکەوتنی نیشتیمانی و دەرگا کردنەوە بەڕووی ئاییندەدا لەدەست نەدات، بەشێك لەو ئەرکە ئەنجام دەدات؟

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP