دواین هەواڵ

هەرێمی کوردستان و ئێران

‌حەسەن ئەحمەد مستەفا

22/08/2024

کۆماری ئیسلامی ئێران کە دراوسێیەکی گرنگی هەرێمی کوردستانی عێراقە، لە مێژە ستراتیژییەکی ئاڵۆزی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا پەیڕەو کردووە،  هەوڵی هاوسەنگی هێزی لەگەڵ ئەکتەرە جۆراوجۆرەکانی ناوچەیی و نێودەوڵەتیدا داوە.

لەم تێوەگلانانەدا  هەرێمی کوردستان بە بەردەوامی هەوڵی پاراستنی هەڵوێستی بێلایەنی داوە بەتایبەتی لە ململانێ بەرفراوانەکاندا کە ئێران و ئەمریکا تێیدا بەشدارن.

لەگەڵ ئەوەشدا ئێران دووجار هێرشی مووشەکیی وردی کردۆتە سەر ماڵی دوو لە بازرگانانی کورد،  گوایە بوونی بنکە ئیسرائیلییەکان لە هەرێم  وەک پاساو هێناوەتەوە.

ئەم هێرشانە نە بە سەرکەوتن بۆ ئێران هەژمار کراون، نەوەک وەڵامدانەوەیەکی کاریگەر بۆ کردەوەکانی ئیسرائیل جێگەیان گرتووە. 

واقیعەکە ئەوەیە کە هەرێمی کوردستان هیچ پەیوەندییەکی سیاسی و ئابووری و جوگرافیای جەوهەری لەگەڵ ئیسرائیلدا نییە، تەنانەت زۆر جار ئیسڕائیل بە ئارگومێنتی بێ کردەوە، لە ململانێیەکانی لەگەڵ تورکیا و لە بۆنەکانیشدا، باری هەرێمی گرانکردووە، هەرگیز لە ئاستی لوبیشدا هەڵوێستی پاڵپشتی ئیسرائیل لە کوردم نەبینیوە.

بەپێچەوانەوە سەرکردایەتیی هەرێم مێژوویەکی دوور و درێژی هاوکاری لەگەڵ ئێراندا هەیە، بەتایبەتی لە کاتی خەبات دژی ڕژێمی سەدام حوسێن.  کە ئەبوو ئەم  پەیوەندییە درێژخایەن و بەرچاوەی  نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئێران، لەڕووی تیۆریەوە، وەک قەڵغانێک بێت بۆ پاراستنی هەرێم لە کاردانەوەی ئێرانی. 

هاوکات ململانێی بەردەوامی نێوان بەرەی مقاوەمە بە سەرکردایەتی ئێران لە جەنگی لەگەڵ  ئیسرائیلدا، ئەو دەرئەنجامە چارەنووسسازەی لێنەکەوتۆتەوە کە ڕەنگە ئیسرائیل دوای ڕووداوەکانی غەزە ئامانجی بوو بێت.

حزب للە هاوپەیمانی ئێران لە لوبنان هەنگاوی جدی و پێشوەختەی ناوە بۆ بەهێزکردنی بەرگرییەکانی کە پێ دەچێت لەسەروی پێشبینییەکانی ئیسرائیلەوە بوو بێت.

ئەو مەترسییەی حزب اڵلە و گرووپەکانی دیکەی سەر بە ئێران، پلانە سەربازییەکانی ئیسرائیلی خراپکردووە.

ئێستە  نفوزی کردەنی ئێران، سەرەڕای ئاستەنگە ناوخۆییەکانی، لە خاکی ئێرانەوە تا دەریای ناوەڕاست و دەریای سوور شۆڕبۆتەوە و بە شێوەیەکی کاریگەر دینامیکی سیاسی شەش پایتەختی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کۆنترۆڵ کردووە. 

 ئەمڕۆ، بەرچاوترین دەستکەوتی جیۆپۆلەتیکی ئێران، ئەو مەترسییە قوڵەیە کە لەسەر ئیسرائیل دروستی دەکات، دۆخێک کە لەدوای پێکهێنانی دەوڵەتی ئیسرائیلەوە لە ساڵی ١٩٤٧دا نەبینراوە.

ئیسرائیل خۆی دەبینێتەوە کە بە دوژمنە توڕەکانی لە غەززە، لوبنان، یەمەن، عێراق و سوریا دەورە دراوە و لە شەڕی دەروونیدا نوقم بووە. لەگەڵ ئەمەشدا زیادبوونی لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتی و ئیدانەکردنی کردەوەکانی ئیسرائیل لە لایەک و هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا باری ئیسرائیلیان گرنتر کردوە.

بە لەبەرچاوگرتنی ئەم بەستێنە فراوانترە، مایەیی پرسیارە کە بۆچی ئێران بە ئامانجگرتنی خەڵکی هەرێمی کوردستان سەرکەوتنە ستراتیژییەکانی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کەم بکاتەوە. 

ئەم جۆرە کارانە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی ئێران ناکەن و لەبری ئەوە مەترسی  بە نامۆکردنی ناوچەیەک دەکەن کە لە مێژوودا  لەگەڵ ئێران هاوبەش بووە.

وای دەبینم هێرشی دیکەی موشەکی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان توانای هاوکارییەکانی داهاتوو تێکدەدات و گرژیی ناپێویست بۆ ناوچەیەکی لە ئێستاوە ناجێگیر زیادتر دەکات. 
تیرۆرکرنی هەنییە، پێشێلکارییەکی ئاشکرای یاسای نێودەوڵەتی بوو، بەتایبەتی بنەماکانی سەروەری و دەستوەرنەدان و پارێزبەندی دیپلۆماسی پێشیلکرد، بێ ڕێزیی بوو بەو نۆرمانەی کە کارلێکەکانی دەوڵەت و پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان بەڕێوەدەبەن.

تیرۆرەکە هێرش بوو بۆ سەرخاکی ئێران و ئاڵۆزییەکانی قوڵتر کردەوە،
ئامانجی تیرۆرکردنەکە لەژێر  سێبەری مەراسیمی سەرۆکی نوێدا بوو، ویستی شەرعیەت و سەقامگیری ئیدارەی سەرۆکی نوێ تێکبدات.  

پەیامێکی بێبەزەییانە بوو کە دەوڵەتی ئیسرائیل ئامادەیە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی، بێ گوێدانە نۆرمەکانی نێودەوڵەتی یان دەرئەنجامەکانی، ئەوەی دەیەوێت بیکات. 

لەم پێو دانگەوە بەهیچ شێوەیەک لێدان لە هەرێمی کوردستان ناچێتە خانەی وەڵامدانەوەی ئەم پێشێلکارییە گەورەیەیی ئیسرائیل لە سەرخاکی ئێران ئەنجامیدا نەک خاکێکی دیکە.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP