دواین هەواڵ

31 ئاب و هاوبەشێکی سەخت چیرۆکی من لە (دیمشق)ەوە بۆ (هەولێر)

‌حەسەن ئەحمەد مستەفا

30/08/2024

لە ساڵی 1996 هەرێمی کوردستانی عێراق تێکەڵ بە شەڕێکی ناوخۆی قورس لەنێوان پارتی و  یەکێتیدا بوو. 

چارەنوسی ئەمڕۆیی هەرێمەکە پەیوەند بوو بەو  ڕووداوانەی لەو قۆناغەدا ڕوویاندا، یەکێتی دوای  28 ساڵ  تەنسیقی نێوان پارتی و حکومەتی عێراق لە 31 اب 1996 و پاکسازی کردنی هەولێر بە خیانەت ناودەبات.

پێویستە بە هەندێک بەدیقەتەوە  لە کاریگەری ستراتیجی فراوانتری 31 ی ئاب وجیاوازی لەگەڵ هەنگاوێکی یەکێتی دا، بە تایبەت لە کەرکوک لە ساڵی 2017 بدوێین. 

شارەزایی ستراتیژی پارتی  لە ساڵی 1996
 بڕیارەکەی پارتی بۆ هاوئاهەنگی لەگەڵ سوپای عێراق لە ساڵی 1996 کردەیەک نییە تۆ ناوی خیانەتی لێ بنێیت و لایەنەکانی دیکەی نەبینیت، بەپێچەونەوە  هەنگاوێکی حیسابکراو بوو کە سەرچاوەی گرتبوو لە تێگەیشتنی قووڵی ئەوی لە جیۆپۆلەتیکی ئاڵۆزی ناوچەکەدا هەیە.

 لەبەرامبەر ئاسۆی درێژخایەنی ململانێی نێوخۆیی،  فاکتەری ئێرانی هاتبووە ناو ململانییەکە، و پێگەی کوردی لاوازترو دواڕۆژەکەی هێجگار نادیار دەکرد، سەرکردایەتی پارتی دانینا بە پێویستی دەستەبەرکردنی کردەیەکی خێرا کە ئایندەی هەولێر مسۆگەر بکات.

لە 31 ی ئابی 1996  بە کەڵک وەرگرتن لە هێزێکی سوپای عێراق نەک هەر یەکێتیی لە هەولێر دەرکرا بەڵکو پارتی  نەیهێشت شارەکە ببێتە گۆڕەپانی شەڕێکی نوێ کە ئیتر دەوڵەتانی دیکەی هەرێمی تێدا بەشداربوون. 

پێویستە ئەم بڕیارە وەک بەشێک لە پلانێکی فراوانتر سەیر بکرێت، دەبینم بەیانەکەی یەکێتی ڕوونی دەکاتەوە، کە سەرکردایەتییەکەیان هێشتا زۆر لەدواوەن لە گۆڕانە جیۆپۆلەتیکییەکان و زەمەنەکان تێبگەن.

من ئەوسا لە دیمەشق بووم، لەوێ ستافێکی گۆڤاریێکم بۆ ماوەیەک لەگەڵدابوون، لە 31 اب بۆیانم ڕوونکردنەوە، کە چی ڕوودەدات. دوایی کە یەکێتی خۆی گرتەوە، بۆ هەڵسەنگاندنی 31ی ئاب کۆنفرانسێکیان هەبوو، دەمتوانی بەهۆی شەپۆلی ڕادیۆوە گوێ لە هەندێک بابەتی کۆنفرانسەکە بگرم، ئەوکاتە، سەرکردایەتی یەکێتی دابەشی سەر‌چەند ڕایەک ببوون، زۆر بەیان دەیانگووت خیانەت و خیانەت، هەندێکی دیکەیان دەیانگووت خیانەتی چی پارتی گرەوەکەی بردەوە، تەنانەت گوێم لە یەکێک لە مەکتەبی سیاسییان بوو، دەیگووت، نەتیجە شەرتەو ئەوان بردیانەوە.

دڵنیابوون لەوەی کە هەولێرو لەوێشەوە هەرێمەکە دەتوانێت گەشە بکات و ببێتە شارێکی سەلامەت و ئاوەدان و لە ڕووی ستراتیژییەوە بۆ گەلی کوردستان بمێنێتەوە لای پارتی لە هاش و هوش گرنگتر بوو، ساڵی 2007 دوو لەو کەسانەی لە  1996 دیمەشق پێکەوە بوین هاتنە هەولێر، ئەوڕۆژە لەگەڵ نوسەرانی هەولێر لە بارەگای دیالۆگ لە ئیتاڵی دوو بووین، میوانەکانیشم لەگەڵ خۆم بردن، کە هەولێریان ئاوا بینی، گوتیان ئەمە دەرەنجامی 31‌ئابە؟ گوتم بەڵێ، گوتیان ئێستە یەکێتی دەڵێ چی؟ وتم دەڵێ خیانەت و خیانەت، یەکێکیان گوتی خیانەت لای کوردی عێراق چییە، منیش جوابێکی ئامادەم پێ نەبوو، تەنیا گوتم خاک نەدۆڕێنی هیچ شتێک خیانەت نییە، بێشک ئێستە، پێناسەکەم فراوانترە. 

لەژێر سەرکردایەتی پارتیدا، هەولێر لەو کاتەوە بووەتە هێمای خۆڕاگری و سەرکەوتنی کوردستان، سەرمایەگوزارییە نێودەوڵەتییەکانی بۆ خۆی ڕاکێشاوە و بووەتە چرای سەقامگیری لە ناوچەیەکی ناجێگیردا.  دووربینی و توانای بارزانی بۆ گوزەرکردن  بە تۆڕی ئاڵۆزی هاوپەیمانییە ناوچەییەکان ڕێگەی پێدا بەرژەوەندییەکانی هەرێم  بە شێوەیەک مسۆگەر بکات کە کەم کەسی دیکە دەیتوانی بەدەستی بهێنێت.

سادەیی و کورتبینی
  بەندە تا ئێستەش، پێم وایە پارتی و یەکێتی هەر پێکەوە دەبن، دوای هەڵبژاردنیش پێکەوە دەبن، بەرژەوەندی یەکێتی لەگەڵ پارتی پێک دێت نەک ئەم گروپانەی دیکە. 
لەگەڵ ئەوەشدا دەبینم، بە پێچەوانەی وردبینی ستراتیژی سەرکردایەتی پارتی ، جوڵەی یەکێتی  زیاتر کاردانەوەیە، بۆیە هەمیشە ڕووم لەسەرکردایەتی پارتییە، کە لەگەڵ یەکێتی بە تەدابیرترو لێبوردەتر بن، من لە یەکێتی و تێوەگلانەکانی بێ ئاگانیم،  بەڵام، دواجار یەکێتی دەتوانێ پارسەنگێکی گرنگتر بۆ پارتی و  ئاسایشی هەرێم ڕابگرێت. بۆیە وا دەڵێم چونکە لە ساڵی 1996 و دواتر لە 2017 نەخشێکی کورتبینی عاتیفی زیان بەخشمان لە یەکێتی بینی، کە مەترسی لەسەر کیانی هەرێم دروستکردبوو. 

لە کاتی ململانێی ساڵی 1996، یەکێتی سوپای پاسدارانی ئێرانی بانگهێشت کرد بۆ ناو کوردستانی عێراق، بەبیانوی لێدانی دێموکرات،  بەشێوەیەکی مەترسیدار لە هەولێر نزیکیان کردەوە.  ئەم هەنگاوە نەک هەر بێباکانە بوو بەڵکو ئەمە  خیانەت بوو لە پارتی نا، لە کوردنا بەڵکوو لە تێنەگەیشتن لە داینامیکی فراوانتری ناوچەیی.

بوونی هێزەکانی ئێران لە ناوچەکەدا هەڕەشەی ڕاکێشانی عێراقی بۆ ناو ململانێکان دەکرد، ئەمەش سەدام حوسێنی ناچار کرد پشتیوانی لە بارزانی بکات- هەنگاوێک کە دواجار کاردانەوەی پاشەکشەی لەسەر یەکێتی هەبوو.

با خێرا بچینە  پێشەوە بۆ 16ی ئۆکتۆبەری 2017، کاتێک یەکێتی جارێکی دیکە بێهەڵوێستی ستراتیژی خۆی نیشان دا بە ڕێگەدان بە میلیشیاکانی حەشدی شەعبی کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن بچنە ناو کەرکوکەوە.

ئەم بڕیارە ڕاستەوخۆ بووە هۆی لەدەستدانی شاری کەرکوک، شارێک کە گرنگییەکی بێئەندازەی ڕەمزی و ستراتیژی بۆ کورد هەیە.  بە پێچەوانەی مەترسی حیسابکراوی بارزانی لە ساڵی 1996، کردەوەکانی یەکێتی لە ساڵی 2017 بەشێک نەبوون لە ستراتیژێکی یەکگرتوو بەڵکو هەنگاوێکی نائومێدانە بوون کە یەکڕیزی کوردیان کردە قوربانی بۆ دەستکەوتی سیاسی کورتخایەنو خاکیش لە دەست درا، هەرچەندە دەسەڵاتی دوای 2017 لەکەرکوک دەسەڵاتێکی سەپێندراوەو لەگەڵ هەر گۆڕانکارییەکی ناوچەیدا بۆی دەگەڕینەوە.

دیدگایەک بۆ داهاتوو
ستراتیجی پارتی لە ساڵی 1996 تەنیا سەرکەوتنی شەڕێک نەبوو؛  پەیوەندی بە دەستەبەرکردنی ئایندەی گەلی کوردەوە بوو.  سەرکردایەتی پارتی  بە گرنگیدان بە سەقامگیری درێژخایەنی شاری هەولێر  لەوە دڵنیا بۆوە  کە شارەکە دەبێتە بناغەیەک بۆ خۆشگوزەرانی کوردستان،  کردەوەکانی پارتی تێگەیشتنێکی قووڵی بۆ بناخەی  سەقامگیری درێژخایەن نیشاندەدا.

دواتر دیتمان هەولێر نەک داگیر نەکرا، بەڵکوو دووشتی کرد، یەکەم :  دەسەڵاتی سیاسی و ئابووریی خۆی لێ بنیات ناو بووە شارێکی مۆدێرن و گەشەسەندوو. 
دووەم:  هەولێر و سەری بڵندبوون بە مەیدانی کۆکردنەوەی ئۆپۆزسێۆنی عێراق و دواڕۆژی دوای ڕووخانی سەدام حسێنی لێ دادەژێژرا.

بەراوردکاری
 لەکاتی بەراوردکردنی کردەوەکانی پارتی و یەکێتیدا، ئەوە ڕوونە کە پارتی ڕەگ و ڕیشەی لە تێگەیشتنێکی قووڵی پێویستی هاوپەیمانی ستراتیژیدا هەیە، تەنانەت لەگەڵ هاوبەشە سەختەکانیشدا.  مێژوو پڕە لە نموونەی ئەو جۆرە هاوپەیمانیانە، کە سەقامگیری درێژخایەنی بە هاوئاهەنگی لەگەڵ هێزێکی بەهێز لە ساتێکی گرینگدا بەدەستهێناوە.  لەبەرامبەردا ڕێبازە سادەخوازەکەی یەکێتی چەندین جار بەرژەوەندییەکانی کوردی خستە مەترسییەوە، جا چ بە بانگهێشتکردنی هێزەکانی ئێران بۆ ناو کۆیە لە ساڵی 1996 یان هاوکاریکردن لەگەڵ حەشدی شەعبی لە ساڵی 2017.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP