دواین هەواڵ

بۆچی هەر دەکەوین ؟

‌ئاسۆ عەبدوللەتیف

18/09/2023

پرسی کەوتن لە ئەدەبیاتی سیاسی ئێمەدا مێژوویەکی توولانی هەیە، بێمانا کەوتنەکان زیاد دەکەن و زیادیان کردوەو وەک دەستکەوتیش بۆ گوتاری باوی ناسیۆنالیزمی کورد هەژمار دەکرێت.

هەرگیز شکست نەبۆتە پاڵپشت و سەپۆرتی هەستانەوەیەکی چارەنوسسازی گرنگ لە ژیانی سیاسی و ڕێکخراوەیی و حوکمڕانی ئێمەدا، بەردەوام لەگەڵ “بەغداو تاران و ئەنکەرەو دیمەشق” دەکەوین و دواتریش دیسان هەر دەکەوین، وەک بڵێیت ڕاهاتووین بە تامی کەوتن و شکست.

ئەو مۆدێلی کەوتنە، مۆدێلی بەدبەختی و چارەڕەشی کوردبوونە، مۆدێلی هەلاهەلابوونی ناسنامەو پەرتبوونی دیدگایە، هەر لای کوردیش وجودی هەیەو شانازی پێوە دەکات کە ئاوا لێقەوماوو سەرگەردان و بێچارەیە، بۆیە مۆدێلەکە کۆنەو پێویستی بە گۆڕینی ڕیشەیی هەیە بەرەو بونیادی قووڵ و نەکەوتن و دامەزراوەیی بوون و ڕێککەوتنی تازە لەسەر هەستانەوەو بەرەنگاری جددی بۆ نەکەوتن.

پرسەکە بەدبەختی کوردو وەهمی جیۆپۆلەتیک و دەورەدان و ئابڵوقەو گەلەکۆمەکیی و بەهێزیی نەیارەکانمان نییە وەک بیانووی ئامادە.

بەڵکو بێهێزیی کورد خۆیەتی، لە ڕووی سایکۆلۆژیەوە کورد نەخۆشی شکست و مازۆشی هەیەو حەزی بەکەوتن و ئازارو تراژیدیاکان هەیەو نایەوێ بسرەوێ و سەرکەوێ، تەنانەت دوای جینۆسایدە گەورەکانیش خۆمان ئامادە دەکەین بۆ جینۆسایدی تازەترو بەئازارترو ئەمەش گوتاری ناڕێکی و پەرتبووی بازنەکانی کەلتوری شوانکارەیی ناسیۆنالیزم و شۆڕشی کورد دەردەخات.

کورد حەزی بەو قۆناغەیەو تەجاوەزی نەکردوە بۆ قۆناغی دەوڵەت نەتەوە بۆیە هەر دەکەوێ، هێشتا ئامادەین بۆ شەڕو بەرگری نەک بۆ بنیادنان و یەکڕیزیی، ئەدەبیاتی کورد بە ڕۆژهەڵات و باکورو باشورو ڕۆژئاواکەیەوە هەردەم دەڵێت غەدرو خیانەت و خۆخۆریی وازمان لێ ناهێنێ ئەمە وانییە، گوتارێکی شۆڕشگێڕیی بەکارهێنراوین بۆ دەوڵەتانی بێگانەو ئێمەی کورد خۆمان ڕاهێناوە لەسەر ئەو غەدرو ستەمکاریانەی دوێنێ و لەسەر خوانی ئەو ڕابردوە تراژیدیە دەژین و هەردەم دەڵێ نابەزین و ناکەوین و نامرین و نەتورکم و نەئێرانی و نە کوردێکی شاخستانی، ئەدی کەوتن و مردن چییەو تۆ چیت و چ ڕەگەزێکیت؟

ئایا گەلێک هەیە لەمێژوودا وەک کورد بەردەوام بگلێ و بکەوێ و بنەوێ و هەمیشە دەستی دوژمنانی بگوشێ و کەچی پێبکەنێ و هەڵپەڕێ و باسی چێژی ژیان بکات، سەیری ئەو سڵۆگانە بکەن کە دەڵێ شەهیدان نامرن، وتەزای نامرن فەرمانە بۆ مەرگ و بەردەوامیی خوێنلێچۆڕان، بۆ ئەوەی بەردەوام گەنجان بمرن و سوتەمەنی و قوربانی بن و شەهیدی تر بدرێ و نەوەستین و ئەم خوێن و تراژیدیایە بەردەوام بێ، وەلێ گەلانی تر وانین و هەڵسەنگاندن بۆ کەوتنەکانیان دەکەن و نوقتەیەکیان داناوە بۆ مەرگ.

بە ئەڵمانیەکی نازی یان سورپێستێکی ئەمریکی یان فاشیستێکی ئیتاڵی بڵێ بمرەو خۆت بەخت بکە توشی شۆک دەبێ، بۆچی چونکە قۆناغەکەیان بڕی و نۆرەی مانەوەیە نەک مەرگ، شیعەکان دەڵێن یەک پرسەو عاشوراو چلەمان هەیەو نابێ کەسیتر شەهید بێ دوای ئیمامی حسێن و هەموو هێزی خۆیان خستۆتە خزمەتی ئەو ڕەشپۆشی و پرسە هەزاران ساڵەیە بۆ دەوڵەتی خۆیان.

ئەمە خولانەوەو گێژبوون و وەهمە، دەبێت کۆتاییەکی هەبێت بەرەو مۆدێل و فۆڕمێکی تر لە ژیانسازیی و فەزیلەتی تاک، نەک بەردەوامبوونی تراژیدیاکانی تاک و کۆمەڵگا.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP