دواین هەواڵ

دەردی پۆپۆلیستی لەكوردستان

‌كاروان حسێن

پێش 2 هەفتە

گروپ و حیزبە پۆپۆڵیستەكان لەئەوروپای رۆژهەڵات تادەگاتە رۆژهەڵاتی ناوەراستی خۆمان بۆتە هۆی بەرهەمهێنانەوەی ناهۆشیاری و تەنانەت لێكترازان و پەرتكردنی كۆمەڵگاش.

پۆپۆلیزم بەگشتی لە ژینگەیاکدا باڵا دەكات، کە ئەندازەی هۆشیاری تاک ،لەئاستێكی نزمدا بێت ،گروپەکانی فشارو ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنيش لاوازبن و هەل و مەرجی ئابوری ،سیاسی،کومەڵایەتی، لەدۆخێکی  ناجێگیردابن.

یەکێکیش لە سەرەکیترین مەترسی پۆپۆلیستەکان، ئەوەیە هەمیشە دەیانەوێت پانتایی ئەوچینە لە خۆشباوەڕو ناهۆشیارو فریوخواردوانەی کۆمەڵگا فراوانتربکەن و بۆ مەبەستی سیاسی و بەرژەوەندی كەسی خۆیان بەكاری بهێنن .

كۆپیكردنی شۆرش و خۆپیشاندان  لەنێو وڵاتانی عەرەبیدا

ئەگەر سەرنج بدەینە شۆرشەكانی بەهاری عەرەبی، دەبینین گوتاری توندرەوی ئاینی و  پۆپۆلیستی چی كارەساتێكی بۆ ئەو وڵاتانە بەرهەم هێنا و گەیاندونی بەكوێ‌.

بەشێكی بەرچاوی رابەرانی گروپە، پۆپۆلیستەكان بێ‌ گوێدانە واقعی سیاسی و ئابوری و كۆمەڵایەتی وڵاتەكانیان، هەرلە سەرەتاوە دەستیان كرد بەكۆپیكردنی شۆرشی تونسیەكان و ئەوەبوو لەلیبیا كارەسات و جەنگی ناوخۆی بەرهەمهێنا و گروپە تەكفیرییەكانیش هەلەكەیان قۆ ستەوە، ئێستاش لیبیا بۆتە وێرانە و خەڵكەكەی گەیشتونەتە ئەو بروایەی كەژیان و خۆشگوزەرانی سەردەمی قەزافی، زۆر باشتربوە لەئێستایان.

میسرییەكانیش هەرزوو لەرێگای كودەتایەكی سەربازییەوە دەسەڵاتیان لەوانە وەرگرتوە كەبەناوی شۆرشەوە خەریك بو ئەو وڵاتە بخەنە ناو كارەساتێكی گەورەی هاوشێوەی سوریا و یەمەن، كەبە هۆی كۆپیكردنی شۆرشی تونسەوە توشی كارەسات بون و وڵاتەكەیان كردە وێرانە و خەڵكەكەشی دەربەدر كران و بە دەیان هەزاریش كرانە قوربانی.
دەكرێت بڵێن، كۆپیكردن خۆپیشاندان ،یان شۆرش، كارەسات و نەهامەتی و ناهۆشیاری و دواكەوتی و بەرهەمهێناوەتەوە ونەبۆتە فریادرەس و هەربۆیەش چاودێران و رۆشنفكرانی عەرەب دەستە واژەی  شۆرشی بەهاری عەرەبیان كرد بەپایزی عەرەبی .

دەردی پۆپۆلیستی لەكوردستان .

گروپ و رێكخرا و تەنانەت كەسیایەتی پۆپۆلیست لەكوردستانیش زۆرەو هەر لەگەڵ سەرهەڵدانی شۆرشی عەرەبی  پۆپۆلیستەكان، لەتاكەكەس و رێكخراوی بچوكەوە ،بونەتە حیزب و زیانی گەورەيان بەگۆمەڵگای كوردی گەیاندوە و ئەمانیش هاوشێوەی پۆپۆلیستەكانی جیهان كەوتونەتە كۆپیكردن و هەرۆژەی لەئاوازێك دەخوێنن.

لەرابردوودا پۆپۆلیستەكانی كوردستان، بەدڵگەرمییەوە كاریان بۆ ئەوەكرد خۆپیشاندان و شۆرشەكانی  عەرەبی لەكوردستان كۆپی بكەن و كوردستان بەدەردی سوریا و یەمەن و لیبیا ببەن، بەڵام لەئاستی ناوخۆی كوردستان و تەنانەت وڵاتانی زلهێزی جیهانيش پێیان وترا ئەوەی لە چواردەورتان روودەدات گەمەی جیهانییە و ئەم یارییە ئێوەی تێدا نین ، هەربۆیە  بەرشكستێكی گەورە كەوتن و خەڵكێكی زۆريشيان  توشی نا ئومێدی كرد.

پۆپۆلیستەكان، لە كوردستان هیچ دەرفەتێكیان لەدەست نەداوە، لەسەر یەك ئاراستەی سیاسیش نامێننەوە، هەر رۆژەی بە شێوەیەك مامەڵە لەگەڵ رووداوەكان دەكەن و زۆرجاریش سەریان لەخۆیان و خەڵكیش شێواندوە.

رۆژگارێك هاواری ئەوەیان دەكرد كوردستان بەچارەنوسی ئەفغانستان دەرواو حكومەت و ئەزمونی كوردستان كۆتای دێت، ماوەیەكیش بەخۆپیشاندانەكانی سریلانكا مەست بوون و دەیانوت ئێمەش وەك سریلانكا دەبین . 

دەمێكیش گۆرانیان بەسەر باڵای عێراقدا دەگوت و  پێیان وابوو عێراقی عەرەبی دیموكراسسیە و دەبێت عێراق و حەشدی شەعبی حكومی كوردستان بكات .

ئامانج لەكۆپیكردنی خۆپیشاندانی سەدرییەكان .

كارەساتی گەورە لەوێوە دەست پێدەكات كەپۆپۆلیستەكانی كوردستان هەموو هەلو دەرفەتێك دەقۆزنەوە و تاكە شتێكیش لایان گرنگ بێت بەرژەوەندییە كەسییەكانیانە و گوێندانە بە هیچ پێوەرێكی سیاسی  و  ئابوری كۆمەڵایەتی.

پۆپۆلیستەکان لە كوردستان گوتارێکی هەمەلایەنەیان هەیە و خۆیان بەهەموو ئەو جومگە فکری و کولتوری و ئاینی و کۆمەڵایەتیانەوە هەڵدەواسن کە وەک موقەدەساتی کۆمەڵگا ناسراون و لەوێوە هۆش و بیرکردنەوەی زۆرترین خەڵکی عەوام بۆخۆیان ڕامدەکەن .

لەپێناو بەرزکردنەوەی باڵانسی جەماوەریشیان ، پەنجە دەخەنە سەر گەورەترین کێشەو گرفتەکان ، لەوانە ، بێکاری ، هەژاری ،  دادپەروەری، بەڵێنی چارەسەری هەموو ئەمانەش دەدەن.

ئێستاش كە دابەش بون و ناكۆكی ناوماڵی شیعە گەیشتۆتە مریشكە رەشە و خۆپیشاندانی لایەنگرانی سەدر، سەری هەڵداوە تەوەو عێراق گەیشتۆتە لێواری شەری بەرەی ئێران و بەرەی سەدر، پۆلیستەكانی كوردستان، دەیانەوێت هەمان ئەزموون كۆپی بكەن ، بەبێ‌ هیچ بیركردنەوەیەك لەو دۆخەی ئێستای عێراق و گەمە نێودەوڵەتیەكانی پشتی خۆپیشاندانەكان، ئاماجیش لەم كۆپیكردنە تەنیا بەرزكردنەوەی جەماوەر بەدەستهێنانی بەرژەندی تایبەت و كەسییە و بەهێزترین فاکتەريش بۆ لاواز کردن و شکستپێهێنانی پۆپۆلیستەکان ، لەهەرێمی کوردستان، سوود وەرگرتنە لە ئەزموونە تاڵە كانی وڵاتانی عەرەبی ڕێگە گرتنە لە دووبارە بوونەوەی ئەم گوتارانە.

هێگڵ دەڵێت "هەرکاتێک لەکاتیگۆری شوێندا مێژوو دووبارە بووەوە ، ئەوا بیرکردنەوەی خەڵک دەکەوێتە ژێر پرسیارەوە ."


Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP