دواین هەواڵ

هەرێمی کوردستان لەبەردەم دەرفەت و مەترسیدا

‌كاروان حسێن

11/08/2022

رۆژ دوای رۆژ دۆخی سیاسی لەعێراقدا ئاڵۆز دەبێت و ئاماژەكان پێمان دەڵێن، وێنەی رووداوە سیاسییەكانی بەغداد تادێت لێڵتر دەبێت و ناكۆكی سەدرییەكان و بەرەی چوارچێوەی هەماهەنگی لەسەر پێكهێنانی حكومەتی نوێ و پەرلەمان و تەواوی دامەزراوە دەستوورییەكانی دیكە، گەیشتۆتە بن بەست و بەرەو تونێلێكی تاریكی وا هەنگاو دەنێت كە ئەوسەری دیار نەبێت.

لەئێستاشدا عێراق كەوتۆتە بەردەم چەند ئەگەرێك و یەكێكیش لەگریمانەكان پێكدادانی چەكداری و شەری ناوەخۆی شیعەیە و لە و گریمانەیەشدا عێراق دەبێتە دۆزەخێک و  مێژوییەكی دیكەی خوێناوی تۆمار دەكات..

دوای هەڵوێستی موقتەدا سەدر

ئەگەرچی لەناوخۆی عێراق و تەنانەت لەئاستی جیهانیش موقتەدا سەدر، بەو سەركردە سیاسیە ناسراوە كەجێگری لەبڕیاری سیاسی نییە و پێشبینی ئەوەی لێناكرێت تاسەر پابەند بێت بە بریارە سیاسیەكانی، بەڵام لەدوای هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، موقتەدا سەدر ، پابەندی بریارەكانی بوەو لە ئێستاشدا سەرجەم ئامانجەكانی روونە و داوای لە لایەنگرانی و لە عێراقیەکان دەكات درێژە بە مانگرتن و خۆپیشاندان و شۆڕش بدەن تا دەگەن بە مەبەست کە ، یەک ئامانجی دیاری كراوە ئەویش  هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختەیە.

بۆیە دەكرێت بڵێین، سەدر بڕیاری یەکلاکەرەوەی داوەو ئەمجارە شانی داوەتە بەر ئەم قەیرانە و كۆتا ئامانجی ئەوەیە،  رکابەرەکانی لە گۆڕەپانەکە نەمێنن ئەگەر بە رێگەیەکی دیموکراتیانەی وەک هەڵبژارنیش بێت ، بە دیوێکی دیکەشدا سەدر بەهەموانی وتوە، لە هەڵبژاردنی داهاتوش واز لە رکابەرەکانی ناهێنی تا یەکلایکردنەوەی یەکجارەکی ململانێیەکە ، هاوزەمان ئامادەیی خۆی بۆ کوژران و شەهید بوون دەر بریوە .

بەرەی ئێران پاشەكشە لەهەڵوێستەكانیان ناكەن 

چوارچێوەی هەمانگی شیعەكان ئەگەرچی لەناو خۆیاندا ناكۆكیان هەیە و بۆچونی جیاوازیان لەسەر رووداوەكانی دوای هەڵبژاردن و پێكهێنانی حكومەت هەبوە، بەڵام لەوەدا كۆك و هاوران كەبەر بەموقتدا سەدر بگرن و دەشزانن سەركەوتنی ئەجێنداكانی سەدر باواتای كۆتایهاتنیانە، ئێرانیەكانیش لەم جەنگەدا بەتەواوی پشتیوانی چوارچێوەی هەماهەنگیە و نایەوێت گۆرەپانی سیاسی عێراق بۆ  ئەمەریكاو وڵاتانی كەنداوی عەرەبی چۆڵبكات.
لەماوەی رابردوشدا بینیمان ئێرانیەكان چەندین كارتیان لەعێراق و هەرێمی كوردستان بەكارهێنا و هەرئەوانیش بونە هۆی شكستپێهێنانی حكومەتی رزگاری نیشتیمانی لەعێراقدا.
تۆمارە دەنگییەكانی نوری مالیكیش ئەو راستییەی دووپاتكردەوە كە بەرەی ئێران لەدوا هەنگاودا ئامادەی تێدایە پەنابباتە بەرشەری یەكلای كەرەوە لەگەڵ موقتەدا سەدر.

هەرێمی کوردستان لەبەردەم دەرفەت و مەترسیدا

هەردوو بەرەی  شیعە ئەگەر لەسەر هەمووشتێك ناكۆكیان هەبێت، بەرامبەر كورد یەك ئەقڵیەتن، هەڵوێستەكانی رابردووشیان سەلماندویەتی ئەگەر دەسەڵاتی تەواویان لەدەست بێت ئەوا دژی هەموو ئەو مافانە دەوەستەنەوە كەخەڵكی كوردستان بەدەستیهێناوە، داوای سەدرییەكانیش بۆ گۆرینی دەستور و سیستەمی سیاسی عێراق،  ئاماژەی ترسناكن، هەروەك وبریارەكانی دادگای فیدراڵی لەدژی پرۆسێسی نەوتی هەرێم  بەپشتیوانی چوارچێوەی هەماهەنگی پيلانێكی ترسناك بوو دژی هەرێم، هەربۆیە كوردستان لەئێستادا لەبەردەم مەترسی و دەرفەتیشدایە و دەبێت خۆی بۆ هەموو ئەگەرێك ئامادەبكات و پلانی بۆ هەر گریمانە و رووداوێك هەبێت و لەئەگەری كارنەكردنیش بەدەستور و  روودانی شەری ناوخۆ لەعێراقدا هەنگاوی جیاواز بنێت و سەقفی داواكانی بەرزبكاتەوە و كۆنفیدراڵیش یەكێك بێت لەداواكارییەكانی و لەئێستاوە كاری لەسەر بكات و ئامادەكاریش هەبێت بۆ ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم.

ناوماڵی كوردستان پێویستی بەرێكخستنەوەیە 

لەم هەلومەرجەی ئێستادا كەقسە لەسەر ئەوەدەكرێت عێراقی نوێ‌ كە نۆزدە ساڵە بنیات نراوە،لەبناغەوە تێكبدرێتەوەو سەرلەنوێ‌ سیستەمێكی سیاسی نوێ‌ بێتەكایەوە، پێویستە ناوماڵی كورد لەهەمووكاتێك زیاتر یەكگرتو بێت و خۆی رێكبخاتەوە و سیاسەت و بەرنامەكەی لەسەر ئەم بنەمایە دابڕێژێتەوە.

لەئێستاشدا كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان توانیویەتی چاكسازی گەورە لەسیكتەر ئابورییەكان بكات و كوردستان گەیشتۆتە ئاستی خۆ ژێنی و چەندین پرۆژەی گرنگی ستراتیژی بنیات نراون، هەر لەدروستكردنی بەنداو ، سایلۆ، رێگاوبان،  كۆگای خۆراك و عەمباركردنی، پێشخستنی كەرتی وزە، ئەمانە بونەتە بنەمایەكی بەهێز بۆ داهاتوی هەرێم و لەحاڵەتی روودانی جەنگی ناوخۆی و شڵەژانی تەواوی عێراقی عەرەبی، هەرێمی كوردستان دەتوانێت ئیدارەی خۆیبدات و پێویستی بەهیچ شتێكی عێراق نەبێت ، ئەوەش گەورەترین دەسكەوتە بۆئێستا و داهاتومان و ئەوەشی پێویستە ، یەكخستنی گوتاری  كوردە و پشتیوانیكردنی خەڵكە بۆ حكومەت و سەركردایەتی سیاسی كوردستان، تاوەكو كوردستان لەدۆزەخی عێراق رزگاری بێت و بگاتە كەنارێكی ئارام و خۆشگوزەران .

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP