دواین هەواڵ

لە گۆڕانکارییەکانى سوریادا پرسی مانەوە و نەمانەوەى کورد لەگەڵ پەکەکەدا چی بەسەردێت

‌كاروان حسێن

16/12/2024

 گەرچى هێشتا هەفتەیەک بەسەر گۆڕانکارییەکانى سوریادا تێپەڕیوە و بەشار ئەسەد بە بێ تەقە بۆى دەرفرتاندووە، گەرچى هێشتا پێکهاتەکان لە ئان و ساتی سەقامگیریی وڵاتەکەیاندان، بەڵام کەمنین ئەوانەى باس لە دۆخى خراپى کورد دەکەن لە سوریا، هەرچەندە هەمووان کۆکن لەسەر ئەوەى کوردی ئەو پارچەیەى کوردستان نەهامەتی زۆریان دیوە بەدەست رژێمى ئەسەدەوە، ئەحمەد شەرع و هاوسەرکردەکانیشی ئەو راستییەیان نەشاردووتەوە، بە جۆرێک بەشێکیان هەرناسنامەشیان نییە، بەڵام لەداوى بەهاری عەرەبییەوە کورد ژمارەیەک کانتۆنى دروستکردووە و خۆسەرییەکیان بۆ خۆپان چێکردووە،

ئەوەى کە سەرنجی هەمووانى لەسەرە ئەوەیە بەشى سەرەکی کورد لەژێر سایەو هەژموونى پارتى کرێکارانى کوردستاندان و مانەوەشیان زیانى گەورەیان لێدەدات، لەوێش، لەو پارچەیەى کوردستان دووبارە پاساوێک بۆ وڵاتى تورکیا دراوە بەدەستەوە و جگە لەوەی بەردەوام چاوێکیان لەسەریەتى بەیەکێک لە کێشە گەورەکانى سەر سنورەکانى خۆیانى دەزانن و لەشکرکێشییان بە پاساوى پەکەکەوە بردووەتە سوریا. ئەوەى تێبینى دەکرێت لە سوریادا گۆڕانکاری بنەڕەتى و ڕیشەییەیی لە ئەجێنداى پارەتەکاندا گۆڕاوە، بەرەى نوسرە گۆڕاوە بۆ جەبهەى تەحریری شام، لە ئەبومەحمەدى جۆلانییەوە بۆ ئەحمەد شەرع، لەتاک حیزبی و جێبەجێکردنى شەریعەتەوە لەسەر بنەماى بیروباوەڕی ئەلقاعیدە و داعش، ئێستا باوەڕیان بە کۆمەڵگەى مەدەنى هەیە و باس لە مافى هاووڵاتى بوون دەکەن،

سەرەڕای ئەوەى لێرەوە لەوێش هەندێک سەرەکردەیان هێشتا بەرى نەداون و خەریکی بەلاڕێدابردنى گۆڕانکارییەکانن، بەڵام لە کۆی گشتیدا ئەوە دێتە پێشەوە وڵاتانى دونیا لەڕێی ئەوە وەستاون دەسەڵاتى نوێ خۆی یەکلایی بکاتەوە و نەخشەرێگەى حکومەتى نوێى حوکمدارییەکەى ئاشکرا بکرێت.

ئەوەی کە پەیوەندیی بە کوردەوە هەیە ئەوەیە ئاخۆ کورد دەتوانێت بەشێوەیەکى دیکە لە گۆڕانکارییەکان بچێتە پێشەوە، بەجۆرێک وا لە حیزبایەتى بڕوانێت کە لە خزمەتى کێشەى نەتەوەکەیدابێت، یان ئەوەیە لەسەر عینادى سیاسی دەمێننەوە و ئەوەشى کردوویانە تا ئێستا ئەیدەن بە دەم باوە. ئەگەر رونتر قسە بکەین ئەوەیە شارەزایان باوەڕیان وایە لە سوریاى نوێدا ئەگەر هێزە کوردییەکانى رۆژئاواى کوردستان لەژێر هەژموونى پەکەکە نەیەنە دەرەوە ئەوا لە چەند بژاردەیەک تێپەڕناکات:

یەکەم: پەکەکە لە ئێرانەوە نزیکە، ئامانجی سەرەکی گۆڕانکارییەکانى سوریاش بڕینى دەستى ئێرانە لە فەلەستین و لوبنان، هەر بۆیە بەدوور نازانرێت پەکەکە بکەوێتە ژێر کاریگەریی ئێران و بە جۆرێک لە جۆرەکان ببێتە جێبەجێکاریی ئەجێنداکانى ئێران و ئەوەش زیانێکى گەورە لە کێشەى رۆژاڤای کوردستان دەدات.

دووەم: بەردەوامی پەکەکە لەسەر سیاسەتەکانى خۆی لە سوریا بیانووی مانەوەو بەردەوامی دەدات بە هێزە سەربازییەکانى تورکیا و لەوەشدا دەبێتە کێشەیەکى دیکە، چوون دەکەوێتە نێوان دوو بەرداشى هێزە ناوخۆییەکان و تورکیا، لەوەشدا پێدەچێت لە سەفقەیەکى سیاسی و ئابورى گەورەدا لەگەڵ تورکیا ئەو کەمە پشتیوانییەى ئەمریکا و هاوپەیمانەکانى بۆ رۆژئاواش کۆتاییان بێت.

سێیەم: ئەزموونى گۆڕانکاریی لە حیزبایەتى دا لە کوردانى باکورى کوردستانەوە ئەزمونێکى گەورە دەبەخشێت بە ژیانى سیاسی رۆژئاواى کوردستان،چوون بینیومانە لە باکوری کوردستان کوردەکان و ئەوانى تریش چەند بە ئاسانى ناوو ناوەڕۆکی پارتەکانیان دەگۆڕن و هیچیش روونادات، بە جۆرێک دەکرێت ئەم گۆڕانکارییە لەسەر شانى خەڵکى رۆژئاوا ئاسانتر بکەوێت لەبەر ئەوەى بەدەست جەنگ و کوشتارى 13 ساڵی رابوردوەوە ماندوون.

چوارەم: کەمبوونەوەى ئەندام و لایەنگرانى ئەو هێزانەى کە تەبەنى ئایدۆلۆژیاى پەکەکە دەکەن، لەبەر ئەوەى هێندەى خەڵک بەدواى ژیانێکی باشتر و بێشەڕو شۆڕەوەیە هێندە دەربایسى بیروباوەڕ و ئایدۆلۆژیاى جۆری پەکەکە نییە. ئەوە لەکاتێکدا لە سەرەتاى شۆڕشى گەلى سوریاوە لە رۆژئاوا خەڵک تەنها پەکەکەى دەناسى بەڵام لە ئێستادا ئەوە گۆڕاوە و گومان دەکرێت خەڵک بەدواى جێگرەوە و ئەڵتەرناتیڤ دا بگەڕێت.

پێنجەم: ئەجێنداى ئیستاى دەسەڵاتى سوریا و بۆچوونى هەرێمایەتى و نێودەوڵەتیش لەسەر ئەوە کۆکن کە سوریاى یەکپارچەیان دەوێت و نایانەوێت بەهیچ شێوەیەک سوریا کەرت بکرێت، ئەگەر هەسەدە و هێزە کوردییەکانى دیکەش لەنێو ئەو بازنەیەدا نەخولێنەوە ئەوا مەلەکردنى پێچەوانەى شەپۆلە و زیانەکەش لە خۆیان و لە کێشەى کورد دەدەن لەو پارچەیەدا و کورد دەبەنە نێو تونێلێکى تاریک و لەوانەشە لە داهاتووشدا نەتوانن بگەنەوە ئەو دەستکەوتانەى کە ئێستا هەیانە.

شەشەم: دەستوورى داهاتووى سوریا و حکومەتى داهاتوو، نەخشە رێگە سەرەکییەکە دیارى دەکات کە چ جۆرە حکومەتێک دروست دەکەن، ئەگەر کورد نەتوانێت لەگەڵ هەر پێشهاتێکیاندا خۆی بگونجێنێت و ببێتە جەستەیەکى نامۆ لە پێناوى بیرباوەڕ و ئایدۆلۆژیایەکدا کە دەکرێت بگوترێت تاڕادەیەکى زۆر مۆدێلى نەماوە، ئەوا دیسانەوە کورد دەباتەوە دواوە و باجەکەشى خەڵکەکە دەیدات.

حەوتەم: نەخشە گەورەکەى ئیسرائیل و ئامانجە سەرەکییەکەى (دروستکردنى دەوڵەتێک لە رۆژئاواى فوراتەوە بۆ رۆژهەڵاتى نیل) بەهیچ شێوەیەک نایەتە نێو سنورەکانى کوردستان و ئەوەش لە بەرژەوەندی کوردە، ئەگەر کورد بزانێت مامەڵەى دروستى لەگەڵ بکات و بە بێ لەبەرچاوى بەرژەوەندى گشتى نەکەوێتە ژێرکاریگەریی مەزهەب و ئایدۆلۆژیاى دژە ئیسرائیل و ئەمریکاوە، ئەوا پشکى باشی بەردەکەوێت و لانى کەم دەتوانێت لەنێو پەیکەری سوریاى نوێدا بەباشى و بەبەهێزی جێگەى خۆی بکاتەوە.

بەڵام ئەوەى کە هەمووان لەسەرى کۆکن و ئەزموونى ساڵانى پێشوو سەلماندوویەتى ئەوەیە پارتى کرێکارانى کوردستان و شوێنکەوتووەکانى تواناى گۆڕانکارییان نییە، یان راستتر نایانەوێت گۆڕانکاریی بکەن، هەربۆیە ئەرکی هەمووانە لەو هەلوێستە ئاگاداریان بکاتەوە و پێیان بڵێت ئێوە وێنەگەورەکەى روداوەکان نابینن، ئەوەى خەڵک لە دورەوە دەیبنێت ئەوەیە چەندە سەربەخۆ بن و دووربکەونەوە لەو سیاسەتە چەقبەستووە و بەڕووى رۆژئاواو و وڵاتانى ئەوروپیدا بکرێنەوە ئەوەندە کێشەى کورد لە رۆژئاواى کوردستان دەبەنە پێشەوە، چەندەش لەبەرەى ئێران و پەکەکە نزیکتر ببنەوە هێندە و بگرە زیاتریش زیان بە کێشەى نەتەوەکەتان دەگەیەنن بە تایبەتى لەو بەشەر هەستیارە کوردستان کە پێیى دەگوترێت رۆژاڤای کوردستان.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP