دواین هەواڵ

پاشماوەى هەڵوێستە پۆپۆلیستییەکەى ساڵانى رابوردووى سلێمانی

‌كاروان حسێن

03/07/2024

پۆپۆلیستى و خراپى ئیدارەى سلێمانى هەزاران دۆنم زەوی کشتوکاڵى کردە شوێنى نیشتەجێبوون و لە ئێستاشدا شین بۆ دۆڵەڕووت و دوو تەپۆڵکە دەگێڕن کە وابڕیارە بکرێتە شوێنێکى نیشتەجێبوونى نموونەیی کە نرخى هەر یەکێکیان سەدان هەزار دۆلار بکات و زیانیش بە کەس نەگەیەنێت، شار بکاتە نموونەى شارە چیانشینەکانى دونیاو زەوییە کشتوکاڵییەکانیشى زیانى بەرنەکەوێت، خەونى گەورە بوونى شارى سلێمانى دەمێک بووە لاى پیرەمێردی شاعیر بوونى هەبووە، چوون ئەو شارە گەورەکانى بنارى چیاکانى تورکیا و سەر دەریاى مەڕمەڕە و ئەستانبوڵی دیبوو، ئەو دەیزانى ئەگەر شار بەرەو بەرزاییەکان هەلبکشێت چ جوانییەک بە شارەکە دەبەخشێت بۆیە زۆر بە ڕاشکاویی فەرمووی:

لە گۆیژەوە سەرکەوە بۆ ئەزمڕ هەتا قەیوان
بە ریزە ئوتێل و ئەیوانى گەیوەتە کەیوان
ئەمانە من بە خەیاڵ، یا بە خەو کەوا ئەمدى
هیوام بە خوایە بۆ کورد بەڕاستى بێنێتە دى

ئەمە ئەو خەیاڵە پڕ لە پێشبینیکراوەى پیرەمێردی شاعیربوو، کە چەندین ساڵ پێش لە ئێستا وێناى چیاکانى ئەزمەڕ و گۆیژەى لە دوو دێڕە شیعردا کردووە، بەڵام ئەوانەى کە کورتبینن بەشێوازێکی دی لەم گۆڕانکارییە گەورەى دەڕوانن، و بەجۆرێک قسە دەکەن یان ئەوەیە لە جێگەیەکی تایبەتییەوە دەجوڵێنرێن، یان ئەوەیە شوێن قەرەباڵغی کەوتوون، ئەوەى کە ماوەى رابوردوو رویاندا سەبارەت بە هەڵکۆڵێنى دوو تەپۆڵکە لە دۆڵەڕووت و کردنیان بە پرۆژەى نیشتەجێبوون و دروستبوونى هەڵایەکى گەورە لەو بارەیەوە، دەرکەوت لە چوارچێوەی خەمخۆریی بۆ کلتور و ژینگەو سروشت و ناسنامەوە نیە بەڵکو دەبێت گومان لەوە بکەین کە بە تەواوی ئاڕاستە کراوبوون و بەشێک بوونلە دەنگە دەنگی ئەو خەڵکەی کە دوو فاکتەری سەرەکی لە پشتیانەوە بوون:

یەکەمیان؛ ئەو کۆمپانیاى وکەسانەى خۆیان بە ڕکابەری کۆمپانیای قەیوان دەزانن و نەیانتوانیوە لە کاروانی ڕکابەرییەکەیاندا سەرکەوتووبن بۆیە بەو جۆرە میتۆدی ڕکابەرایەتی خۆیان بەرجەستەکردووە ! کەبەدڵنیاییەوە ڕوونە کێن ئەگەر چی ھەندێکیشیان لە پەرۆشی و خەمخۆریانە بەڵام ڕەنگە بێئاگان و زانیاری دروستیان نەبێت و دوور مەودا بیریان نەکردبێتەوە.

هەرچى فاکتەری دووەمیشە، دەستپێکی بانگەشەی هەڵبژاردن و ململانێی سیاسیە کە واخەریکە هێواش هێواش مەکینەکەى دەکەوێتە کار، لێرەدا حەقی خۆیەتی بڵێین کۆمپانیای قەیوان توانی ناسنامەی خۆی بسەلمێنێت و بەرگەی هەموو جۆرە فشارێک بگرێت کە بە ناڕەوا دەکرێتە سەریان و ئەوانەشى کە دژایەتییان کرد کەفوکوڵیان دامردەوە، کە لێرەدا حەق وایە پێیان بگوترێت خوابکات شتێکیان دەستکەوتبێت کە قەرەبووى هیلاکییەکەی ئەو چەند رۆژەى کردبن.

هەرچەندە دەگوترێت ئەو دەنگانە پاشماوەى هەڵوێستە پۆپۆلیستییەکەى ساڵانى رابوردووى سلێمانین و شتێکیان بۆ شرۆڤە و شیکارو کارادنەوەى ژیرانە پێ نییە، بەڵکو ئەوەى کە دەیانەوێت بیکەن فەوزاو دەنگە دەنگێکى کاتییەو هیچى تر، ئەگینا وەک هەمووان دەزانن سەرەڕای جەنگى ناوخۆیی و قەیرانى دارایی، سلیمانى نەوەدەکان لە هیچ پارێزگایەکی دیکەى عێراق نەدەچوو، لە پێشى هەمووانە دەڕۆشت و تەنانەت هەولێریشى نەدەگەشێ، بۆچى گەشتە ئەم قۆناغە کە لەداوى شارەکانى ترەوە بڕوات و تەکەى بێت، پرسیارێکەو پێویستى بەو وەڵامی لۆژیکییە، بەڵام نابێت لەو وەڵامەدا پێگەى پۆپۆلیستى بە هەند وەرنەگیرێت و ئەو فرە کوێخاییەى زاڵبووە بەسەر کەشى گشتیدا لەژێر هەرناوێکدا دەبێت بە هەند وەرنەگیرێت،

مەگەر هەر ئەوانە نەبوون کە لە نەوەدەکاندا رێگرییان لە کۆمپانیا و رێکخراوە جۆراوجۆرەکان دەکرد و تەقەیان لە نوێنەری وڵاتان دەکرد و ناووناتۆرەیان دەخستە شوێنیان..

ئەو شەپۆلە ناڕەزاییەی ناو میدیا و كۆمەڵێك لە دەستەبژێری سلێمانى لەبارەى بە پرۆژەکردنى دوو گردى ڕووتەڵە، دۆخێكی زۆر ئومێد بڕی لە زەهنییەتی مرۆڤدا وێناكردووە، چۆن دەكرێت ڕێ لە هەنگاوێكی وا بگیرێت، كە گردێك یان چیایەك یا دەشتێك كە چۆڵەوانییە، بكرێتە ناوچەیەكی ئاوەدانی، بە بیانووی لاواز و بێ بنەما.

وەک هەمووانیش دەزانن، ساڵ لەدواى ساڵ ژمارەى دانیشتووان زیاتر دەبن و قەبارەى شارەکانیش گەورەتر دەبن، هەموو گەورەبوونى شارێکیش پێویستى بە پلانە، پێویستى بە رێکخستن و رەچاوکردنى رێساو یاسایەکە کە دەستەبەرى بەرژەوەندى گشتى بکات، لە کوردستان بە ملیۆنان دۆنم زەوى بەپیتى کشتوکاڵى کران بە شوقەى نیشتەجیبوون، لەکاتێکدا پێویست بوو تا زەوى بەردەڵان و گرد و تەپۆڵکەو شاخ هەبن رێگە نەدرێت زەوى کشتوکاڵى بۆ پرۆژەى نیشتەجێبوون تەرخان بکرێت.

دەسەڵاتی ئەم شارە لەمەدا هەڵەى گەورەو ستراتیژی کرد کە بەهیچ شتێک قەرەبوو ناکرێتەوە.

بەبڕواى شارەزایان ئیدارەى سلێمانى تاوانێکى گەورەی ئەنجامداوە کە رێگەى داوە پرۆژەو گەڕەک و خانوو لەسەر ئەو خاکە بەپیتەى راپەڕین بۆ تاسلوجە و تا هەزارمێرد و زڕگوێز و بەرەو عەربەت دروستبکرێن.

لەکاتێکدا هەموو ئەو گەڕەک و خانووانە دەتواندرا بەقەدپاڵى چیاى ئەزمەڕو گۆیژەو گرد و تەپۆڵکەکانى دیکەوە جێى بکرێتەوە.

ئەگەر ئەوە کرابا هاوشێوەى بەیروت سلێمانى بۆ سەر شاخەکان سەرکەوتایا چەند جوانتر دەبوو.

پرسیارێکى تر لەو کەسانەى کردیانە هەڵا ئەوەیە سێ چوار ساڵ لەمەوبەر لە راپەڕینەوە تا تاسلوجە هەموو ئەو خاکە بەپیتە کشتوکاڵییە کران بە هۆڵى چینکۆ و جەمەلۆن، مەعرەزى سەیارەى علوج و مەخزەن، ئایا ئەوانە زیانگەیاندن نەبوو بە سروشت و ژینگەى سلێمان؟.

رێگا راستەکە ئەوەیە هانى دەسەڵات بدرێت لەمەودا رێگە نەدات هیچ پرۆژەیەک لەسەر زەوى کشتوکاڵى دروست بکرێت، کە ئێستا هەندێ لە کۆمپانیاکانى سلێمانى چاویان بڕیوەتە ئەو بەشە زەوییەى کەڵەوانان و پیرەمەگرن و لە رۆژهەڵاتیشەوە بەرەو خاکى بەپیتى شارەزور.

لەگەڵ ئەوەشدا سلێمانى شانسى ئەوەى هەیە ببێتە یەکێک لە شارە هەرە جوانەکانى نەک هەرێمى کوردستان و عیراق، بەڵکوو وەک ئەستێرەیەک لەناوچەکەدا بەسەر گۆیژەو ئەزمەڕدا بدرەوشێتەوە.

کە ئەمە خواست و خەونى هەموو کەسێکى خەمخۆری شارەکە بووە لەوانەش خەڵکى رەسەن و رۆشنبیرەکانى و خەونەکەى پیرەمیری شاعیریش بەڕاست بگەڕێت.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP