دواین هەواڵ

داهاتوی رۆژئاوای كوردستان لە گەمەی رۆژهەڵاتی ئاڵۆزدا

‌كاروان حسێن

17/12/2024

گۆڕانكاریی گەورە لە دوای رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد لە سووریا رووی داوە كە دۆخەكە بۆ گۆڕانكاری لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاڵۆزتر بووە، ئەویش بەپێی دۆخی ئێستە و بە بەراورد بەو رێككەوتنەی سایكس بیكۆ لە ساڵی 1916، كاتێك بەریتانیا و فڕەنسا لەسەر دابەشكردنی ئیمپراتۆریی عوسمانی رێككەوتن.

ئێستا بە ئاسانی دەتوانرێت لایەكی سەركەوتوو و دۆڕان دەستنیشان بكەین كە ئێران و رووسیان، هاوكات فەلەستین و حیزبوڵڵای لبنان و شیعە بەگشتی تووشی زیانی گەورە بوون، لە بەرانبەردا ئیسرائیل و توركیا بوونەتە دوو هێزی گەورە لە ناوچەكەدا، هەروەها ئەمەریكایش لەو ناوچەیە گەورەترین هێزی بێ رگابەرە لە دوای ئەوەی رووسیا زیانی زۆری لێ كرد.

ڕۆژئاوای کوردستان لە قۆناغێکی هەستیاری مێژووییدایە، ئەوەی هەمووان لێی دڵنیان ئەوەیە، پێویستە هەسەدە و هێز ە سیاسیەکانی تری رۆژئاوای کوردستان پێکەوە دەست بەگفتو گۆ بکەن، گوێ لە راوێژ و پێشنیارەکانی سەرکردایەتی سیاسی هەرێمی کوردستان بگرن بەتایبەت مەسعود بارزانی کە خاوەنی کاریزمایەکی سیاسی گەورەیە لە ئاستی ناوچەکە و جیهانیش گوێی لێدەگیرێت.

ئەوەی تا ئێستا هەیە پەکەکە لە نزیکیەتی ئێران خۆی دوور نەخستووەتەوە و دژی رۆژئاوا و ئیسرائیلە، ئەگەر پەکەکە بەم شێوازە بێت و ئاستەنگ بۆ رۆژئاوا دروست کات ئەوە چارونوسی رۆژئاوا بەرەو کارسات دەبات. پەکەکە تا ئێستا ئایدۆلۆژیانە بیردەکاتەوە و توانای خۆ گۆڕینی نیە. لە رابردووش پەکەکە هەڵەی زۆر گەورەی بە یەپەگە کردوە. هەر ئەو سیاسەتانەش بووەتە هۆی لە رۆژئاوا کورد چەند ناو چەیەکی گەورە لە دەست بدات. تورکیا، بە توندی دژی بەشداریی سیاسی هێزی سووریای دیموکراتن لە سووریای نوێ، لایان وایە پاشگری پەکەکەن و هەڕەشەیەکی جددین بۆ خاکی تورکیا، ئەم هەڵوێستەی تورکیا لەگەڵ گۆڕانی ئەولەویەتەکانی ئەمریکا، کوردەکانی سووریا دەخاتە دۆخێکی ناجێگیرەوە.

واشنتۆن، هێزەکانی سووریای دیموکراتی  پرچەك کردووە و پشتگیری ليَکردوون، بەڵام پابەندبوونی بەهاوکاری بەردەوامی تا ئێستا نادیارە.

بارزانی وەک رابەری نەتەوەیی و خەمخۆرێكی رۆژئاوا، لە دوای قسەكانی ئەحمەد شەرع، فەرماندەی هێزەكانی تەحریری شام كە بۆ كورد دڵخۆشكەر بوون، وەڵامی دایەوە، دووپاتی لە گرنگیی رۆڵی كورد لە داهاتووی سووریا كردەوە، بە بۆچوونی شارەزا و توێژەرانی سیاسی ئەو قسانەی بارزانی هاندەرن، ئەگەر پەكەكە رێگە بەوە بدات.

لە بەرامبەردا ئەنەكەسە ئامادەكارییان كردووە بۆ گفتوگۆی دیمەشق و دوای داواكارییەكەی ئەمەریكا و فەڕەنسا لەبارەی گفتوگۆی دیمەشق، داوا دەکەن كورد پێكەوە بە یەك شاند بچنە دیمەشق، ئەمە ساتێكی مێژووییە و كورد دەمێكە چاوەڕێی ئەوە دەكەن، بەڵام نایشارنەوە كە قەندیل و سیاسەتەكانی رەنگە ببنە لەمپەر لە بەردەم یەكدەنگی و كۆدەنگی و پێكەوەبوونی كورد.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP