دواین هەواڵ

پیاهەڵدانى گۆیژە و سلێمانی شینى حوسێنە یان هەریسەکە

‌كاروان حسێن

22/06/2024

 ئەو شینەى کە لە ماوەى رابوردوو بۆ ژینگەى سلێمانى و جوانییەکانى شاخی گۆیژە کرا و هەندێک کەس و رێکخراو دەستیان کرد بە پیاهەڵدانى، جێگەى سەرنج بوو لە چەند روویەکەوە، یەکێکیان ئەوەیە هەمووانى خستە بەرامبەر پرسیارێک کە ئایا شار گەورە ببێت باشە یان نە؟ بێگومان هەمووان لەگەڵ ئەوەدان کە شار گەورە ببێت، کاتێکیش دەگوترێت شار بەچ ئاراستیەیەک پەل بکێشێت و گەورە ببێت دەبێت یەکێک لەو دوو بژاردەیە هەڵببژێرین کە یەکەمیان ئەوەیە لە دەشتاییەکاندا دەستبکرێت بە پرۆژە کە زیانی گەورە لە کشتوکاڵ و زەویی نزیکى شارەکان دەدات، کە لە روانگەى زانستى جوگرافییەوە یەکەمین بازنەى بەرهەمهێنانى سەوزەو شیرمەنین کە دوو سەرچاوەى گرنگی دانیشتوانن، یان ئەوەیە بەرەو بەردەڵان و کەژو کێوو شوێنە رەقەنەکان زیاد بکات کە لەچاو دەشتەکاندا زیانى کەمتری هەیە، بەتایبەتى ئەو جێگەیە دارستانێک نەبێت ببڕێتەوە، چۆمێک نەبێت کوێر بکرێتەوە، کانى پیشەسازیی و کانزا نەبێت قوفڵی لێبدرێت، لە جێگەیەک ئەنجام بدرێت کە هیچ بنەمایەکى ژیانى تاکە درەختێکی تێدا نییە.

ئێمە لەم بابەتەدا چیاى گۆیژەو ژینگەى سلێمانى و پیاهەڵدانى شاعیرەکانى پێش خۆمان، لەبەرچاوە، بەڵام لە هەموو ئەوانە گرنگتر فراوانبوون و گەشەکردنى شارە، چوون نەوەکانى داهاتوو ئەم شتانە نازانن و بەدواى رازاوەیی شارو پێگەى زێدى لەدایکبونیانەوەن، لە کلتوری هەموو دونیاشدا چێکردنى شار لەنێو دڵ و هەناوى چیاکاندا شتێکى باوە، حکومەتەکان کاریان لەسەر کردووە، لەگەڵ ئەوەشدا هەمیشە نرخیان لە پێدەشت و تەختاییەکان گرنگتر و لەڕووى تێچوون و ئابوریشەوە گرانتر بوون، بەجۆرێک وەک شانشین باسکراون، ئێستاش کە ریکلام بۆ هەر پرۆژەیەکی نیشتەجێبوون دەکرێت یەکسەر باس لە بەرزاییەکەى و ڤیوەکەى دەکرێت کە بەسەر شارەکەدا دەڕوانێت، ئیتر بۆچى دەبێت بە کۆمەڵێک مەرجی تایبەتییەوە ئەو پرۆژەیە هەنگاو هەڵنەگرێت و بە شێوەیەکى ئاسایی نەچێتە پێشەوە؟ ئەگەر زەینمان هاوکاریمان بکات و لەبیرى خۆمان نەبردبێتەوە چەندین پرۆژەى زیانبارتر کراونەتەوە، بە هەزاران داری گەورە بڕاونەتەوە، هەزاران دۆنم زەویى بەپیت هەڵگێڕراونەتەوە و کراون بە پرۆژە، لەبەرامبەریاندا کۆمەڵێک نیگەرانى و بۆڵەبۆڵی سەرەتایی کراوەو دواتر بێدەنگ کراون، یان ئەوەیە بە دەم چەورکردنێک، ئاوکراوە بەمل ئاگردا و ئێستاش پرۆژەکان لەسەر سکەى خۆیانن.

پرسیارە گرنگەکە ئەوەیە ئەمەى کە ئێستا هەیە شینە بۆ ژینگە و جوانییەکانى سلێمانى یان شەڕی وردە کۆمپانیاکان و پەیجە سپۆنسەرکراوەکانیانە و بەشێک لەو چالاکوانانەش کە لە هەموو بۆنەیەکدا بەداوى سودێکى کەسی خۆیانەوەن و ئاو بێنەو دەست بشۆ ئەڵبەتە دەبێت ئەو کەسە دڵسۆزانەى لێدەکرێت کە تەنها بەدواى بەرژەوەندیی گشتییەوەن و دواى قەرەباڵغی کەوتوون.

ئەگەر بەخێرایی نموونەى رێگەى سەرەکی تاسڵوجە،   گوندی ئەڵمانی بناری چاڤی لاند، نەخۆشخانەى هەرێمەوە تا دەگاتەوە نەخۆشخانەى شار، شوێنى مەسڵەحەى کۆن و شوێنە ستراتیژییەکانى تر، کۆمپانیاکانى تری نیشتەجێبوون، شوێنى مۆڵە گەورەکانى سلێمامى کە هیانبووە فەرمانگەى حکومى بووە بهێنینەوە یاد دەبێت بپرسین، بۆچی لەبەرامبەر ئەوانەدا بێدەنگییان هەڵبژارد؟

ئاوەدانکردنەوەى روتەنێکى وەک ئەوەى گۆیژە سلێمانى ناشیرین دەکات یان گرتنى 132 كۆڵان لەناو شاری سڵێمانی لە لایەن بەرپرسان و كەسانی نزیك بەرپرسان کە بە بۆری پڕلەخۆڵ گیراون و دارى پرسگەیان بە نایاسایی لێچەقاندوون، ئەو پرۆژەیە مەترسیدارە یان بەنزینخانە بێ مۆڵەتەکانى سلێمانى؟ کەوابێ دەبێت بپرسین بۆچی دەبێت پڕۆژەكەی قەیوان لە سەر دوو گردی ڕوتی بێ سەوزایی نایاسایی بێت و ژینگەى سلێمانى تێکبدات لەکاتێکدا سەرەکی ترین رێگەى سلێمانى کە رێگەى تونێلى پێشڕەوە چارەسەردەکات و سەوزی دەکات؟

دواى ریزکردنى بەشێک لە سەرپێچییە گەورەکانى سلیمانى ئێستا دەبێت لە خۆمان بپرسین، بۆچی دەبێت پڕۆژەكەی قەیوان لە سەر دوو گردی ڕوتی بێ سەوزایی، كورد واتەنی كەری تێدا بكەوێت قاچی دەشكێ كە بڕیارە بكرێتە ڤێلاو ئەگەر هەر ماڵێك 10 درەخت بڕوێنێت هەڕوتەی ڕوت و قوت جارێكیتر بەرگی سەوزی لەبەر دەكڕێتەوەو زیندو دەبێتەوە، بۆچی كارێكی نا یاسایەو ئەوهەموو هات و هاوارەی لە سەر دروستكرا. جێگەی پرسیارو گومانە ئەوانەی خۆیان بە دڵسۆزو خەمخۆری شاری سلێمانی دەزانن كە لەسەر ئەو هەموو پێشێلكاریانەی پێشتر بەرامبەر بە شارەكەیان كراوە، بێدەنگ بون و ئاوا بە گەرم و گوڕی بەرامبەر بە پڕۆژەكەی قەیوان هاتوونەتە دەنگ؟ بەگوێرەى زانیارییەکان ئەو شوێنە کەناوى -هەڕوتە-یە و لەبەر ئەوەى تەنها 10 سانتیمەتر خۆڵى لەسەر هیچ جۆرە دارێکی تێدا سەوزنابێت و کەڵکی هیچ شتێکى دیکەى پێوە نییە نیشتەجێبوون نەبێت، هەربۆیە لەسەرەتاوە شارەوانى رازیی نەبوون بەپێدانى زەوییەکە بەڵام پاش بەدواداچوون بۆیان دەرکەوت کە ئەوەیان قازانجە تا زەوی کشتوکاڵییان پێبدەن. کاتێکیش تەواو ببێت دەبێتە بەشێكی دانەبڕوا لەبەرزایەكانی قەیوان و سیمایەكی جوان بە شاری سلێمانی دەبەخسشێت.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP