داماڵینی کۆمەڵگە لە چەک یەکێکە لە قۆناغە گرنگەکانی مێژووی هەر کۆمەڵگەیەک و ئەو دونیا پێشکەوتوەی ئێستا هەموومان دەیبینین و، ئیرەیی بە ئارامی و پێشکەوتنەکانیان دەبەین هەر یەکەیان لە یەکێک لە قۆناغێکدا هەڵوەستەیان لەسەر دیاردەی چەکداری کردوەو، بە بڕیارێکی دەستەجەمعی و میساقێکی کۆمەڵایەتی و سیاسی کۆتاییان بە دیاردەکە هێناوە.
زۆرن ئەو دەوڵەتانەی ئێستا لافی ئارامی و ئاسایشی کۆمەڵایەتی لێدەدەن، بەڵام لە مێژوودا بە وڵاتێکی پڕ لە ئاژاوەو پشێوی ناویان هاتوەو یەکێک لە پڕ لە کیشەترینەکانی دونیا بوون.
ئێستاو دوای ساڵانێکی دور درێژ لە کارەسات و ڕوداوگەلی ناخۆش و ڕژانی خوێنی سەدان کەسی بێتاوان بە چەکی بێمۆڵەت و مۆڵەتدار و چەکی دەوڵەت بەدەستی پیاوەکانیەوە، خۆشبەختانە زەنگی مەترسیەکە گەشتە گوێی دەسەڵات و بڕیاری داماڵینی کۆمەڵگە لە چەکدراوە.
بڕیارەکە ئەگەر چی هەمووان دەزانین درەنگوەختەو زۆر دواکەوتوە، بەڵام ئێستاش درەنگ نییە، لەبەر ئەوەی ئەگەر ئەمڕۆش بڕیار نەدەین هیچ گەرەنتیەک نییە سبەینێش وەک ڕۆژانی ڕابردومان بە هەواڵی کوژرانی چەند کەسێکی تر بە خەبەر نەیەین.
قەدەغەکردنی چەکی بێمۆڵەت و داخستنی مەیدان و بازارەکانی کڕین و فرۆشتنی چەک و رێکخستنی چەکی دەوڵەت لە دەستی پیاوانی دەوڵەتدا، یەکێکە لە قورسترین هەنگاوەکانی حکومەت و ئیرادەیەکی بەهێزی دەوێت بۆ جێبەجێکردنی، ئەو کاتەی کە سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی و وەزیرە پەیوەندیدارەکان و سەرجەم پارێزگارەکان جەخت لە جێبەجێکردنی بێ چەند و چونی بڕیارەکە دەکەنەوە، ئیدی هەر پاشەکشەیەک لە جێبەجێکردنی بڕیارەکە دەبێتە عەیبەیەکی گەورەو خاڵێکی ڕەش بە پەڕەی دەسەڵاتی حکومەتی هەرێمەوەو کاریگەریی نەرێنی دەبێت لەسەر کۆمەڵگەو دەسەڵات، بۆیە پێویستە هەرچی دەکرێت بیکەن بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکان و دەستی هەموو ئەوانە ببڕن کە دەبنە ڕێگر لەبەردەمیاندا.
جیاواز لە دەزگا حکومیەکان و دەسەڵاتی جێبەجێکردن، ئەرکێکی گەورەو گرنگ لە ئەستۆی ڕۆشنبیران و مامۆستایانی و ئاینی مامۆستایانی خوێندنگەو میدیاو دەزگاکانی ڕاگەیاندندایە بۆ هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگەو پشتیوانی لە بڕیارەکەی حکومەت.
ساڵانێکی دور و درێژە هەموومان گلەیی لە حکومەت و حزبەکانی پێکهێنەری حکومەت دەکەین کە چەکیان کردۆتە کەرەستەی بەهێزبونی لایەنگرانیان و دەیبەخشنەوە لە هەڵبژاردنەکاندا و کۆمەڵگەیەکی چەکداریان خولقاندوە کە بوەتە مەترسی بۆ سەر تاک بە تاکی خودی کۆمەڵگەکە.
ساڵانێکە هەموومان داوای داماڵینی کۆمەڵگە دەکەین لە چەک، دەی کە ئێستا حکومەت بریارەکەی داوەو وەک ئەوەی دەبینین دەستیان کردوە بە هەڵمەتی نەهێشتنی دیاردەی چەکداریی، لەسەرمانە بە تەواوی تواناوە لە پشت بڕیارەکەی حکومەت بوەستین و کۆمەڵگە و تاکەکانی هانبدەین هاوکاری حکومەت بن و کۆتایی بە دیاردەکە بهێنین بۆ ئەوەی چیدی ئاسایشی کۆمەڵایەتی و ئارامی دەرونمان نەکەوێتەوە ژێر هەڕەشەی توند.
لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستانە کە بە جدی کار بکات بۆ جێبەجێکردنی کارەکەو هەنگاوەکانی درێژخایەن بن نەک ئەوەی لە ماوەی هەفتەیەکدا ئۆپەراسیۆنێک لە شارەکان دەستپێبکات و بە دانانی بازگەی کاتیی شۆیەکی ئەمنی کاتی بکات و سەرەنجام هاوشیوەی هەڵمەتەکانی ڕابردوو تەنها بۆ چاوی میدیاکان و بۆ ماوەیەکی دیاریکراو بێت.
ئاخر لە یەک ساڵی ڕابردودا چەند جارێک لەم شێوە هەڵمەتانە بۆ ئۆتۆمبێلی بێسەرەتاو جامڕەش ئەنجامدراوە و تەنها یەک هەفتەی خایاندوەو ئێستا شەقامەکان پڕن لە ئۆتۆمبێلی جامڕەش و بێسەرەتاو کڕین و فرۆشتنی ئاشکرایان پێوە دەکرێت، بەهیوام ئەمجارەیان بڕیارەکان حەددی بن و دەرفەتی پاشگەرزبونەوەیان تیا نەبێت بۆ ئەوەی بە هەموومانەوە پشتیوانی حکومەت بین لە جێبەجێکردنی بڕیارەکە.