مەرجی كشانەوەی ئەمریكا لە سووریا پەلامارنەدانی یەپەگەیە
ئەحمەد شەرع، سەركۆماری سووریا، بەفەرمی سەردانی ئەنكەرای كرد و لەگەڵ رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەركۆماری توركیا كۆبووەوە، بەڵام بەگوێرەی پڕۆتۆكۆڵی كۆماریی توركیا پێشوازی لێنەكرا، ئەمەش دەنگدانەوەی بەدوای خۆیدا هێناوە.
بەگوێرەی یاسای پرۆتۆكۆڵی كۆماریی توركیا، سەرۆكی هەر وڵاتێك سەردانی توركیا بكات و سەردانەكە فەرمی بێت، دەبێت بەڕێوڕەسمی تایبەت پێشوازی لێبكرێت، واتە پێشوازیكردنەكە بەجۆرێكە كە لە پرۆتۆكۆڵدا ئاماژەی بۆ كراوە، وەكوو چۆن پێشتر سەرۆكی هەر وڵاتێك سەردانی توركیای كردبێت، ئەردۆغان بەشێوەیەكی سەرنجڕاكێش پێشوازی لێكردووە، دەبوایە بۆ شەرعیش وابێت، چونكە سەركۆماری سووریایە، بەڵام ئەردۆغان ئەوەی نەكرد.
ئاژانسی (BBC)، لە راپۆرتێكدا باسی لەو سەردانەی شەرع كردووە و پرسە گرنگەكانی نێوان توركیا و سووریای ئاشكرا كردووە، بەڵام باس لەوەش دەكات، كە شەرع بەگوێرەی پڕۆتۆكۆڵی كۆماریی پێشوازی لێنەكراوە و هۆكارەكەش تاوەكوو ئێستا ئاشكرا نەكراوە.
لە سەردانەكەیدا بۆ توركیا، شەرع و ئەردۆغان باسیان لە زۆر پرسی گرنگ كرد، دیارترینیان ئاییندەی سووریا بوو، كە هەردوكیان كۆك بوون لەسەر ئەوەی یەكچارچەیی خاكی سووریا بپارێزن و ئەردۆغان ئاماژەی دا، ئەوان وەكوو توركیا ئامادەن هاوكاری سووریا بكەن، بۆ لێدان لە گروپی تیرۆرستی داعش و پەكەكە، سوپاسی شەرعیشی كرد، كە بە ئیرادەیەكی بەهێزەوە رووبەرووی تیرۆر بووەتەوە.
ئەردۆغان، لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەیدا لەگەڵ شەرع، ئامادەیی توركیای دەربڕی بۆ هەر هاوكارییەكی مرۆیی بە سووریا، هەروەها لە بونیادنانی سووریاش دەستێكی باڵایان دەبێت و هاوكاریان دەبن.
شەرعیش، توركیای بە وڵاتێكی ستراتیژی بۆ سووریا وەسف كرد، ئاماژەی دا كە لەڕووی مرۆیی و ئابووریی و كلتوورییەوە بەیەكەوە كار دەكەن.
شەرع، دوای ئەوەی بووە سەرۆكی كاتی سووریا، یەكەم سەردانی بۆ سعوودیا بوو، دووەم وڵاتیش توركیای هەڵبژارد، هەروەها لەگەڵ ئەردۆغاندا رێككەوتن كە بنكەیەكی سەربازی توركیا لە سووریا دروست بكرێت، ئەمەش بۆ هاوكاریی سووریا و ئاساییشی ئەو وڵاتە.
ئامانجی سەرەكی توركیا ئەوەیە، حكوومەتەكەی ئەحمەد شەرع، لە ماوەی چوار ساڵدا بتوانێت كۆتایی بە یەپەگە بهێنێت، بەڵام ئایە ئەوەی پێ دەكرێت؟
شەرع، دوای ئەوەی بووە سەركۆماریی سووریا، دەڵێت چوار بۆ پێنج ساڵمان پێویستە تا دامەزراوەكانی سووریا وەكوو خۆی لێبكەینەوە، ئەوكات دەچنە ناو هەڵبژاردنەوە.
ستراتیژییەتی توركیا بۆ سووریا ئەوەیە، دەستێكی باڵای هەبێت لە بوندیادنانەوەی سووریادا، هەروەها یەپەگە لە داهاتووی سووریادا هیچ گرنگی و رۆڵێكی نەبێت.
چاودێرانی سیاسی پێیانوایە، یەپەگە هێزێك نییە بەئاسانی لەناو ببرێت، چونكە ئەو هێزە راهێنراوە و هەروەها چەكی قورسی هەیە و بەهەموو پێوەرێك لە هێزی تەحریر شام زۆر بەهزترە.
ئەگەر بێت و شەرع و ئەردۆغان، رێككەوتنی نهێنیان كردبێت بۆ پەلاماردانی یەپەگە، ئەوكات سووریا دەچێتە ناو شەڕێكی تری ناوەخۆیی و رەنگە دەرگا بۆ ئاوارەبوونی ملیۆنان كەسی تر بكرێتەوە.
ئیدارەی ترامپ لە ئەمریكا، رۆڵی كاریگەر دەبینێت لەوەی، یەپەگە لە داهاتووی سووریادا رۆڵی دەبێت یان نا، چونكە ئەگەر ئەمریكا هێزەكانی خۆی لە سووریا بكشێنێتەوە، ئەوكات لێدان لە یەپەگە دەبێت بەكردار، بەڵام ئەگەر بۆچوونی ئەمریكا بەردەوامیدانی هاوپەیمانیی بێت لەگەڵ یەپەگە، ئەوكات ئەستەمە بتوانرێت یەپەگە لەناو ببرێت.
ئاژانسی (BBC) بڵاوی كردووەتەوە، ئەگەر ئەمریكا لە رۆژئاوای كوردستان بكشێتەوە، دوو مەرجی بۆ توركیا و سووریا داناوە، یەكەمیان ئەوەیە نابێت رووبەڕووبوونەوەی داعش فەرامۆش بكرێت، هەروەها خانەوادەی داعشییەكان كە ئێستا لە كەمپەكان و گرتوخانەكاندان هەر وەكوو خۆی بمێنێتەوە و ئازاد نەكرێن.
مەرجی دووەمیش ئەوەیە، نابێت بەهیچ شێوەیەك توركیا و سووریا، هێرش بۆ سەر یەپەگە دەستپێبكەن و بیكەنە ئامانج.
هاكان فیدان، بە ئاشكرا لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا گوتی، دەمانەوێت بەبێ رژانی خوێن كێشەی یەپەگە لە سووریا چارەسەر بكەین، واتە دەیەوێت لەگەڵ یەپەگە بگەنە رێككەوتن.
دانیشتنی شام و یەپەگە دەستیپێكردووە، بەڵام تاوەكوو ئێستا روون نییە، ئەوان دەگەنە رێككەوتن یان نا؟ ئایە توركیا بەرنامەی چییە بۆ ئاییندەی یەپەگە لە سووریا؟ دیەوێت بەیەكجاری كۆتاییان پێبهێنێت، یان ببنە باڵێكی مەدەنی و بەشدار بن لە حكوومەت و پەرلەمانی سووریادا؟