لەوەتەی پرۆسەی داگیرکاری بەسەر کورددا سەپێنراوە ئەوان تەنها داگیرکاری جوگرافیایان جێبەجێ نەکردووە، بەڵکو داگیرکاری ئابووری و کولتوری و هزرییان پەرەپێداوە بۆ تێکشکاندنی کەسیەتی تاکی کورد، بۆ ئەوەی هەست بە نامۆبوون و خۆ بەکەم زانین بکات، هەتا ئەو شوێنەی هەندێ جار داگیرکارمان لێ ببێتە فریادڕەس.
گەلی ئێمە بە سەختترین قۆناغی مێژووییدا تێپەڕیووە بۆ پاراستنی (سنوور و بوون) ئەگەرچی شەڕی بوونی بردۆتەوە، بەڵام لە شەڕی سنووردا هەتا ئێستا لە جەنگدایە، بۆیە لەو کاتەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان دروست دەبێت ئیتر جۆری شەڕەکە دەگۆڕێت لە شەڕی سەربازییەوە زیاتر بۆ شەڕی تایبەت (ئابووری، کوولتوری، دەروونی، هزری) ئێستا ئەم شەڕە لەئاستی کوردستانی گەورەدا بە بەرنامە بۆ تێکشکاندنی کورد بەڕێوە دەچێت، بەتایبەتی گۆڕانکاریەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دژبەرانی کوردی ترساندووە.
بۆیە بە ئاشکراو بە نهێنی جوڵەی دبلۆماسییان دەسپێکردووە بۆ ئەوەی بەر بە پێشکەوتنەکانی کورد بگرن لە گۆڕانکارییە چاوەڕوانکراوەکانی ناوچەکەدا، بۆیە جگە لە جوڵەی سیاسی و دبلۆماسی شەڕی شێواندنی هزری بەڕێوە دەبەن بەتایبەتی لە هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی ئیرادەی تاکی کوردی بشکێنن. بەداخەوە ئێمە نەک بێ بەرنامەین دژی ئەو بەرنامانەی ئەوان، بەڵکو هەندێجار ڕێگا خۆش دەکەین بۆ سەرکەوتنی بەرنامەکانی ئەوان، ئەحزابی کوردی ڕۆڵێکی نەرێنی دەگێڕێ لەم دۆخەدا، پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە کە ئەوان لەم شەڕە کلتووری و هزرییەدا چیان لە کورد دەوێت؟
١- تێکشکاندنی ئیرادەی تاکی کورد باوەڕ نەبوون بە خوود.
٢- وێنای تاکی کورد لە وێنەیەکی بچوکی گەمارۆدراودا بۆ ئەوەی سەرقاڵی بەرژەوەندی خۆی بێت و وێنە گەورەکە لەبیر بکات، کە بەرژەوەندی گشتی و نیشتمانە.
٣- لاوازکردنی هەست و باوەڕی کوردبوون.
٤- نەهێشتنی ئینتیما بۆ ئەوەی لەبری شانازی بە کوردبوونەوە بکەیت شەرم بکەی.
٥- بێ بەهاکردنی پرۆسەی ڕۆشنبیری و فەرهەنگی.
٦- سەرقاڵکردنی ناوماڵی کوردی بە شەڕو شکاندنی یەکدییەوە.
٧- شێواندنی مانای چەمکەکان.
٨- چاندنی بیری نەفرەت لە خوود لەناو تاکی کورددا.
٩- دروستکردنی میدیای ساختەو ڕۆشنبیری ساختە بۆ بێ بەهاکردنی هەموو بەهاکانی کورد.
١٠- شێواندن و تێکدانی پەیوەندی کوردی ـ کوردی بۆ ئەوەی حزبەکان لەبری پێشبڕکێ و ڕکابەری بۆ چاکەی گشتی وەک دوژمن مامەڵەی یەکتر بکەن.
ئەوان نەیارانی کورد لەو شەڕی هزرییەدا لەناوچوونی ئێمەیان دەوێ، ئایا لەبەرامبەر ئەو شەڕوو بەرنامانەی ئەواندا ئێمە چی بکەین؟ ئەوە بە جێدەهێڵم بۆ کۆی کورد و لایەنی پەیوەندیدار.