یەکێک لەو سێ یاسایەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق تێیپەڕاند، یاسای لێبوردنی گشتی بوو، ئەم یاسایە هەزارەها زیندانی عەرەبی سونە لە زیندان ڕزگار دەکات و داواکاری سەرجەم هێزە سونییەکان بوو.
عەرەبی سونە لق و پۆپی زۆرە، بەڵام ئێستا زۆربەی لایەنە سونەکان کۆبوونەتەوەو لە ژێر هەیمەنەی کەنداو و تورکیادان، لەکاتێکدا حەلبوسی جیابووەتەوەو نزیکە لە هێڵە ئێرانییەکەوە.
ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق یاسای لێبوردنی گشتی بە ڕێککەوتن پەسەند کرد، کەچی دادگای فیدراڵی کارکردنی بەیاساکە ڕاگرت. دادگای فیدراڵی، دادگایەکی درۆینەی سیاسیە بۆ لێپێچینەوەکردن بەرامبەر لایەنە رکابەرەکانی هێزە شیعەکان.
لێرەدا پرسیار دێتە پێشەوە، بۆ دادگای فیدراڵی کارکردنی بە یاسای لێبوردنی گشتی ڕاگرت، لەکاتێکدا کورد، شیعەو سونە لەسەری ڕێککەوتبوون؟
وەڵامەکەی ئەوەیە:
عێراق لەبەردەم هەڵبژاردندایە، هێڵە ئێرانییەکە هەوڵ دەدەن حەلبوسی بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو زاڵ بێت بەسەر لایەنە سونییەکانی تردا، بۆیە کاتێک دادگای فیدراڵی کارکردنی بە یاساکە ڕاگرت، تەنها حەلبوسی تەلەفۆنی بۆ پارێزگاری پارێزگا سونە نیشینەکان کردو داوای هەڵوێستی لێکردن، ئەڵبەت ئەمە بە ئاگاداری لایەنە شیعەکان، بۆ ئەوەی خاوەندارێتیکردنی سونە بدرێتە حەلبوسی.
خۆ گەر لایەنە شیعەکان ڕازی نەبووایەن، حەلبوسی نەیدەوێرا قسەش بکات، چونکە دۆسیەی یاسایی زۆرەو بۆی زیندوو دەکرایەوە.
لایەنە سونەکان دەزانن ڕاگرتنی یاسای لێبوردنی گشتی تاکتیکەو دادگای فیدراڵی بەکارهێنرا تا باڵانسی حەلبوسی بەرز بکرێتەوە، بەڵام لەبەر ئەوەی یاساکە خواستی هەموو سونەیەو حەلبوسی لە یارییەکەدا پێشیان کەوت، ناشوێرن قسە لەسەر ئەسڵی سیناریۆکە بکەن.
نوکتەترین شت، وردە موحەلیل، وردە سەحەفی، سێ ڕۆژە قەوانی تێکچونی عێراق لێدەدەن، بێ ئاگا لە یارییەکانی پشتەوە.