گرنگ ترین بەڵگە لە ئازۆفستالەوە وەڵامی ئەو پرسیارەیە کە ئایا پوتین سەرۆکێکی سەرشێت و سەرەڕۆیە وەک خۆرئاوا بۆمان وێنادەکات ؟ یان سەرۆکێکی ستراتیژیستی دوربینە و دەزانێت چی دەوێت و چۆن ئامانجەکانی دەپێکێت ؟
هەمیشە ئەو وێنەیەی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی دەیانەوێت بیچەسپێنن ، ڕوسیا و سیاسەتی پوتین پێچەوانەکەی دەسەلمێنن ..
- لەپاش خستنە خوارەوەی فڕۆکە ڕوسیەکە لەلایەن تورکیاوە ، بەپێ ی وێنە ئەمریکیەکەی پوتین ، دەبوایە ڕوسیا تورکیای ژێرە و ژووکردبایە . بەڵام زۆر ئارامانە هەم ئەردۆغانی خستەژێر ڕکێفی خۆیەوە ، هەم ئەوەی دەیویست بەدەستی هێنا .
- لەپاش دەسپێکردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازیەکەی ڕوسیا بۆسەر نازیەکانی ئۆکرانیا ، بەپێ ی وێنە ئەمریکیەکە بایە، دەبوو ڕوسەکان بەرگەی یەک هەفتەی ئابڵۆقە ئابووریەکەی خۆرئاوا نەگرن و ئابووری ڕوسیا داڕمێت . کەچی بە پێچەوانەوە کاریگەریە نەرێنیەکانی بۆسەر ئابووری خۆرئاوا قورسترە تا سەر روسەکان .
- خۆرئاوا پێ ی وابوو لە ٩ ی ئایار و یادی سەرکەوتنی ڕوسەکان لە جەنگی جیهانی دووەمدا ، پوتین وتارێکی ئاگرین دەدات و جەنگی گشتی ڕادەگەیەنێت .(ڕوسیا تا ئێستا لەدژی ئۆکرانیاش جەنگی ڕانەگەیاندووە . چونکە ڕاگەیاندنی جەنگ دەکاتە پچڕاندنی هەموو پەیوەندیەکان و کشانەوەی نوێنەرایەتی نێوان دەوڵەتەکان )کەچی پێچەوانەی وێنە ئەمریکایی و بەریتانیەکە بۆ پوتین ، بایەخێکی ئەوتۆی بە پرسی جەنگ نەدا و سوپاسی هەموو ئەو گەلانەشی کرد بەشداری سەرکەوتنەکەبوون . چەپکە گوڵی بردە سەر گۆڕی سەربازە ئۆکرانیەکانی جەنگی جیهانی دووەم .
- دیسانەوە بەپێ ی وێنە خۆرئاوایەکەی پوتین بایە ، دەبوو لەکاتی داواکردنی سوید و فینلەندا بۆ بە ئەندامبوون لە ناتۆدا ، ڕوسیا هێرشی کردبایە سەر ئەو دوو وڵاتە . بەڵام لەوتارەکەیدا پوتین ئەوجارەش دیبلۆماسیانە گوتی ئەوە کارێکی باش نیە بۆ پەیوەندی ئاشتی نێوانمان و ئەو ڕێکەوتنەی لە ١٩٤٥ دا لەگەڵ فینلەندیەکاندا کردوومانە . هیچ بەرخوودێکی توندوتیژی لەوتارەکەیدا نەبوو .. وەک سەرۆکەکانی ئەمریکا و بەریتانیا کە بەشەخسی هێرش دەکەنە سەر پوتین ، دوور لە عورف و دیبلۆماسیەتی سیاسی نێوان سەرۆکەکان ، ئەو تا ئێستا هیچ هەڵچونێکی شەخسی دژ بە سەرۆکەکان نەنواندووە .
- تاقیکردنەوەی ئازۆفستال لە ماریۆپۆل بۆ وێنە ڕاستەقینەکەی پوتین و سیاسەتی ڕوسی وەک نیشانەگرتنەوەی چەند چۆلەکەیەکە بە بەردێک :
یەکەم : سەلماندنی توانا و هێزی سەربازی ڕوسی یە بەوپەڕی سەبر و پیشەییەوە . لەماوە دوومانگی ڕابردوودا ڕوسیا دەیتوانی ئازۆفستال ژێرەوژووربکات . بەڵام نەیکرد ، چونکە ..
دووەم : پوتین پێویستی بە دیلکردنی ئەو جەنگاوەرە هەڵبژاردە و مەشقپێکراوانەی نازیەکان بوو لەلایەن ئەمریکاوە . سەبرکردن بۆ ئەوەی لەبری کوشتن ، بەدیلیان بگرێت بۆ بەڵگە و سەلماندنی چۆنیەتی هەڵگیرساندنی شەڕەکە لە ڕێگای بەدیکۆمێنت کردنی ئەو قسانەی لێیان وەردەگرن ، بەتایبەتی ئەو ئەفسەرە ئەمریکایانەی لە سی ئای ئەیەوە لەناویاندان و بەدیل گیراون .
سێهەم : پڕچەکترین و پێشکەتووترین و بەتواناترین هێزی ئۆکرانی و ئەمریکاییەکان ئەو کەتیبەیەی ئازۆفستال بوو . ئەگەر ڕوسیا بیکوشتنایە دەبوونە قارەمان و مێژوو بۆ نازیەکان . بەڵام کاتێک خۆیاندا بەدەستەوە شەرەفی مێژوو و قارەمانیەتیان پێ نابڕێت .
چوارەم : دەبنە وەرەقەیەکی بەبایەخی هەر گۆڕینەوە و فشارێک ڕوسیا لەگەڵ ئەمریکاییەکاندا بیکات . چونکە ئەفسەری باڵای ئەمریکی لەناویاندا هەیە و ئێستا دیلن لە دەستی ڕوسیادا . ئەمەش بۆ فشاری ڕای گشتی ئەمریکی لەسەر حکومەتەکەیان دەکەوێتە دەست پوتین .
پێنجەم : لەبەر ئەوەی ئەو شەڕە ، شەڕی مێژوو و جیوگرافیایە بەر لەوەی شەڕی فیکر و بەرژەوەندی و دابەشکردنەوەی سیاسەتی جیهان بێت ، کۆتایی ئازۆفستال و خۆبەدەستەودانی جەنگاوەرە نازیەکان تا ئێستا بردنەوەی جیوگرافیا و مێژووەکەی بەدەستی پوتینەوەیە . ئۆکرانیا و ئەمریکای لە دەریای ڕەش و خۆرئاوای ڕوسیا لەیەکتر دابڕی . ئەوەش ئامانجە لەپێشینە و سەرەکیەکەی پوتین بووە .