دواین هەواڵ

ئاڵای کوردستان لە فڕۆکەخانەی ئەتاتورک و ئاڵای تورکیا لە قەڵای هەولێر

‌كارزان گلی

پێش 2 هەفتە

بەر لە هاتنی رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەركۆماری توركیا بۆ هەولێر، ئاڵای سووری توركیا لەسەر قەڵای هەولێر گەشایەوە، ئەمەش مقۆمقۆیەكی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا و دژە پارتییەكان و ئەوانەی مەیلی پەكەكە بوونیان هەیە، ئەم هەنگاوەیان بە سووكایەتیی بۆ هەولێر و هەولێرییەكان لێكدایەوە، بەبێ ئەوەی بتوانن شڕۆڤەیەكی مێژوویی و سیاسی بۆ بكەن.
بەهۆی ئەوەی تورك و كورد وەكوو نەتەوە زیاتر لە ١٠٠ ساڵە لە ململانێدان، هەمیشەش حكوومەتەكانی توركیا، دەستپێشخەربوونە لە كۆمەڵكووژكردنی كورد و هەروەها سڕینەوەی ناسنامەی كورد، بۆیە رەنگە بەشێك لە كوردستانیان بەو دیمەنە قەڵس بن، ئەوە مافی خۆیانە، بەڵام ئەو كەسانە لە سۆسیال میدیاوە هەنگاوەكەیان بە سووكایەتیی وەسف نەكردووە، چونكە دەزانن سەرۆكی وڵاتێكی بەهێزی وەكوو توركیا بێتە هەولێر، دەبێت لەڕووی پڕۆتۆكۆڵییەوە هەموو ئامادەكارییەكان بكرێت.

ئەمە بۆ لایەنی توركە نەژادپەرستەكانیش وایە، چەندینجار سەرۆك بارزانی چووەتە توركیا و بەئاڵای كوردستانەوە پێشوازی لێكراوە، تەنانەت ئاڵای كوردستان لەناو فڕۆكەخانەی ئەتاتورك دانرا و گەشایەوە، ئەمە ئەو توركە نەژادپەرستانەی نیگەران كرد و هێرشی توندیان بۆ سەر ئەردۆغان دەسپێدەكرد و ئەوانیش دەیانگوت بەدانانی ئاڵای كوردستان لە كۆشكی چەنكایە و فڕۆكەخانەی ئەتاتورك، سووكایەتی بە میللەتی تورك كراوە، بۆیە توركە نەژادپەرستەكانیش بە دانانی ئاڵای كوردستان قەڵس دەبن، بەڵام پرۆتۆكۆڵ گوێ بەو رەخنانە نادات. دەبێت ئەوە بزانین، كە لێدان لە ئەردۆغان و پارتەكەی بەهۆی دانانی ئاڵای كوردستانەوە، تەنیا ئەو توركانە بوونە، كە ویستویانە بەو رەخنانە دەنگ بۆ خۆیان كۆ بكەنەوە و رای گشتی پێچەواشە بكەن، گەرنا خۆشیان باش دەزانن دانانی ئاڵای كوردستان، بابەتێكی پڕۆتۆكۆڵییەوە و لە دەستووری عێڕاقدا دانی پێدا نراوە.

با كەمێك بگەڕێینەوە بۆ مێژوو و بزانین، ئاخۆ لە نێوان دوو وڵاتدا، كوشتن و جەنگ بوونی هەبووە و پاشان بەڕێوەڕەسمی گەورە پێشوازی لە سەرۆكی یەكتری بكەن؟

جەنگی نێوان ئەمریكا و ڤێتنام، بە گەورەترین جەنگ دادەنرێت لە دوای جەنگی دووەمی جیهانییەوە، كە ماوەی ١٠ ساڵی خایاند و ١٠٠ هەزار سەربازی ئەمریكی لەو جەنگەدا كوژران و نزیكەی ٤ ملیۆن هاووڵاتی سڤیلی ڤێتنامی كوژران، ئەمە جگە لەوەی بە ملیۆنانی تر بریندار بوون و بوونە خاوەن پێداویستیی تایبەت، بە كورتی داگیركردنی ڤێتنام لەلایەن ئەمریكاوە ماڵوێرانییەكی گەورەی بەدوای خۆیدا هێنا بۆ ڤێتنامییەكان و ئێستاش وڵاتەكە وەكوو پێویست نەهاتووەتە سەر رێڕەوی خۆی.

هەر چەند مانگێك بەر لە ئێستا بوو، جۆ بایدن، سەرۆكی ئەمریكا بە سەردانێكی فەرمی چووە ڤێتنام و بەڕێوڕەسمێكی یەكجار گەورە پێشوازی لێكرا، ئاڵای ئەمریكا لەپاڵ ئاڵای ڤێتنامەوە دانرابوو و رێوڕەسمەكەش بووە مانشێتی زۆربەی رۆژنامە جێهانیەكان.

نەمانبینی ڤێتنامییەك دژی دانانی ئاڵای ئەمریكا رەخنە بگرێت و بەسووكایەتیی بۆ ڤێتنامییەكان ناوی ببات، چونكە دەزانن ئەوەی كراوە پرۆتۆكۆڵییە و ناچێتە بابی سووكایەتییەوە، بەپێچەوانەوە چوونی بایدن، دەبێتە هەنگاوێكی گەورە تا بتوانن قەرەبووی وڵاتەكەیان بكرێتەوە و هەروەها لەرێگەی دیبلۆماسییەوە بتوانن ئەمریكا بهێننە ژێر باری ئەوەی، وەبەرهێنانی گەورە لە وڵاتەكەیاندا بكات و وڵاتی خۆیان ببوژێننەوە، خۆ ناكرێت هەر لە ململانێدابن لەگەڵ ئەمریكا و هەموو دەرگایەك بەڕووی یەكتریدا دابخەن.

نموونەی تر زۆرن، دەكرێت باس لە ژاپۆنیش بكەین، كە ئەمریكا بە ئەتۆم لەو وڵاتەیدا و سەدان هەزار كەسی كوشت، پاشان دەستیان خستە ناو دەستی یەكتری و چەندینجار سەرۆكی ژاپۆن چووەتە ئەمریكا و سەرۆكی ئەمریكاش چووتە ژاپۆن و بەڕێوڕسەمی گەورە و دانانی ئاڵای یەكتری پێشوازییان لە یەكتری كردووە.

توركیا و یۆنان، بەردەوام لە شەڕدا بوونە لەگەڵ یەكتری، ئێستاش یۆنانییەكان پێیانوایە ئیستانبۆڵ شاری ئەوانە و دەڵێن، رۆژێك هەر دێت ئەو شارە رزگار بكەین و ببێتە پایتەختی یۆنان لە بری ئەسینا. ژمارەی كوژراوی نێوان ئەو دوو وڵاتە لە هەموو جەنگەكاندا بە ملیۆنانە، بەڵام دەیانجار سەرۆكی توركیا چووەتە یۆنان و بەڕێوڕەسمی تایبەت پێشوازی لێكراوە، یۆنانیش بەهەمان شێوە، كەسمان نەبینی ئەمە بەسووكایەتی لێكبداتەوە.
دانانی ئاڵای توركیا لەسەر قەلای هەولێر، جیا لەوەی بابەتێكی پڕۆتۆكۆڵی بوو و پێشتریش بۆ سەرۆكی فەڕەنسا و چەند وڵاتێكی تر هەمان شت كراوە، بەبێ ئەوەی ئاگادار بین، ریكلامێكی گەورەش بوو بۆ قەڵای هەولێر و بازاڕكارییەكی باشی بۆ كرا.

لە توركیا، دەیان ماڵپەڕ و رۆژنامە، باسیان لەوە كرد، كە ئاڵای توركیا لەسەر قەڵای هەولێر دانراوە بۆ رێزگرتن لە سەرۆكی توركیا، قەڵای هەولێر باسوخواسێكی گەورەی میدیای توركیا بوو و وای لێهات، باسیان لە مێژووی ئەو قەڵایە دەكرد و بەگرنگ و جوان و قەڵایەكی مێژوویی ناویان دەهێنا، ئەمەش گرنگە بۆ گەشتیارێكی بیانی گەر بیەوێت سەردانی هەولێر بكات و قەڵای هەولێر بەسەر بكاتەوە، چونكە جیا لەوەی بەتوركی باسیان لە قەڵای هەولێر دەكرد، بەزمانی ئیگلیزیش وەكوو هەواڵ و راپۆرت بابەتیان لەسەر بڵاوكردەوە.

كەواتە لەڕووی دیبلۆماسییەوە دانانی ئاڵای توركیا لەسەر قەڵای هەولێر، زۆر ئاساییە و هیچ سووكایەتی تێدا نییە، لە هەمان كاتدا بازاڕكارییەكی گەورەش بوو بۆ قەڵای هەولێر، بەوەی قەڵا سەربەرزەكەمانی بە تەواوی توركیای ناساند.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP