دواین هەواڵ

شەری سنووردای ئێران و ئیسرائیل: پەیامەكان,كاردانەوە و لێكەوتەكان

‌نەوزاد هێتوتی

پێش 1 هەفتە

هەرێم نیوز

د. نەوزاد ھێتوتی

پێشەكی

 لە 1 نیسانی 2024 ئیسرائیل کونسولگەریی ئێرانی لە سوریا بوردومان کرد و لە ئەنجامدا نزیكەی 7 سەركردەی باڵای سوپای قودسی ئێران كوژران. لە وڵامی ئەو ھێرشەدا، ئێران بۆ یەكەمجار لە مێژووی خۆیدا لە 14-13  نیسانی 2024  زیاتر لە 300 مووشەكی بالیستی، مووشەكی كروز و فرۆكەی بێفرۆکەوانی ئاراستەی ئیسرائیل كرد. ھەرچەندە ھێرشەكە زیاتر رەمزی بووە و پێگە سەربازییە ھەستیارەكان و خەڵكی سیڤیل و شارە گەورەكان و سێكتەری ئابووریی نەكردە ئامانج. بەڵام هێڕشکردن لەرێگەی ئەو قەبارە گەورەیە لە موشەكی کروز و بالیستی و درۆن، دەرخەری ئەو راستییەیە كە ئێران لە ئایندەیەكی نزیكدا دەكرێت ببێتە ھەڕەشەیەكی زۆر گەورە لە سەر ئەمریكا و ھاوپەیمانەكانی. لە بەرامبەردا، ئیسرائیڵ لە 19ی مانگ لە ڕێگەی فرۆكە و درۆنەوە ھێرشێكی سنوورداری كردە سەر سیستمی بەرگری ئاسمانیی ئێران لە ئەسفەهان و لەناویبرد، كە ئەركی سەرەکی بریتی بووە لە پاراستنی بنکە ئەتومییەكانی ئێران لە نەتەنز. ھەرچەندە لەو ھێرشەدا ئیسرائیل دەیتوانی پاش لەناوبردنی سیستمی بەرگری ئاسمانیی ئێران، گورزی گەورە لە بنكە ئەتومییەكانی ئێران بدات، بەڵام لە ژێر گوشاری ئەمریكادا، ئیسرائیل خۆی لەو بژاردەیە پاراست.

لێرەدا پرسیاری ھەرە گرنگ ئەمانەن: بوچی ئێران راستەوخۆ  ھێرشی كردە سەر  ئیسرائیل؟ ھۆكار و پاڵنەرە سەرەكییەكان چی بوون؟ تا چەند ئەم ھێرشە كارێگەری دەبێت لەسەر ھاوكێشە سیاسییەكانی ڕۆژھەڵاتی ناوەراست و ناوچەكە؟ ئایا ئیسرائیلییەكان لەوە ناترسن كە لە چەند سالی ئایندەدا ئەگەر ئێران ببێتە خودان چەكی ئەتۆمی لە جێگەی  300 مووشەك و درۆن، ئەوكات 300 موشەكی ھەڵگری كڵاوەی ئەتۆمی ئاراستەی ئیسرائیل بکات؟ ئەو كات چ مەترسیییەكی گەورە لە سەر ئاسایش و ھەبوونی ئیسرائیل  درووست دەبێت، بەتایبەت ئێران بەردەوام ھەڕەشەی لەناوبردنی ئیسرائیل و سڕینەوەی دەكات؟ لێكەوتەكانی وڵام و وڵامدانەوەكانی ئیسرائیل و ئێران چی دەبن؟

پەیامە سەرەكییەكانی ئێران لە ھێرشی راستەوخۆ بۆ سەر ئیسرائیل

 لە راستیدا ئێران لە رێگەی ئەو ھێرشە راستەوخۆیەی كە كردییە سەر ئیسرائیل، كۆمەڵێك پەیامی ھەم بۆ ئیسرائیل و ھەم بۆ ھاوپەیمانەكانی ھەبووە. لێرەدا بە كورتی دەتوانین ئاماژە بەو خاڵانە بكەین:

1- ئەم ھێرشە وڵامدانەوەی راستەوخۆی ھێرشەكانی ئیسرائیل بووە بۆ سەر کونسولگەریی ئێران لە دیمەشق. لەم رووەوە، ئێران مەبەستییەتی ئەو پەیامە بە ئیسرائیل بدات كە پشوودرێژییەكەی (strategic patience) بەرامبەر ئیسرائیل كۆتایی ھاتووە. بەتایبەت ئیسرائیل چەندین ساڵە چی لە ناوخۆی ئێران لە رێگەی ئۆپەراسیۆنی نھێنی و چی لە سوریا و ناوچەكەدا بەرژەوەندی، پێگە و كەسە سەربازییە دیارەكانی ئێران دەكاتە ئامانج كە دیارترینیان بوردومانكردنی کونسولگەریی ئێران بووە لە سوریا. بۆیە پەیامەكەی ئێران ئەوەیە لەمە بەداووە ھەر ھێرشێك بۆ سەر بەرژەوەندییەكانی ئێران تەنانەت لە دەرەوەی سنوورەكانیش رووبەرووی كاردانەوە و وەڵامدانەوەی توندی تاران دەبێتەوە. خاڵی گرنگ لێرەدا ئەوەیە كە ئێران نایەوێت شەڕەكە لەگەڵ ئیسرائیل گەورە ببێت، بەڵكوو مەبەستییەتی لە رێگەی ئەم ھێرشەوە سیاسەتی (deterrence policy) بەرامبەر ئیسرائیل بگرێتەبەر و وا لەو وڵاتە بكات جاریكی تر بوێری ئەوەی نەبێت ھێرش بكاتە سەر ئێران. لەم رووەوە، ژەنەراڵ حوسێن سەلامی، فەرماندەی گشتیی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی رایگەیاند، ھێرشەكەی ئێران لە سەر بنەمای درووستكردنی ھاوكێشەیەكی نوێ بووە كە ئەویش ئەوەیە؛ لەمەبەدواوە ھەر كاتێك ئیسرائیل ھێرش بكاتە سەر پێگە، بەرژەوەندی و كەسایەتییە دیارەكانی ئێمە، راستەوخۆ وەڵام دەدرێتەوە. كەواتە ھێرشەكەی ئێران وەك بەرپرسانی ئەو وڵاتە باسیان كردووە سنووردا بووە و زیاتر وەك پەیامەێك بووە، نەك ھەوڵدان بۆ ئەوەی زیانی گەورە بە ئیسرائیل بگەیێنێت. 

2-  یەكێكی تر لە ھۆكارەكانی ئەم ھێرشەی ئێران پاراستنی شكۆی خۆی بووە بەرامبەر دۆست و دوژمنەكانی. بەتایبەت ھێرشەكەی سەر کونسولگەریی ئێران و كوشتی فەرماندە گەورەكانی سوپای پاسداران، تارادەیەكی زۆر كاریگەری خراپی كردە سەر پێگە و ناوبانگ و بەرژەوەندییەكانی لە ناوچەكەدا. ھەر چەندە سیاسەتی ئێران زیاتر بەو ئاراستەیە كە لە رێگەی شەڕی بەوەكالەت و بەكارھێنانی ھێزە پرۆكسییەكانی دژی ئیسرائیل شەر بكات، بەڵام ئەم ھێرشەی ئیسرائیل وایكرد كە ئێران ناچار ببێت بۆ پاراستنی شكۆی خۆی و ناوبانگەكەی راستەوخۆ ھێرش بكاتە سەر ئیسرائیل. لەگەڵ ئەوەشدا، ئێران زۆر مەبەستی بوو ھێرشەكە بەشێوەیەك ئەنجام بدات كە زۆر سنووردار بێت و نەبێتە ھۆی ھەڵگیرسانی شەرێكی گەورە لە ناوچەكەدا. 

3- گوشارەكان لە سەر ئاستی ناوخۆی ئێران ھۆكارێكی دیكەی ئەم وڵامدانەویە بووە. بەتایبەت لە سەر ئاستی جەماوەری و لایەنگرانی رژێم گوشاری زۆر ھەبووە بۆ ئەوەی وڵامی ئیسرائیل بدرێتەوە بەرامبەر ئەو ھەموو ھێرشەی كە دەكرێتە سەر پێگە، بەرژەوەندی، سەركردە و زانا ئەتۆمییەكانی ئێران. لەم چوارچێوەیدا، ھەرچەندە روانگە و بۆچوونی جیاواز ھەبووە، بەتایبەت ریفورمخوازەكان لەگەڵ ھێرشەكەدا نەبوون و پێیانوابوو لە ئەگەرێكی وەھادا ئێران توشی زیانی گەورە دەبێت و ئەگەری وەشاندنی گورزی سەبازی گەورە لەلایەن ئەمریكا و ئیسرائیل شتێكی حەتمی دەبێت. بەڵام لایەنە تووندئاژۆكان لەگەڵ ئەوەبوون کە ئێران راستەوخۆ ھێرش بکاتە سەر ئیسرائیل. لەم چوارچێوەیەدا، گوشارە ناوخۆییەكان و ھەروەھا پێویستیی رژێم بۆ رازیكردنی خەڵك و  بەھێزكردنی پێگەكەی لە سەر ئاستی ناوخۆیی وایكرد ھێرشەكە ئەنجام بدات، بەتایبەت لە دوای كوشتنی قاسم سولەیمانی، لە سالی 2020 ، موحەمەد رەزا زاھیدی گەورەترین فەرماندەی سەربازی سوپای قودس بوو كە  لەلایەن ئیسرائیلەوە كوژرابێت. 

4- ئێران لە رێگەی ئەو ھێرشەیەوە ویستی نامەیەك بۆ ئەمریكا و دەوڵەتانی عەرەبی بنێرێت كە ئێران تواناییەكی زۆری ھەیە لەرووی تەكنەلۆژیای سەربازییەوە و دەتوانێت ھەڕەشەیەكی راستەقینە لە سەر بەرژوەندییەكانی دوژمنەكانی درووست بكات. ئەوەی راستی بێت ئەو ھێرشەی ئێران ترسێكی گەوەی بۆ دەوڵەتانی عەرەبی درووستكردووە، بەتایبەت ئەوانەی سیستمی بەرگریی بەھێزی ھاوشێوەی ئیسرائیلیان نییە و ھەست بە مەترسی گەورە دەكەن لەھەمبەر بەرەوپێشچوونی توانا سەربازییەكانی ئێران، بەتایبەت لە رووی مووشەك و درۆنەوە.

5-  ئێران دڵنیابووە لەوەی كە  ئەمریكا لەم كاتەدا ئامادە نییە وڵامی تاران بداتەوە و لەگەڵ گەورەبوونی شەڕ نییە، وەك زۆربەی بەرپرسانی ئەمریكا باسی دەكەن. بۆیە ئەمەیش یەكێك لەو ھۆكارانە بووە كە وایكرد ئێران بوێری ئەوە بكات ھێرش بكاتە سەر ئیسرائیل. ئەگەر ئێران لە سیاسەتی بایدن پشتراست نەبوایە، بەدڵنیاییەوە ھێرشی نەدەكردە سەر ئیسرائیل. بەڵام پێش ھێرشەكە ئێران لە رێگەی عومان و سویسرا  و توركیا پەیامی بۆ ئەمریكا ناردووە و تەنانەت دڵنیایی دابوو بە ئەمریكا كە ھێرشەكە زۆر سنووردار دەبێت و ئێران لەگەڵ ئەوە نییە شەرێكی گەورە لە ناوچەكە رووبدات. وەزیری دەرەوەی ئێران زۆر بە راشكاوی ئاماژەی بەو خاڵە كردووە كە پێش ھێرشەكە ئەمریكا ئاگادار كراوەتەوە. 

6-  لە دوای رووداوەكانی 7 ئۆكتۆبەری 2023 و دواتریش ھێرشی ئیسرائیل بۆ سەر حەماس، یەكێك لەو رەخنانەی كە بەردەوام لە ئێران دەگیرێت ئەوەیە كە ئێران دەستی ھەبووە لە ھاندانی حەماس بۆ ھێرشكردنە سەر ئیسرائیل و دواتریش لە بەرامبەر ھێرشی ئیسرائیل پشتی لە حماس كردووە. تەنانەت ئێران ھانی ھێزە پرۆكسییەكانیشی نەدا کە لە لوبنان بەرەیەكی دیکەی شەڕ لەگەڵ ئیسرائیل بكەنەوە. ئەمەیش والێكدراییەوە كە ئێران بوێری ئەوەی نییە راستەوخۆ ھێرش بكاتە سەر ئیسرائیل. بۆیە ئەمەیش دەكرێت ھۆكاریك بێت بۆ ئەم ھێرشەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، بۆ ئەوەی  پەیامیك بۆ ھێزە پرۆكسییەكانی بنرێت كە پشتیان تێناكات. 

سنوورداری ھێرشەكەی ئێران: ھۆكار و رەھەندەكان
سەرچاوەكان جەختیان لەوە كردووە كە بەرپرسانی ئێران پێش ھێرشەكە نامەیەكی تووندیان بۆ ئەمریكا ناردووە و تیایدا ھۆشداریان بە ئەمریكا داوە كە لە پلانەكەی ئیسرائیل دژی ئێران تێوەنەگلێت. ھەروەھا ئێران دڵنیایی دابوو کە ئەگەر ئەمریكا پاڵپشتی ئیسرائیل نەكات، ھیچ زیانی بەرناكەوێت. تەنانەت پێش ھێرشەكەش،CBS News   جەختی لەسەر ئەوە كرد كە ئەمریكا زانیاری وردی ھەبووە كە ئێران ئامادەكاری دەكات بۆ لێدان لە ئیسرائیل و چاوەڕوان دەكرێت لێدانەكە لە رێگەی درۆنی خۆكوژی شەھاب و  موشەكی بالیستی بێت. ھەروەھا وەزیری دەرەوەی ئێران باسی ئەوەی كرد کە سەبارەت ھێرشەكە پێش 72 كاتژمێر نامەیەكی گەیاندۆتە توركیا و دەوڵەتانی عەرەبی. لەلایەكی تریشەوە، چ پێش ھێرشەكە چ دوای ھێرشەكە، بەرپرسانی ئێرانی پێداگریان لەسەر ئەو خاڵە کردەوە كە ھێرشەكە سنووردار دەبێت و لەگەڵ گەورەبوونی شەڕەكە نین. لە راستیدا، لێرەدا ئەم پرسیارە درووست دەبێت بوچی بەردەام ئێران پێداگری لەسەر سنوورداریی ھێرشەكەی دەكردەوە؟ و ھۆكار و رەھەندەكانی پاڵ ئەم سیاسەتە چی بووە؟ بێگومان ھۆكارە سەرەكییەكانی سنوورداریی ھێرشەكەی ئێران و جەختكردن لەسەر ئەوەی كە ئێران لەگەڵ گەورەبوونی شەڕەكەدا نییە، بۆ ئەم خاڵانەی خوارەوە دەگەرێتەوە:

1- ئێران لەرووی ھێزی سەربازییەوە لەگەڵ ئیسرائیل بەراورد ناكرێت كە خاوەن چەكی زۆر پێشكەوتوویە و تەنانەت چەكی ئەتۆمی ھەیە. بۆیە مەبەستی ئێران لەو ھێرشە ئەوە بووە كە تەنیا پەیامێك بداتە ئیسرائیل بۆ ئەوەی لەوە زیاتر ھێرش نەكاتە سەر ئێران، نەك چوونە ناو  شەڕی راستەوخۆ  لەگەڵ ئەو وڵاتە. لەبەر ئەوەی ئێران باش دەزانێت كە ناھاوسەنگییەكی مەزن ھەیە لە رووی تەکنەلۆژیای سەربازییەوە لەگەڵ ئیسرائیل و لە ئەگەری روودانی شەڕ، توشی زیانی گەورە دەبێت و ناتوانێت شەڕی ئیسرائیل بكات.

2-  ئێران ترسێكی زۆر گەورەی ھەیە لەوەی ئیسرائیل ھێرشی سەربازی بكاتە سەر بەرنامە ئەتۆمییەكانی. بەتایبەت ئێستاشی لەگەڵدابیت بۆ راگرتنی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران، وەك بژاردە لەلایەن ئیسرائیل و ئەمریكا باسی دەكرێت. ھەر ئەم ترسەش وایكردووە كە ھێرشەكەی ئێران زۆر سنووردار بێت، بۆ ئەوەی ئیسرائیل بیر لە لێدانی بنكە ئەتۆمییەكانی نەكاتەوە.

3- ئێران ئەو راستییە دەزانێت كە ئیسرائیل ھاوپەیمانی زۆر بەھێزی ھەیە، بە تایبەتیش ئەمریكا و دەوڵەتانی ئەوروپا و لە حاڵەتی گەورەبوونی شەڕەكە، ئەو دەوڵەتانە راستەوخۆ یان ناراستەخۆ  یارمەتی ئیسرائیل دەدەن و دێنە ناو شەڕەكەوە، ئەمەش ھاوسەنگی ھێز زیاتر لە بەرژەوەندی ئیسرائیل دەگۆرێت و دەكرێت ئەمەیش ئێران توشی چارەنووسێكی ھاوشێوەی رژێمی سەدام بكاتەوە. تەنانەت وەك دیاربوو لە بەرپەرچدانەوەی مووشەك و درۆنەكانی ئێران، ئەمریكا و  دەوڵەتانی ئەوروپا روڵی گەورەیان گێرا. لەبەر ئەم هۆکارە، ئێران بەردەوام دڵنیایی داوەتە ئەو دەوڵەتانە كە ھێرشەكە سنووردار دەبێت. بەتایبەت جۆ بایدن لە  ١٣ی نیساندا باسی ئەوە دەكات ئەگەر ئێران گرژییەكان زیاتر بكات، ئەگەری دەستێوەردانی ئەمریكا لەدژی ئێران ھەیە.

4- مەترسییەكی تری ئێران ئەوەیە كە لە حاڵەتی گەورەبوونەوەی شەڕەكە و وەشاندی گورزی سەربازی لە پێگە سەربازییەكانی، لەوانەیە ھاوكات خەڵكی ئێران دەست بە خۆپیشاندان بكەنەوە و ئەمەیش دەكرێت سەر بكێشیت بۆ رووخانی سیستمی سیاسی لە ئێران. بەتایبەت بارودۆخی خەڵك زۆر خراپە و بەگشتی ھاوڵاتیان لە دەسەڵاتی ئێستای ئێران زۆر بێزارن و لە دەرفەتێك دەگەڕێن بۆ ئەوەی دژی بوەستنەوە. 

5- لەسەر ئاستی ناوچەكەش دیسان ئێران زۆر بە وردی ھەڵسەنگاندن بۆ ھاوكێشەكان دەكات و دەزانێت گەورەبوونی شەڕەكە زیانی زۆری دەبیت بۆ ھاوپەیمانەكانی لە عێراق، سوریا و یەمەن و لوبنان. بەتایبەت بە ئەگەری زۆر لە عێراق گروپە چەكدارە ھاوپەیمانەكانی دەكەونە بەر ھێرشی ئەمریكا و ئیسرائیل، و تەنانەت ئەگەری زۆر ھەیە ھاوكێشە سەربازی و سیاسییەكان لە عێراق دووبارە گۆڕانكاری بەسەردابێت، بە شێوەیەك کە لە بەرژەوەندی ئێراندا نەبێت. بۆیە بۆ ئێران زۆر گرنگە ئەو بارودۆخەی ئێستا لە عێراق ھەیە وەك خۆی بەردەوام بێت. هەروەها ئێران ترسی ھەبووە كە گەورەبوونی شەڕەكە وادەكات ھاوپەیمانەكانی لە لوبنان تووشی ھێرشی گەوەر بن لە لایەن ئەمریكا و ھاوپەیمانەكانی و گورزی گەوەر بەر حیزبوڵڵا بكەوێت  و بە دەردی حەماس بچێت و ئەمەش زیانی گەورەی بۆ ئێران و ھاپەیمانی دەبێت. بۆیە ئێران نایەوێت بە تایبەت لە ئیستادا، شەڕەکە گەورە ببێت و زیان بەر خۆی و ھاوپەیمانەکانی بكەوێت.

كاردانەوەی ئیسرائیل  و ھاوپەیمانەكانی بەرامبە ھێرشەكە

لە راستیدا ھێرشەكەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل كاردانەوەی زۆری لێكەوتەوە چی لە سەر ئاستی ئیسرائیل و چی لە سەر ئاستی دەرەكی. لەلایەكەوە، وەك ئاماژەمان پێكرد ئەگەر گوشارەكانی ئەمریكا نەبووایە بە ئەگەری زۆر ئیسرائیل گورزی كوشندەی لە ئێران دەدا. لەم رووەوە، كابینەكەی شەڕ لە ئیسرائیل لە سەرەتادا باسی زۆر بژاردەیان دەكرد. لەوانە لێدان لە بنكە ئەتۆمییەكان، پێگە ھەستیارە سەربازییەكانی ئێران، لێدان لە سیكتەری ئابووری و سەرچاوە و کێڵگە نەوتییەكان، لێدان لە پێگە سەربازییەكانی ئێران لە گەرووی ھورمز. بەڵام بە ھۆی گوشارەكانی بایدن، ئیسرائیل تەنیا ھێرشێكی زۆر سنوورداری كردە سەر سیستمی بەرگری ئاسمانیی ئێران لە ئەسفەھان. لە لایەكی تریشەوە، لەسەر ئاستی دەرەكی ئەمریكا و ھاوپەیمانەكانی بە تووندی ھێرشەكەی ئێرانیان ئیدانە كرد. لە دوای ھێرشەكە بایدن بە تەلەفون لەگەڵ نەتەنیاھۆ قسەی كرد و دوای لێكرد دانبەخۆیدا بگرێت و ھێرش نەكاتە سەر ئێران. بەتایبەت بایدن ئاماژەی بەوەكرد، ھێرشەكەی ئێران بە تەواوەتی شكستی ھێناوە لەوەی ئامانجەكانی بێێكێت و سەدا 99% مووشەك و درۆنەكانی ئێران خراونەتە خوارەوە. بایدن دوای لە ئیسرائیل كرد كارێك نەكات ببێتە ھۆی زیاتر گرژبوونەی ئاڵۆزییەكان لە ناوچەكەدا. ھەروەھا، بایدن زۆر بە راشكاوانە باسی ئەوەی كرد كە ئەمریكا بەشداری ھیچ ھێرشێك ناكات بۆ سەر ئێران. بەڵام، لەگەڵ ھەموو ئەمانەشدا، بایدن پاڵپشتی تەواوی خۆی بۆ بەرگریكردن لە ئیسرائیل دەربڕی.

لەلایەكی تریشەوە، لە بەیاننامەیەكدا جەیک سولیڤان راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا لە 14ی نیسانی 2٠٢4 رایگەیاند، سزای زۆرتر بە سەر ئیراندا دەسەپێنێت بەتایبەت ئەوەی پەیوەندی بە بەرنامەی مووشەكی و درۆنییەكانەوە ھەیە و لەم رووەوە، ئەمریكا كار دەكات بۆ لاواز كردنی توانا سەربازییەكانی ئێران. بە ھەمان ئاراستەش سەركردەكانی G7  كە ھەر یەك لە ئەمریكا، كەنەدا، ژاپۆن، فەرەنسا، ئەلمانیا و بەریتانیا و  ئیتالیا لەخۆ دەگرێت، لە كۆبوونەوەکەیاندا لە 15 نیسان بە تووندی ھێرشەكەی ئێرانیان ئیدانە كرد و پاڵپشتی تەواویان بۆ ئیسرائیل دووپات كردوە. ھەروەھا جەختیان لەسەر  ئەوە كرد كە ئەم ھەنگاوەی ئێران مەترسی گەورەی بۆ سەر ئاسایشی ناوچەكە درووستكردووە و ئەگەری لە كونتروڵ دەرچوونی ھەیە. ھەروەھا، لە بەیاننامەیەكدا كۆشكی سپی لە 14ی نیساندا رایگەیاند، ئەمەریكا و دەوڵەتە ھاوپەیمانەكانی رۆڵێكی سەرەكیان بینیووە لە خستنەخوارەوەی مووشەك و درۆنەكانی ئێران. لەلایەکی ترەوە، ئەنتۆنی بلینکن لە كۆبوونەیەوەكدا لەگەڵ سەركردە ئیسرائیلییە ئەمریكییەكان باسی ئەوەی كرد لە بەرژەوەندی ئەمریكا و ئیسرائیلدا نییە، وڵامی ھێرشەكەی ئێران بدرێتەوە، چونكە ھێرشەكەی ئێران شكستی ھێناوە. لەراستیدا ئەمریكا  ترسی لەوە  ھەبووە كە ئیسرائیل وڵاتەكەی راكێشێتە ناو شەڕێكی نەخوازراو لە ناوچەكەدا و جۆبایدن ئەمەی بە ھەندێك لە كەسە نزیكەكانی خۆی گوتووە. 

لەسەر ئەم پرسە، ئەنجومەنی ئاسایشی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان كۆبوونەوەییەكی بەپەلەی رێكخست. سەرەرای داواكارییەكانی ئەمریكا و ئیسرائیل بۆ ئیدانە كردنی ھێرشەكە، بەڵام ئەنجومەنی ئاسایش ئیدانەی ھێرشەكەی نەكرد و ھیچ پرۆژەیەكیش پێشكەش نەكرا بۆ ئیدانەكردنی ھێرشەكە. بەڵام ئەندامانی ئەنجومەنەكە جەختیان لەسەر ئەوە كردەوە، گرنگە بارودۆخەكە لەوە زیاتر گرژ نەكرێت. ھەروەھا، ئێران، چین  و روسیا پرۆتستۆی پاڵپشتی ئەمریكا بۆ ئیسرائیلیان كرد و رەخنەیان گرت لەوەی لە كاتی ھێرشی ئیسرائیل بۆ سەر کونسولگەریی ئیران ئیدانەی ھێرشەكەیان نەكرد. ھەروەھا، لێکدانەوەیان بۆ ھێرشەكەی ئیران کرد وەك مافێکی رەوای بەرگریكردن لەخۆ. لەم رووەوە، دەكرێت بڵێین رووسیا و  چین ھەر یەك بە زۆر ھۆكار پاڵپشتیی ئێران دەكەن. رووسیا لە رێگەی ئەم سیاسەتەوە لەلایەك مەبەستییەتی  پێگەی ئەمریكا و دەوڵەتانی ئەوروپا لاواز بكات و گوشاریان لەسەر درووست بكات بۆ ئەوەی یارمەتی ئوكرانیا نەدەن. لەلایەكی تریشەوە، رووسیا تێدەگات لەوەی كە تا چەند ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست قەیرانی تێبكەوێت لە بەرژەوەندی رووسیایە، چونكە ئەو كات كەمتر فۆکەسی ئەمریكا و دەوڵەتانی ئەورووپایی لەسەر ئۆكرانیا دەمێنێت. ئەمە بەدەر لەوەی کە لە شەڕی رووسیا-ئۆكرانیا لە رووی سەربازییەوە، ئێران یارمەتی زۆری رووسیا دەدات بەتایبەت لە پێدانی فرۆكەی درۆنی خۆكوژ كە دژی کیێڤ بەكار دێن. چینیش لە بە زۆر ھۆكار دژایەتی ئەمریاكا دەكات، بەتایبەت لە رووی ئابووری و سیاسییەوە ناكۆكی زۆر لە نێوانیاندا ھەیە. ھەروەھا ئێران لە ریزبەندی یەكەمین دەوڵەت دێت لە ھەناردەكردنی نەوت بۆ پەكین.  

لێككەوتەكان:

بێگومان وڵام و وڵامدانەوەكانی ئێران و ئیسرائیل دەرھاویشتە و لێكەوتەی زۆری ھەیە و لە سەر ئاستی ناوچەكە و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكانیش کاریگەری دەبێت. بەتایبەت یەكەمجارە ئێران بە شێوەیەكی راستەخۆ ھێرش دەكاتە سەر ئیسرائیل. گرنگترین لێككەوتەكان ئەمانەن:

1- شكستەكەی ئێران لە ھێرشە مووشەكی و درۆنییەكەی و وڵامدانەوەی ئیسرائیل و تێكشكاندنی سیستمی بەرگێری ئێران لە ئەسفەھان بێ ئەوەی رادارەكان توانایی ئاشكرا كردنی فرۆكەكانی ئیسرائیلیان ھەبێت،  وورەیەکی زۆری بە ئیسرائیل داووە  بۆ ئەوەی ھەر كاتێك مەبەستی بێت ھێرشی راستەوخو بكاتە سەر ئێران. بەتایبەت سەرچاوە ئەمریكی و ئیسرائیلییەكان جەختیان لەسەر ئەوە كردەوە كە لەلایەك،  نزیكەی 99% مووشەك و درۆنەكانی ئێرانیان خستووەتە خوارەوە، لەلایەكی تریشەوە، ئێسیرائیل لە وڵامی ھێرشەكەدا  ئامانجی خۆیان پێكاوە بێ ئەوەی رادارەكانی ئێران ئاگاداری بن. لەبەر ئەمە راستە نە ئێران و نە ئەمریكا لەگەڵ فراوانبوونی بازنەی شەڕەكە نین، بەڵام ھێشتا مەترسی فراوانبوونی بازنەی شەڕەكە ھەیە. بەتایبەت زۆر لە سەرچاوەكان باسی ئەوە دەكەن كە نەتەنیاھوو ھەوڵدەدات ئەمریكا لە شەڕێكی مەزن لە ناوچەكەدا تێوەبگلێنێت. 

2-  بەھێزكردن و تووندتر كردنی  ململانێ و تەوەربەندی  لە رۆژھەڵاتی ناوەراستدا یەكێكی تر دەبێت لە لێككەوتەكانی وڵام و وڵامدانەوەكانی تاران و تەلئەڤیڤ. لە دوای ھێرشەكەی ئێران زۆر بە روونی لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا ھەست بە تەوەربەندی و بلۆكبەندی دەكرێت. لە كاتێكدا رووسیا و چین  و سوریا پاڵپشتی لە ئێران و پرۆكسییەكانی دەكەن و ھاوپەیمانی ئێرانن. لەلایەكی ترەوە، ھاوپەیمانەكانی ئیسرائیل بەتایبەت ئەمریكا و دەوڵەتانی ئەوروپی و بەشێك لە وڵاتانی عەرەبی پاڵپشتی لە ئیسرائیل دەكەن. بێگومان ئەم تەوەربەندییە ململانییەكان لەسەر ئاستی ناوچەكە و نێودەوڵەتی تووندتر دەكات و مەترسی ئەوە ھەیە كە  دووبارە ھاوشێوەی جەنگی سارد رۆژھەڵاتی ناوەڕاست ببێتە ناوەندی ململانێ و شەری نێوان لایەن ھاودژەكان. بەتایبەت روووسیا بە ھۆی شەڕی ئوكرانیا و پاڵپشتی ئەوروپا و ئەمریكا لەو وڵاتە، زیاتر ئێران ھاندەدات كە ناوچەكە بەرەو گرژی ببات. بەھەمان ئاراستەش چین پاڵپشتی لە ئێران دەكات بە ھۆی كۆمەڵێك ھاوكێشەی سیاسی، ئابووری و بەرژەوەندیی نەوتیی خۆییەوە.

3-  ھێرشەكەی ئێران بۆتە ھۆی زیاتر لێكنزیكبوونەوەی دەوڵەتانی عەرەبی لە ئەمریكا. زۆربەی دەوڵەتانی عەرەبی نیگەرانن لە بەرەوپێشچوونی تەکنەلۆژیای سەربازی ئێران و دەستێوەردانەكانی لە ناوچەكەدا و پاڵپشتیكردنی گروپە پرۆكسییەكانی وپێیانوایە ئێستا ئێران بۆتە مەترسییەكی راستەقینەلە سەر  ئاسایش نەتەوەیی وڵاتەكەیان. بەتایبەت ھێرشكردنە سەر ئیسرائیل  لە رێگەی سەدان مووشەكی بالیستی و درۆنی خۆكوژ، مەترسی گەورەی لەلای ئەو دەوڵەتە عەرەبییانە دروستكردووە كە سیستمێكی بەھێزی بەرگریی ئاسمانی ھاوشێوەی ئیسرائیلیان نییە بۆ رووبەرووبوونەوەی ھەڕەشەكانی ئێران. ئەمەش وادەكات بۆ خۆپاراستنیان زیاتر لە ئەمریكا و ئیسرائیل نزیك ببنەوە و ھاوپەیمانی سەربازی لەگەڵیان درووستبكەن. سەرەتاكانی ئەو ھاوپەیمانەتییەش لە كاتی ھێرشەكەی ئێران دەركەوت كە بەپێی راپۆرتەكان چەند دەوڵەتێكی عەرەبی لەوانە سعودیا، ئوردن و میسر، بەشدار بوونە لە خستنەوەخواروەی بەشێك لە مووشەك و درۆنەكانی  ئێران. 

4- پێش ھێرشەكەی ئێران، گوشارەكان لە سەر ئیسرائیل زۆر تووندبوون بۆ ئەوەی كۆتایی بە ھێرشەكانی بھێنێت بۆ سەر كەرتی غەزە و تەنانەت لە سەر ئاستی كۆمەڵگەی نێودوڵەتی دژایەتی زۆری ھێرشەكانی ئیسرائیل دەكرا، بەڵام دوای ھێرشەكەی ئێران، ھاوكێشەكان گۆڕاون و دەستی ئیسرائیل كراوتەوە بۆ ئەوەی گورزی سەربازیی توندتر لە حەماس بدات و دەرفەتی زیاتری ھەبێت بۆ كوتایێھێنان بە دەسەڵاتی ئەو ھێزە چەكدارە. تەنانەت ئێستا نەتەنیاھوو خەرێكی جێبەجێکردنی پلانی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازییە بۆ ھێرشكردنە سەر رەفەح كە تاكە ناوچەیە لە كەرتی غەززە ئۆپەراسیۆنی تێدا ئەنجام نەدراوە. لەلایەكی تریشەوە، سەرچاوەكان ئاماژە بەوە دەكەن كە ئیسرائیل مەبەستییەتی سوود لە ھێرشەكەی ئێران وەربگرێت بۆ ئەوەی بەو بیانووە ھێرش بكاتە سەر حیزبوڵڵای لوبنان و ھەوڵ دەدات ئەو ھەڕەشەیەش لەكوڵ خۆی بكاتەوە. ئەوەی ئەم ئەگەرەش زیاتر بەھێز دەكات ئەوەیە ئێستا وەك جاران ئەمریكا دژایەتی ئەو ئۆپەراسیۆنە ناكات. 

5-  ھێرشەكەی ئێران بۆتە ھۆكارێك بۆ ئەوەی پرسیاری جدی درووست ببێت لەسەر سیاسەت یاخود پلانی كشانەوە و كەمكردنەوەی ھێزە سەربازییەكانی ئەمریكا لە عێراق و ناوچەكەدا. بە تایبەت بەشێك لە سەرچاوەكان ئاماژە بەو دەكەن ھێرشەكەی ئێران دەریخست كە پێگەی عێراق لە رووی جیۆپۆلەتیكییەوە چەند گرنگە بۆ پاراستنی بەرژەندییەكانی ئەمریكا و ھاوپەیمانەكانی و رووبەرووبوونەوەی ھەڕەشەكانی ئێران. بەتایبەت ئەمجارە عێراق یەكێك لە سەنگەرە ھەرە لە پێشەكان بووە بۆ پاراستنی ئیسرائیل و خستنەخوارەی مووشەك و درۆنەكانی ئێران لە رێگەی سیستمی  پاتریۆت كە ئەمریكا لە عێراق و كوردستان جێگیری كردووە. بە تایبەت بەپێی سەرچاوەكانی فوكس نیوز، ئەمریكا لە رێگەری سیستمی پاتریۆت كە لە عێراقدا جێگری كردووە رۆڵی ھەبووە لە شكستپێھینانی ھێرشەكەی ئێران. كەواتە ئەمەیش وادەكات ئەمریكا و ھاوپەیمانەكانی زیاتر پێداگر بن لە سەر مانەوەی ھێزەكانیان لە عێراق و نەكشانەوەیان.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP