دواین هەواڵ

تێگەيشتن لە ئيسرائيل؛ ڕەهەندی سەربازی و جەنگ

‌رەنج نەوزاد

پێش 2 هەفتە

ڕەهەندی سەربازی و جەنگ یەکێکە لە پایە سەرەکييەکانی ئيسرائيل، لەم ڕووەوە، ئەم دەوڵەتە نموونەیەکی دەگمەنە لە جيهاندا. دەوڵەتی ئيسرائيل لە ڕێگەی جەنگەوە دامەزراوە و هەر بەوەش ماوەتەوە و گەشەی کردوە. بە پێی پێدراوەکانی ئێستا، ئيسرائيل پێی وایە لە ئايندەشدا هەر بە جەنگ و شەڕ دەمێنێتەوە. ئەم پرسە لە ئيسرائيل، تەنيا پرسێکی سياسی و سەربازی نييە، بەڵکو بەشێکە لە سيستەمی کۆمەڵایەتی و ئابووری و کولتوری و یاسایی وڵاتەکە...

سوپای ئيسرائيل هەر دوای ماوەیەکی کەم لە ڕاگەياندنی سەربەخۆیی لە ١٩٤٨ دادەمەزرێت. ناوە فەرمييەکەی "سوپای بەرگريکردن لە ئيسرائيل"ە یان "سوپای بەرگری". بنەمای ئەم سوپایە لە ئەنجامی یەکگرتن و یەکخستنی ژمارەیەک ميليشيای چەکداریی جووەکانەوە درووست بوو، کە پێشتر شەڕی عەرەب و پاشان بەڕيتانييەکانيان دەکرد لە پێناو درووستکردنی دەوڵەتێک بۆ جووەکان. هەر لەگەڵ دامەزراندنيدا ئەم سوپا نوێيە چووە جەنگەوە دژ بە دەوڵەتانی عەرەبی (بەسەرکردایەتی ميسر). لای ئيسرائيل ئەم جەنگە پێی دەوترێت جەنگی سەربەخۆیی، لای عەرەب پێی دەوترێت نەکبە (النكبة). ئيسرائيل براوە بوو.

بە پێی یاسا، خزمەتی سەربازی لەو وڵاتەدا ئيجبارييە بۆ هەموو هاووڵاتييەکی کوڕ و کچ لە تەمەنی ١٨ ساڵييەوە. کچان بەلایەنی کەمەوە ٢٤ مانگ و کوڕان بەلایەنی کەمەوە ٣٢ مانگ دەبێت خزمەتی سەربازی بکەن. تەنيا چەند گروپێک بەخشراون و ناچار ناکرێن؛ وەک جووە حەريديميەکان (ئەوانەی ژیانيان تەرخانە بۆ ئاين) و عەرەبە مسوڵمانەکان. ئەمانە بە ئارەزوی خۆیانە خزمەتی سەربازی بکەن یان نا. کەمينە درووز و شەرکسەکانيش تەنيا پياوەکانيان ناچار دەکرێن بە خزمەتی سەربازی. لە ئێستادا هەوڵێکی زۆر هەیە کە جووە حەريديمييەکانيش ناچار بکرێن. چونکە کە ئيسرائيل درووست دەبێت ئەو گروپە ڕێژەیان نزيکەی ١٪ی دانيشتووانی وڵاتەکە بوو، بەڵام بە هۆی مناڵ خستنەوەی زۆر و زوو زەواجکردن، ڕێژەیان ١٣٪ی دانيشتووانی تێپەڕاندوە لە ئێستادا. ئەو جووە ئيسرائيليانەی کە دوو ڕەگەزنامەیان هەیە و لە دەرەوەی ئيسرائيل دەژين، ئەوانيش دەبێت خزمەتی سەربازی بکەن. ئەوەی خزمەتی سەربازی نەکات و، پاساوی تەندروستی و دايکایەتی و دەروونی نەبێت، ئەوا سزاکەی توندە و ماوەیەکی زۆريش دەخایەنێت.

ئيسرائيل خاوەنی نزيکەی ١٧٠ هەزار سەربازی بەردەوامە، هاوکات ٤٦٥ هەزار سەربازی یەدەگی هەیە. ئەو سەربازە یەدەگانەش، جگە لەوەی ٢٢ یان ٣٢ مانگ خزمەتی سەربازييان کردوە، هەر ماوەی جارێک، ئەگەر جەنگيش نەبێت، پێويستە بچنە سەربازگەکان بۆ ماوەیەکی کورت دووبارە ڕاهێنان بکەنەوە بۆ ئەوەی هەميشە ئامادە بن بۆ شەڕ. بۆیە هاووڵاتييەکی ئيسرائيل کە کارمەندی بانکە، یان مامۆستا، یان کرێکار... لە دۆخی جەنگدا، ڕاستەوخۆ وەک سەربازێکی شارەزا دەچێتە ناو گۆڕەپانی شەڕ. لە دۆخی جەنگدا، ئەو وڵاتە بچووکە کە دانيشتووانی ناگەنە ١٠ مليۆن، دوو مليۆنيشی عەرەب و مسوڵمانە، توانای هەیە زیاد لە نيوو مليۆن سەرباز ئامادە بکات. لە ماوەیەکی زۆر کورت، رۆژێک بۆ سێ رۆژ، دەتوانێت زیاد لە ٣٠٠ هەزار سەرباز ئامادە بکات بۆ جەنگ. وەک لەدوای هێرشەکەی حەوتی ئۆکتۆبەر ڕوويدا. هەر بۆیە، هەندێک سەرچاوە ئاماژە بەوە دەکەن کە لە جەنگی ٦٧ ژمارەی سەربازە ڕاهێنراوەکانی ئيسرائيل زیاتر بوو لە ژمارەی سەربازانی هەموو ئەو وڵاتە عەرەبييانە کە شەڕيان لە دژی دەکرد (ميسر و ئوردن و سووريا و عيراق بە هاوکاری چەندين دەوڵەت و گروپی عەرەبی و ئيسلامی تر)! ئەمە لە کاتێکدا تەنيا دانيشتووانی قاهيرە زیاترە لە دانيشتووانی هەموو ئيسرائيل!.

جگە لەوەی سەرەوە، ڕەهەندی سەربازی لە ديزاين و ژێرخانی شارەکانی ئيسرائيل بایەخی تايبەتی هەیە. ژمارەیەکی زۆر ژێرزەمين و تونێل هەیە بۆ هاووڵاتيانی مەدەنی، وەک مناڵ و پير و خێزانەکان... بۆ ئەوەی لە کاتی جەنگ هاووڵاتييان تا ڕادەیەکی زۆر پارێزراو بن لە مووشەک و بۆمبەکانی دووژمن. لەگەڵ ئەوەشدا چوار سيستەمی بەگری و دژە مووشەک و فڕۆکە هەیە لە شارەکان. لە کاتی شەڕدا سەربازەکان لە بەرەکانی جەنگ دەبن و مەدەنييەکان لە ژێرزەمين و شوێنە تايبەتەکانی خۆپاراستن. رێک پێچەوانەی حەماس و فەڵەستينييەکان و دووژمنەکانی ئيسرائيل.

هەر چەند سوپای ئيسرائيل بە فەرمی ناوی سوپای بەرگری لێنراوە، بەڵام لە ڕووی عەقيدەی سەربازييەوە، سوپایەکی هێرشبەرە. ئەمەش زیاتر پەيوەندی بە جوگرافيای ئيسرائيلەوە هەیە، کە ڕێگە بە بەرگری نادات لەبەر بچووکی و نەبوونی قووڵای. ڕووبەری ئيسرائيل نزيکەی نيوەی ڕووبەری هەرێمی کوردستانە، نەک باشووری کوردستان! جگە لەوەی فەڵەستين و فەڵەستنييەکانيش هەر لەناو ئەو وڵاتە بچووکەن. بۆیە لە زۆربەی جەنگەکان، خێرا هەوڵدەدات شەڕەکە بباتە گۆڕەپانی دووژمن. ئەمەش هۆکارێکە کە بایەخێکی زۆر تايبەت بە هێزی ئاسمانی دەدات. ئەم وڵاتە لەگەڵ ئەوەی دەتوانێت بە ئاسانی چەک لە ئەمريکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا و ڕووسيا بکڕێت، بەڵام خاوەن پيشەسازی و تەکنەلۆژیاییەکی پێشکەوتووی سەربازييە. بۆیە سەرچاوەی چەکەکانی ناوخۆ و دەرەوەیە، نەک تەنيا دەرەوە. تەنانەت وڵاتێکی گەورەی وەک هندستان، هەندێک چەک و تەکنەلۆژیایی سەربازی لە ئيسرائيل دەکڕێت! ئازەربيجان بەڕێژەی نزيکەی ٨٠٪ پشت بە چەکی ئيسرائيلی دەبەستێت.

خاڵێکی تر کە شایەنی ئاماژەپێکردنە لە عەقيدەی سەربازیی ئيسرائيل، ئەوەی ئاگاداری مێژووی شەڕ و جەنگەکانی ئيسرائيل بێت، دەرک بەوە دەکات کاتێک کە هێرش دەکاتە سەر دووژمنەکەی دوو تەکتيک پەيڕەو دەکات، یەکەم: هێرشێکی ورد و سەربازييە، بەو مانایەیی تەنيا گورزی بەهێز لە سوپای بەرامبەر دەدات بە کردنە ئامانجی فڕۆکەخانە و کۆگا و شوێنە ستراتيژييەکانی و، سەرکردە و پلەدار و کەسە گرنگەکانی سوپای دووژمن دەکووژێت. وەک لە جەنگی ٦٧ بەرامبەر بە سوپای ميسر، بەرامبەر ئێران و سەرکردەکانی پاسداران، لەم شەڕەی ئێستای بەرامبەر حيزبوڵاش تا ئێستا هەر ئەم تەکتيکە بەکاردەهێنێت. دووەم: هێرشکی گشتگير و کاولکارانە. بەو مانایەیی شار و وڵات و شوێنی دووژمن وێران دەکات. ژێرخانی مەدەنی و سەربازی دەکاتە ئامانج، ژیان لەو ناوچەیە دەخاتە ناو چەندين قەيرانی گەورەوە. ئەم تەکتيکە لە ٢٠٠٦ لە لوبنان بەکارهات، لەم شەڕەی غەززەش گەيشتە تروپک. ئەم تەکتيکەی دووەم، هەر چەند لە ڕووی نێودەوڵەتييەوە ئيسرائيل دەخاتە ژێر فشار، بەڵام لێکەوتەکانی زۆر بە سوود و گرنگن بۆ ئێسرائيل لە دوور مەودادا. لەم شێوازەی هێرشبردن، بەرامبەر وا لێ دەکات بۆ دەيان ساڵی تر دوای جەنگەکە خەريکی چارەسەرکردنی زیانە مرۆیی و ئابووری و ژێرخان و سەربازييەکانی بێت. وای لێدەکات جارێکی تر زۆر بە ورياییەوە جەنگ ڕابگەيەنێت دژ بە ئيسرائيل، یان هەر هەڵەی وا دووبارە نەکاتەوە.

ئيسرائيلييەکان بە سوپاکەیان دەڵێن "ئەو سوپایەیی کە نابەزێت" ئەمەش دەگەرێتەوە بۆ ئەو دەستکەوت و سەرکەوتنە گەورانەی لە مێژووی ئەم سوپایەدا هەیە. بە هۆی هێز و دڵسۆزی و عەقيدەی ئەو سوپایە لەناو ژينگەیەکی تەواو دووژمنکارانە و دژە جوو، ئەو دەوڵەتە درووست دەکرێت، نەک تەنيا ئەو دەوڵەتە دەپارێزێت، بەڵکو دووژمنەکانيشی تەمێ دەکات و خاکيان داگيردەکات. یەکێک لە خاسيەتەکانی ئەم سوپایە، ئەوەیە زۆر ئەستەمە خاک لەدەستبدات بە شەڕ، یان خاکی خۆی دەپارێزێت یان خاکی بەرامبەر داگيردەکات. هەر بۆیە بۆ دەرکردنی سوپای ئيسرائيل لە ناوچەیەک کە داگيریکردوە، پێويستە پەنا ببرێتە بەر ئامرازی دبلۆماسی و ئاشتييانە، نەک سەربازييانە. لە ٧٣ سووريا نزيک بووەوە لەوەی جۆلان بەدەست بهێنێتەوە، سوپای ئيسرائيل کشانەوە لەوێ. بەڵام دوای ماوەیەکی کورت لە هێرشێکی پێچەوانەدا، سوپای ئيسرائيل نەک هەر جۆلانی گرتەوە، بەڵکو ناوچەی تری داگيرکرد. پاشان بە ئامرازی دبلۆماسی لە ناوچەکەی تر کشایەوە و لە جۆلان مایەوە. ميسر هەموو هەوڵێکی سەربازی دا نەيتوانی سينا لە ئيسرائيل بسەنێتەوە، تا ئەو کاتەی لە کامپ دێڤد بە ڕێککەوتنی ئاشتی و ئامرازی دبلۆماسی سينای بەدەست هێنایەوە.

زۆرێک لە ئيسرائيلييەکان ناسناوی "بە ئەخلاقترين سوپای جيهان" بەکاردەهێنن بۆ سوپاکەیان. هەر چەند ئەمە زیاتر لە تێڕوانينی ناوخۆ و ئيسرائيلييەکانەوە ڕاستە، کە سوپایەکە بەوپەڕی ئەخلاقەوە بەرگری لە وڵات و هاووڵاتيانی خۆی دەکات. نەک بۆ ڕەفتارەکانی ئەو سوپایە لە بەرامبەر دووژمن و لە کاتی جەنگدا.

ئەم سوپایە بە گشتی لە مێژوويدا خاڵێکی لاوازی هەبوو، ئەويش ئەوە بوو کە لەبەر لایەنی ئابووری و دانيشتووان و جوگرافی ناتوانێت بۆ ماوەیەکی زۆر لە شەڕدا بێت و زیانی مرۆیی گەورەی بەربکەوێت. هەر بۆیە زۆربەی شەڕەکانی لە ناکاو و گورزی خێرا و ماوەیەکی کەمی دەخایاند و کۆتایی دەهات. لە حەوتی ئۆکتۆبەرەوە ئەوە دەرکەوت کە ئەو خاڵە لاوازەشی چارەسەرکردوە. دوای زیاد لە شەش مانگ لە جەنگ لە چەندين بەرەوە، دوای قوربانييەکی زۆر، کەچی دەيەوێت بەرەی تری شەڕ بکاتەوە و بەردەوامە لە هێرشکردن و گورزەکانی. ئەوا جيهان و خودی دووژمنەکانیيەتی لێی دەپاڕێنەوە و داوا دەکەن جەنگەکە کۆتایی بێت، بەڵام ئيسرائيل جارێ ڕازی نييە.
لەبەر ئەوەی لە جيهانی سياسەتدا مسۆگەری نييە، ئيسرائيلييەکان هەر چەند سوپایەکی بەهێزيان هەیە و نزيکترين و قووڵترين پەيوەندييان لەگەڵ ئەمريکادا هەیە، کە ئەگەر لە جەنگێکدا سوپای ئیسرائيل بشکێت، ئەوا ئەمريکا ڕێگە نادات ئەو وڵاتە خاک لە دەستبدات یان لەناو بچێت... لەگەڵ ئەوەشدا، بيريان لە بچووکترين ئەگەری نا واقعی کردوەتەوە کە کاتێک ئەگەر دۆخێک بقەومێت سوپاکەیان بشکێت و ئەمريکاش فريای نەکەوێت، بۆ ئەوەی لەو کاتەشدا دەوڵەتەکەیان هەر پارێزراو بێت لە لەناوچوون، بۆمبی ئەتۆمیيان درووست کردوە بێ ئەوەی ڕايبگەيەنن بە فەرمی. دەوترێت ئەو دەوڵەتە بچووکە خاوەنی زیاد لە ١٠٠ بۆمبی ئەتۆمييە، تەکتيکی و ستراتيژی. ئەمەش دواهەمين و بەرزترين پلەی رەدعی ئيسرائيلە بەرامبەر بە دووژمنەکانی کە دەيانەوێت بيسڕنەوە.

وەک دەردەکەوێت، ئيسرائيل دەوڵەتێکە کە لایەنی سەربازی و جەنگ و شەڕ، لە سەرەکيترين خاسيەتەکانييەتی، کەچی لەگەڵ ئەوەشدا دەوڵەتێک نييە سەرباز حوکمی بکات، بەڵکو حوکمێکی مەدەنی ديموکراسیانەی هەیە. ئەمەش پشتگيرييەکی گەورەی هاووڵاتيان و کۆمەڵگەی ئيسرائيلی بۆ سوپاکەی مسۆگەر کردوە، کە هۆکارێکی سەرەکييە بۆ بەهێزی ئيسرائيل و سوپاکەی.

هيچ دەوڵەت و گروپێکی عەرەبی و ئيسلامی، لە سعوودييە و تورکيا و پاکستان و ئێرانەوە تا دەگاتە داعش و تاڵيبان و حەماس... وەک ئيسرائيلييەکان شارەزا و ئامادەی شەڕ و جەنگ نين. ئەگەر وا نييە، ئەوە عەرز و ئەوە گەز، دەوڵەتێکی بچوک، نەک هەر دەوردراوە بە دووژمن، ناو وڵاتەکەش پڕە لە دووژمن. ئەوەی دەڵێت ئيسرائيل خۆی هيچ نييە تەنيا ئەمريکایە، ئەمە تێڕوانينێکی هەڵەیە. ئيسرائيل خۆی گرنگ و بەهێزە بۆیە ئەمريکا ئەو تێڕوانينەی بۆ هەیە. کاريگەری و ڕۆڵی جووەکان لە ئابووری و تەکنەلۆژیایی ئەمريکا، ڕۆڵی هەیە. خاوەن یەک سوپایە، نەک دەيان ميليشيای چەکداری وەک یەمەن و لوبنان و عيراق و ليبيا و سووريا و کوردستان... بۆیە ئەمريکا متمانەی پێ هەیە و هەموو جۆرە چەکێکی پێشکەش دەکات. ئەو سوپا بەهێزە، تەنيا هاووڵاتيان دەپارێزێت و پاسەوان و خزمەتکاری ئيسرائيلييەکانە و قاچی دووژمن دەشکێنێت، نەک وەک سوپای زۆربەی وڵاتانی عەرەبی و ئيسلامی یەک کەس دەپارێزن و مليۆنان هاووڵاتی خۆیان دادەپڵۆسێنن و بۆ دەرەوەش سەرکز و ترسنۆک. پاشان، تا ئێستا ئەمريکا جەنگی ڕانەگەياندوە بۆ بەرگريکردن لە ئيسرائيل لەو هەموو جەنگ و شەڕەی کە ئەنجاميداوە، لە کاتێکدا ئەمريکا جەنگی ڕاگەياندوە لە پێناو بەرگريکردن لە کوێت کە وڵاتێکی عەرەبی و مسوڵمانە. گەورەترين سەربازگەی سوپای ئەمريکا لە ئيسرائيل نييە، بەڵکو لە وڵاتێکی عەرەبی مسوڵمانە کە قەتەرە.

تێڕوانينی ئيسلاميانە و ئايدۆلۆژیانە بۆ ئيسرائيل، تێگەيشتنێکی زۆر هەڵە لەبارەی ئەو دەوڵەتە درووست دەکات. ڕێگری دەکات کە سوود لەو نموونە سەرکەوتوو و مەزن و ناوازەیە ببينرێت. هاوکات، بۆ خودی دووژمنەکانيشی دەبێتە مایەیی دۆڕاندنی هەميشەیی بەرامبەری، چونکە دووژمنێک نەيناسی و بە هەڵە لێی تێبگەيت، ناتوانرێت شەڕی بکرێت و لێی ببەيتەوە. بۆیە دووژمنانی ئيسرائيل لە ١٩٤٨ەوە تا ئەمرۆ لە شکستەوە بۆ شکستێکی تر دەڕۆن بەرامبەر ئەو دەوڵەتە بچووکە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP