دواین هەواڵ

یەک قەوارەیە و نابێ بە دوو

‌رێبوار حەمەلاو شوانی

13 کاتژمێر پێش ئێستا

 
بە هەڵوەستەکردن و گەڕانەوە بۆ مێژوو و خەباتى دەیان ساڵەى گەلى کورد ، وەک نەتەوەیەکى خاک و ماف زەوتکراوە ، دەبینین کە گەلى کورد بەردەوام خەباتى کردووە و قوربانیی بێ شومارى داوە تا بەرگرى لە مان و مافەرەواکانى خۆى بکات و بگات بە ئامانج و ئاواتە لەمێژینەکانى بەتایبەتى و دیارترینیان ، قەوارەیەکى سیاسیی سەربەخۆیە بۆ ئەوەى لە ژێر سایەى حکوومڕانى خۆیدا ژێر دەست نەبێ، بەتایبەتى کە ئێستا گەلى کورد  لە چوارچێوەى هەرێمێکى فیدراڵى هاتۆتەدى، بەڵام دروستبوونى ئەم قەوارەیە و دەستکەوتەکانى بە دەریایەک خوێن و قوربانیدانى ئەم کوردستان دروستبووە وکەس وەک دیارى و خێرى پێنەکردووە 
ئەم قەوارە و حکوومڕانییەکەى کە ماوەى 34 ساڵە ، نەتەوەیی کورد شانازى پێوە دەکات ، بەهەرێمى کوردستان ناسراوە و ددانپێنداراویی دەستوورى هەمیشەى عێراقى فیدراڵی و کۆمەڵگەى نێودەوڵەییە ، جگە لەوەى قەوارەیەکى یاسایی و دەستووریی و سیاسیشە ، بەرهەمى زیاتر لە سەد ساڵ خەبات و خوێنى هەزاران شەهید و ماندووبوون و خۆڕاگرى هێزى پێشمەرگەى کوردستانە و موڵکى کەس ولایەنێک نییە بیر لە لەتکردن و ناوچەگەڕێتى وشارچێتى و هەڵوەشاندنەوەى بکات 

ساڵانێکە کەسانێک و هەندێک لایەن هەن بە فیکەى نەیارانى کوردستان و بە دروشمى تێکدەرانە و رووخێنەرانە لە ژێر سایەى ئەو ئازادى و دیموکراسییەدا ، خەون بە تێکدان و لاوازکردن و لەباربردنى ئەم قەوارەیە و دەستکەوتەکانى و ئینجا سووکایەتیکردن بە پێشمەرگە ، خەبات ، سەرکردە مێژووییەکان و ئاڵا و هەموو پیرۆزییەکانى ئەم گەل ونیشتیمانە دەکەن

ئەوەى جێگەى هەڵوەستەکردنە ، ئەگەر سەردەمانێک جاش و بەکرێگیراوەکان سووکە شەرم و ترسێکیان هەبوو، ئێستا بەرۆژى رووناک و بێباکانە بەرامبەر بە خوێنى شەهیدان و بە ئاشکرا بوونەتە هەڕەشە بۆ سەر قەوارەى هەرێمى کوردستان و چاوساغى دوژمنان و ناحەزانى کورد ، چاویان لەوەیە بەڕێگەى دەسەڵاتى بەغداوە دەستوەردان لەکاروبارى هەرێمى کوردستان و پەرلەمان بکرێت ، بەڵام ئیرادەى گەلى کورد و خۆڕاگرى و پارتى و هەموو دڵسۆزان شکستى بەخەونەکانیان هێنا

قەوارەى دەستوورى هەرێمى کوردستان بە پێى ماددەى 117ى دەستوورى عێراق بە فەرمى دانى پێنراوە وەک هەرێمێکى فیدڕاڵى و دەسەڵاتەکانى لە چوارچێوەى عێراقێکى فیدراڵدا کار دەکات . ئەم قەوارەیە خاوەن پەرلەمان ، سەرۆکایەتى هەرێم، حکوومەتى کوردستان، هێزى پێشمەرگەیە . هەروەها لە چوارچێوەى دەستووردا دەسەڵاتى یاسادانان ،جێبەجێکردن و دادوەریی هەیە لە سەر بەشانەى کە دەسەڵاتى فیدراڵى نین یان هاوبەش 

گەلى کورد و هەموو هێزولایەنەسیاسییەکان لە نێو یەک کەشتیی دان و هەر جۆرە درز و لێکترازانێک ، بە بێ جیاوازى زیان بەهەموو لایەک دەگەێنێت ، بۆیە گرنگە و هەمووان کار بۆ ئەوە بکەن تاوەکو قەوارەى هەرێمى کوردستان بپارێزن و بەرپرسیارێتى مێژوویی هەڵبگرن و هەوڵ بدەن ئەم قەوارەیە پتەو و بەهێزتر بکەن ، دوور لە بەرژوەندى حزبایەتى و کەسى و پەلەش بکەن بۆ پێکهێنانى کابینەى دەیەمى حکوومەتى هەرێمى کوردستان بۆ ئەوەى کۆتایی بەو بەستەڵەکە سیاسییەى هەرێمى کوردستان بهێنرێت .

قەوارە و پەرلەمان و گشت دامەزراوەکانى سەرچاوەى سەروەریی هەرێمى کوردستانن ، بۆیە کاتێک دادگەى فیدراڵى ئەم ویستە نارەوایەى هەندێک کەس ولایەن ڕەتدەکاتەوە کە داواى هەڵوەشاندنەوەى کاراکردنەوەى پەرلەمانى کوردستانیان دەکرد ، ئەوەش ئاماژەیە بۆ دەستوەرنەدان لەسەروەرى قەوارەى هەرێم و دەستووریبوون و بەپارێزراوى مانەوەى دامەزاوەکانى ، بەتایبەتى کە هەموو ڕیکارەکانى کاراکردنەوەى پەرلەمانى کوردستان زۆر دیموکراسیانە و دروست بوو لە ڕووى دەستوورییەوە 

قەوارەى هەرێمى کوردستان یەک قەوارەیە و نابێ بە دوو و پیرۆز و هیواو ئومێدى هەر چوارپارچەى کوردستانە بەرهەمى زام و برینى ئەنفال و جینۆسایدى گەلێکى ستەملێکراوە و دەبێ بەخوێن وگیان وەک ڕۆح و چاوەکەمان بیپارێزین و نابێت ڕێگە بە کەسانێک خۆپەرست و خاکفرۆش و خۆفرۆش و مافیا بدەین یارى بە چارەنووسى گەلى کورد بکەن
زەروورەتێکى مێژووییە کوردستان تەبا و یەکدەنگ بێت ، نەک لێکترازاو و دابەش بێت ، چونکە بەهێزى کورد لە یەک قەوارەیی دایە ، چونکە دابەشبوون خەونى دوژمنان و داگیرکەران ،پێچەوانەکەشى بەرەو پێشبڕدنى دۆزى کورد ، کوردستان لە بەرژوەندى کەسى و حزبى زۆر گەورەترە ، بۆیە دەبێ بزانین کە قەوارەى  هەرێمى کوردستان یەکە و نابێ بە دوو و پارێزگاریکردن لێ ئەرکى هەموو کورد ولایەنێکى دڵسۆز و نیشتیمانپەوەرە

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP