لە دوای ڕاپەڕینی گەلی کوردستان، بە هەموو پێوەرێک دەبوو کوردی باشوور و هێزە سیاسی و سەربازییەکانی، لەگەڵ ڕابردووی پڕ لە ناکۆکی و شەڕ و پەرتەوازەییی خۆیاندا یەکلایی ببنەوە و بناغەی قۆناغێکی نوێ دابنێن؛ قۆناغێک کە لە دۆخی سروشتیی هۆبزی، واتە دۆخی شەڕی هەمووان دژی هەمووان، دەربازیان بکات و بیانگوازێتەوە بۆ ژیانێکی مەدەنی و سیاسیی هاوبەش.
یەکەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەرفەتێکی مێژوویی بوو بۆ کردنەوەی دەرگای پەیمانێکی کۆمەڵایەتی و سیاسیی نوێ؛ پەیمانێک کە لە ڕێگەیەوە لە دۆخی ململانێ و ناکۆکییەوە بگوازرێینەوە بۆ دۆخی دەوڵەتداری و دامەزراوەیی، لە جەوهەری نوێنەرایەتیی سیاسی و پێویستییەکانی حوکمڕانیی مەدەنی تێبگەین. پێویست بوو هەزار و یەک حیساب بۆ بێدەوڵەتیی نەتەوەکەمان بکەین و ئەوەمان لەبەرچاو بێت کە لە بەرامبەر ئەو هەموو مەترسی و ئاڵنگارییانەدا، ناکۆکیی ناوخۆیی چەندە دەتوانێت قەوارەی سیاسی و ئایندەی نەتەوەکەمان بخاتە مەترسییەوە.
بەڵام لەو تاقیکردنەوە مێژووییەدا سەرکەوتوو نەبووین. هۆکارەکەش ئەوە بوو کە پرۆسەی سیاسییەکەمان بە پرۆژەی حیزبی و کەسی گۆڕی. نەمانتوانی لە ژێر کاریگەریی کینە و گیانی تۆڵەکردنەوە و یەکترشکاندن دەرباز ببین و بناغەیەکی هاوبەش بۆ ڕێکخستنی ژیانی سیاسی دابنێین. لە ئەنجامدا، هەڵبژاردن و دامەزراوەکانی حوکمڕانی نەبوونە میکانیزمی چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان، بەڵکو ناکۆکییەکان خۆیان بوونە بەشێک لە پێکهاتەی دەسەڵات.
قسەکانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان دەربارەی یەکەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و بەرئەنجامەکانی، کە ئەو هەڵبژاردنەی بە ساختە ناوبرد و ئاماژەی بەوە کرد کە حوکمڕانیی نێوان پارتی و یەکێتی لە ڕاستیدا بە ڕێککەوتنی دوو حیزبەوە بەڕێوە دەچێت، ڕەهەندێکی گرنگی ئەم واقیعە سیاسییە ئاشکرا دەکات.
کە چۆن لە هەرێمی کوردستاندا بە ڕوواڵەت نەبێت هەڵبژاردن دەسەڵات دیاری ناکات، بەڵکوو ڕێککەوتنی حیزبەکان بڕیار لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردن دەدات!
ئەوەی لە ماوەی ئەم ساڵانەشدا ڕوویداوە ئەوەیە کە هەڵبژاردن زۆرجار بووەتە پڕۆسەیەکی ڕواڵەتی بۆ نوێکردنەوەی ڕەوایەتیی حوکمڕانیی نوخبە حیزبییەکان، نەک میکانیزمێکی ڕاستەقینە بۆ گۆڕینی دەسەڵات و گەڕاندنەوەی بڕیاردان بۆ دەنگی هاوڵاتیان. بە واتایەکی تر، کوردستان لە زۆرێک لە قۆناغەکانی خۆیدا بە ڕێککەوتنی حیزبەکان بەڕێوە چووە، نەک بە دەستوور و یاسا و بەرئەنجامی هەڵبژاردنەکان.
کاتێک هەڵبژاردنیش نەتوانێت ببێتە میکانیزمی چارەسەرکردنی ناکۆکییە سیاسییەکان، پەرلەمان نەتوانێت دەسەڵاتی خۆی پیادە بکات و حکوومەتیش لە ڕاستیدا نوێنەرایەتیی یەکگرتووی دەسەڵات نەکات، ئەوا کێشەکە لە سنووری ناکۆکیی حیزبی تێدەپەڕێت و دەبێتە قەیرانێکی دامەزراوەیی.
ئەم واقیعە پەیامێکی ڕوونی هەیە ئەویش ئەوەیە کە: پارتی و یەکێتی نە بە چەک و نە بە ململانێی سیاسی و نە بە هەڵبژاردن نەیانتوانیوە ناکۆکییە بنەڕەتییەکانی نێوان خۆیان یەکلایی بکەنەوە. دەوروبەری سیاسی و ناوچەییی ڕێگە بە چارەسەرێکی یەکلایەنە و زاڵبوونی لایەنێك بەسەر ئەوی تردا نەداوە.
لەبەر ئەوە، ئەگەر بە ڕاستی ویستمان لە بازنەی قەیران و بنبەستی ئێستا دەرباز ببین و ڕێگری لە داڕووخانی زیاتر بگرین، ڕێککەوتن دەبێتە تاکە ڕێگەی بەردەست؛ بەڵام نەک ڕێککەوتنێکی کاتی و تاکتیکی بۆ دابەشکردنی دەسەڵات، بەڵکو ڕێککەوتنێکی ستراتیژی و نیشتمانی بۆ دانانی بناغەیەکی نوێ بۆ حوکمڕانی وچوونە ناوقۆناغێکی نوێوە، بەحوکمی ئەوەی حوکمڕانی جووت حیزب لەفۆرمە پێشووەکەیدا شکستی خواردوو گەیشتە بنبەست و ئاسان نییە چیتر بەشێوازی پینەو پەرۆی رابردوو درێژەی پێ بدرێت.
جێگرەوەی ئەم ڕێککەوتنە، قومارکردنە بە چارەنووسی قەوارەی هەرێمی کوردستان و گەلەکەی، هەروەها کردنەوەی دەرگای سازش ودەستێوەردان و یاریکردن بە چارە بەچارەنووسمانە بۆ پایتەختەکانی دەوروبەر. چونکە کاتێک ناکۆکیی ناوخۆیی نەتوانرێت بە میکانیزمێکی سیاسی و نیشتمانی چارەسەر بکرێت، ئەوا بوار بۆ دەستێوەردانی دەرەکی و لاوازکردنی قەوارەی سیاسیی هەرێم زیاتر دەبێت، تائاستی کۆتایپێهێنان یاخود بێ ناوەرۆککردنی لەناوەوە.
ڕێککەوتنیش لەگەڵ دەست شکاندنەوە و گیانی سووکایەتیپێکردن و خۆسەپاندندا ناگونجێت. ڕێککەوتن پێویستی بە داننان بە لایەنی بەرامبەر و مافی هاوبەشی لە بڕیارداندا هەیە. ئەگەر هەر لایەنێک وا دابنێت کە دەتوانێت بە فشار و خۆسەپاندن لایەنی بەرامبەر ناچار بکات بۆ قبووڵکردنی خواستەکانی، ئەوا ئەوە نەک هەر ڕێگەی چارەسەر نییە، بەڵکو درێژکردنەوەی قەیرانەکەیە چوونکە هەر لەبنەرەتەوە کەرەسەی کارێکی لەوجۆرەی لەبەردەستدا نییەو دەبێت گرەو لەسەر ئایندەیەکی نادیار بکات لەسەر حسابی ئێستا.
بابەتەکە ش زۆر گەورەترە لە ململانێی پارتی و یەکێتی. چوونکەئەوەی لە مەترسیدایە تەنها پێگەی حیزبێک یان سەرکردەیەک نییە، بەڵکو قەوارەی سیاسیی هەرێم، متمانەی کۆمەڵانی خەڵك، ئایندەی حوکمڕانی و چارەنووسی نەتەوەکەمانە.
بۆیە پێویستمان بە ڕێککەوتنێکە کە لە قۆناغی دووەمدا لە سنووری سازشی دوو حیزب تێبپەڕێت و ببێتە پەیمانێکی نوێی کۆمەڵایەتی و نیشتمانی، پەیمانێک کە دەسەڵات لە حیزبەکانەوە بگوازێتەوە بۆ دامەزراوەکان، پەرلەمان و حکوومەت لە ژێر دەستوور و یاسادا جێگیر بکات، هەڵبژاردن بکاتە سەرچاوەی ڕەوایەتیی دەسەڵات و مافی هاوڵاتی بۆ چاودێری و گۆڕینی حوکمڕانی مسۆگەر بکات.
ڕێککەوتنیش بۆ ئێمە تەنها بژاردەیەکی سیاسی نییە، بەڵکو پێویستییەکی نیشتمانی و مەرجێکی سەرەکییە بۆ مانەوە و بەردەوامیی قەوارەی هەرێمی کوردستان. ئەگەر دوو حیزبەکەش ئەمڕۆ نەیانتوانی لەسەر بناغەیەکی هاوبەش کۆببینەوە، سبەینێ لەوانەیە هیچ کامیان توانای بڕیاردان لەسەر چارەنووسی خۆیان نەبێت، چ جای گەلەکەیان یاخود لەم روەوە نەتوانن وەك پێویست رووبەرووی هەرەشەکان ببنەوەو سوود لە دەرفەتەکان وەربگرن. ماوەتەوە بڵێین ناوچەکە لەبەردەم گەورەترین ساتەوەختی وەرچەرخانی مێژوویی خۆیدایە، نەتەوەو دۆزەکەمان لەناوجەرگەی رووداوەکاندایە، جارێکیتر هێزو چوارچێوەو هاوسەنگی ودۆخەکان وچارەنووسمان پێناسە دەکرێنەوە، هەربۆیە ئەوەی روودەدات فۆرمێکە لەسەرگەردانی سیاسی و قابیلی تێگەیشتن نییە ودرێژەپێدانی واتا بۆزۆرشت ناهێڵێتەوە و پێویستە لێرەدا بووەستێت و هەوڵی رێکەوتن بدرێت.