دواین هەواڵ

دوو ھەرێم بەڵام بەم مەرجە

‌تەنیا کوردی

3 کاتژمێر پێش ئێستا

با خەیاڵێک بکەین، ئەگەر دوو ھەرێمی بەم شێوەیە بووایە، کە کەرکووک و خانەقین بگەڕانایەتەوە سەر سلێمانی و شنگال و مەخمووریش تا سنووری مووسڵ بگەڕایەتەوە سەر هەولێر، بێگومان دەبووە دیارییەکی زێڕین و کەس لەسەر ئەم دوو ھەرێمە گلەیی نەدەبوو لەم حاڵەتەدا، جوگرافیایەکی فراوانتر و بەهێزترمان دەبوو، بەڵام با راستگۆیانە بیڵێین، دابەشبوونی هەرێمی کوردستان بەم جوگرافیایەی ئێستا ھەیە بەم چوار پارێزگایە ھەولێر و سلێمانی و دھۆک و ھەڵەبجە، بۆ دوو هەرێم، وەک ئەوە وایە خۆمان ئەزموونەکە بخەینە زیندانێک و کلیلەکە بدەینە دەستی دراوسێکانمان جا ئەوانیش خۆیان ویژدانیان چارەنووسمان بە کوێ دەگەینن.

یەک یاسای زێڕین هەیە: ئەو شوێنەی کە تۆ خۆت نەتوانیت بە یەکپارچەیی بیپارێزیت، نەیارەکانت بە زەردەخەنەیەکەوە دەڵێن ئەمەیە حکومڕانی و دەوڵەتداریتان، کاتێک لە ناوخۆدا نەتوانرێت بە یەک چاو و بە یەکپارچەیی تەماشای خاوەندارێتی ماڵەکە بکرێت، دراوسێکانت زۆر بە میهرەبانییەوە دێن و دەڵێن: لای ڕاستی ماڵەکە بۆ من و لای چەپیشی بۆ ئەوی تریان.

باشترین و تاکە بژاردە پێش ئەوەی درەنگ بێت، گەڕانەوەیە بۆ خاڵی دیالۆگ و دروستکردنەوەی کۆدەنگیی نیشتمانی. هێزە سیاسییەکان دەبێت تێبگەن کە کاتێک لە خەوی دوو هەرێمی و لەتکردنی قەوارەکە بەئاگا دێینەوە، دەبینین زۆر شت لە دەستچووە و قەرەبووی سەختە.

دەرفەتی راستەقینە بۆ ئەم قۆناغە ئەمەیە کە ھەموو لایەک بگەڕێنەوە بۆ ئەو گوتارەی کە ھەمیشە سەرۆک نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان دەڵێ کوردستان یەک زۆنە.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP